زۆر لە سەرچاوەکان کە دێنە سەر باسی وشەی #کەرکووک# تێکەڵاوییەک درووست دەکەن و ناتوانن بگەنە سەر بنەڕەتی وشەکان بۆیە سەیر دەکەین لێکۆڵینەوەکانیان تێکەڵاوی تێدا درووست دەبێت و وشەکە بە بارێکی تردا ئاوەژوو دەکەن، ئەو مەبەستە ڕێکوپێکە بە دەستەوە نادات کە پێویسته.
ئەمەش چەند نموونەیەکی ئەم ڕا و بۆچوونانەیە ناتوانین بگەینە شارەزایی تەواو دەربارەی وشەی کەرکووک بە شێوەیەکی نەگۆڕ و چەسپاو (واقیعانه)، ئەوەی کە باسی دەکرێت تەنیا بریتییە لە ئەگەر (إحتمالات)و بە نزیکبوونەوە (تاویلات).
خوالێخۆشبوو دکتۆر مستەفا جەواد بەم شێوەیە باسی دەکات:
ناوی کەرکووک کە سێ پیت لە پیتی کاف کۆی کردووەتەوە دادەنرێت بە ناوە دەگمەنەکان، کە بنەڕەتەکەی دەگەڕێتەوە سەر زمانی ئارامی.
یان:
ناوی کەرکووک بە پێچەوانەی هەر یەکە لە ناوی #هەولێر# و #نەینەوا# ، ناگەڕێتەوە سەر بنەڕەتێکی مێژوویی هەرچەندە دەگەڕێتەوە سەردەمێکی زۆر زوو بەڵگەی بوونی قەڵا لە کەرکووکدا بنەڕەتێکی کۆنییەکەیەتی.
یان: وشەی کەرکووک ئارامى بێت یان (ئاری -سامی) کە دەبینرێت لە بەکارهێنانی ناوی هەندێک ناوى (قەڵا -قلاع)ی خوارەوە کە ئەمە وای بەدەر دەخات کەرکووک قەڵا بووبێت.
ئەمانەی کە باسمان کرد نموونەی خەروارێکە هۆی ئەم تێکەڵاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە لە تێکەڵاوکردنی بنەڕەتی دۆزینەوەی ناوی کەرکووک و دەوروبەرەکەی.
1-نەشارەزایی لە بنەڕەتی وشەکە و شی نەکردنەوەی لەلایەن پسپۆڕی شارەزای زمان و مێژوو، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ نەبوونی زانیاری دەربارەی ئەو زمانانەی کە لە ناوچەکەدا بەکار هاتوون.
2-زاڵبوونی بیری دەمارگیری و ناوچەگەرێتی نەتەوەیی، چەند کەسێک وای کردووە کە وشەکە نەتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاستبێژەتی بکەن و نەگەڕانەوە بۆ سەردەمە مێژووییەکان، بە تایبەتیی ئەم دەمارگیرییە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتیدا زیاتر تەشەنەی کردووە و کوێرانە سەروگوێلاکی وشەکەیان تێکداوە.
3-نەدۆزرانەوەی سەرچاوەی پێویست لە شارەکەدا لە سەردەمی گۆتی و لۆلۆیی و (هوری-میتانی)و کاشییەکاندا چ لە ڕووی زمان و چ لە ڕووی مێژووەوە بۆ بەراوردکردنی بوونی بنەڕەتی و وشە کە هەرچەندە کە زمانە ناوخۆییە سوبارییەکە بەڵگەیەکی گرنگی ئەو سەردەمەیە بەڵام دۆزرانەوەی سەرچاوەی ئەم زمانە زیاتر بەراوردی وشەکانی ڕوون دەکردەوە و لە ناوەرۆکی بنچینەی درووستبوونی زمانە ناوخۆییە سوبارییەکەدا.
4-نەبوونی سەرچاوەی تێر و تەسەل لەسەر مێژووی شارەکە لەلایەن پسپۆڕی شارەزا لە مێژوو، کە ئەمە وای کردووە سەرچاوەکان تەنیا لەم سەردەمەی ئێستاماندا بە دەست بکەوێت و سەرەدەمە مێژووە زووەکان پشتگوێ خراوە و هیچ شتێکی وای لێ نەنووسراوە تا بتوانین لە بەکارهێنانی بەراوردە مێژووییەکاندا بەکاری بهینین بەهۆی زاڵبوونی هێزی دەمارگیری هەندێک لە نووسەرەکان وای کرد و هەریەکە لە بنەڕەتی وشەکان بەپێی زمانەکەی خۆى شیبکاتەوە بۆیە وشەکە لەنێوان کوردی و عەرەبی و تورکمانی و ئارامی و ئاسووری دا هەڵبەز و دابەزی پێ دەکرێت و هەندێکیان نایانەوێت ڕاستی گۆڕانکارییە مێژووییەکە لە ڕووی زمانەوە شی بکەنەوە و تەنیا هەستی سیاسییەکەی سەردەم زاڵی بەسەریدا و هەموو بارەکانی تر خراونەتە ژێر لێوەوە و بووەتە قوربانی گۆڕانکارییە سیاسییەکه.
دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستییە بنەڕەت و لێبوونەوەی ناوی کەرکووک چەند دەورێکی مێژوویی پێدا تێپەڕیووە کە لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا گۆرانی بەسەردا هاتووە دوور و نزیک تووشی سووان و داتاشین بووه.
کەرخو، کرکی، کەرخا، کەرەک، کەرەخ، کەرخی، کەرخ سلوخ، کر، گرگر، کەرخینی، کەرخیتی، ئەربەخ، ئەراپخا، ئەرابخا، کووکورا، کەرکینی، ئەرابخیوس، نوزی، گا-سوور، غا-سوور، کارى کووک، ئال
ئیلانی، ئال-تشینوی، کارگورد، کارگود، کاروت.
هەموو ئەم ناوانە بە کەرکووک و دەوروبەرەکەیان هاتووە و دوور و نزیک ناوچە و فەرمانڕەوایی سەر بە ئاقاری کەرکووک بوونە و لە سەردەمە جۆربەجۆرەکاندا شێوە جیاجیای فەرمانڕەوا و بەڕێوەبەری شارەکە بوونه، بۆ ساغ کردنەوەی وشەی کەرکووک پێویستیمان بەوە هەیە بکەوینە شیکردنەوەی قۆناغە مێژووییەکان و دەوروبەرەکەی لە ڕووی دابەشبوونی سەردەم و چاخە مێژووییەکانی و دابەشبوونی ئەم سەردەمانە بۆ گۆڕانە مێژوویی و جوگرافیایی و زمانەوانی ئەم وشەیە و شیکردنەوەی ئەو گۆڕان و سووانەی تووشی بووە لە درووستبوونی قۆناغە مێژووییەکاندا و هاتنە پێشی ئەم ناوە لەم سەردەمەی ئێستاماندا و جێگیرکردنی بە شێوەی وشەی کەرکووک.
هەر لە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە ناوچەیەکی ئاوەدان بووە و شارستانییەتی تێدا گەشەی کردووە لەبەر ئەوە گۆڕانکارییە مێژووییەکان دەوری خۆیان بینیوە لە موتوربەکردنی وشەکە و درووستبوونی گۆڕانکاری لەنێوانیدا، کۆنترین سەردەمێک ئاوەدان بووە سەردەمی گۆتییەکان بووە کەرکووک بنکەی فەرمانڕەوایەکەیان بووە بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا لەسەرتاپای کوردستاندا سەرچاوە ی پێویست دەربارەی نەدۆزراوەتەوە و ئەوەی بە دەستمانەوەیە لەبارەی زانیاری زمانەوانییەکە و وەکوو پێویست نییە و ئەوەی گەیشتووەتە دەستمان ئاوەدانی (ئەراپخا)زیاتر بەدیار دەکەویت وەکوو بەکارهێنانی وشەی زمانەوانی تر کە لەوانەیە لە دوارۆژدا زانیاری زیاتر بدۆریتە وە بۆ پاڵپشتی وشەی زمانەوانی تر لەسەر بنەڕەتی وشەی (کەرخو یان کەرخی)کە زمانە ناوخۆییە سووبارییەکە لەو کاتەدا گەشەی کردبوو پارچەیەکی زمانەوانی یەکگرتوو بوو، بەڵام سەرچاوەی پێویست تاکوو ئێستا کە نەدۆزراوەتەوە بۆیە بمانەوێت و نەمانەوێت شارەکە ئاوەدان بووه، شکی تێدا ناهێڵیت کە گەشەی زمانەوانیش شانبەشانی گەشەی
کردووە چونکە بنکەی بەڕێوەبەری گۆتییەکان بووه.
لە سەردەمی سۆمەری و ئەکەدییەکاندا دیسانەوە سەرچاوەی پێویست بەدەستمانەوە نییە بەڵام دەگەینە ئەو ڕاستییە کە وشەی (کەرخو)لە پێش ئەواندا بەکارهاتووە و لەو کاتەدا سووکە گۆڕانکارییەکی زمانەوانی درووستکردووه.
بەڵام (کەرخو)کە بەرانبەر زاراوەی ئەکەدی (دورو)ە، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە سەر بێژە (سوباری)یه، ناوخۆییە گەشە بووە کە چەند جارێک بینراوە لە بەکارهێنانی ناونانە جوگرافییەکاندا بەشێوەی (دیمتو کەڕخی شیلواخویە )مانای (قەڵای شوورە دراو)دەیەنێت ئەمانە هەمووی نووسراوەتەوە لە تابلۆکانی (نوزی)لە لای دەوروبەری کەرکووک.
لە سەردەمی کوڕی پاشا (شیلوا-تیشوپ)، پێش گەشیتنی ئارامییەکان بۆ ئەو ناوچەیە بە ماوەیەکی زۆر درێژ بەکارهێنانی زاراوەی (کەڕخا-سلوخ)هاوسەردەمی هیلینییەکانه.[1]