ناوی نووسەر: #سارای پایز#
ڕۆژی نووسین: #15-08-2021#
بەشعرەکۆنەکاندا ئەچمەوە،
وەک دواین پیاچوونەوەی خوێندکارێک
بەوانەی مێژوودا،
لەناو شعرەکانمدا
لەناو سندوقی
گەڵا زەرد هەڵگەڕاوەکانی پایزدا
بۆ بیرەوەریەک ئەگەڕێم
بۆنی تۆی لێبێت،
بۆ ترێی شیرینی ئەو ڕۆژگارە دەگەڕێم
کەتۆ هی من بوویت و
شەرابی ئەوڕۆژگارە تاڵانە دەدۆزمەوە،
کەتامی تێگەیشتنی هی من نەبوونت ئەدات...
بەشعرە کۆنەکاندا دەچمەوە
دیوانەکەم لەتۆزو گەردی تۆ
دەتەکێنم .
یەکەم دێری ئەوشعرە دەدۆزمەوە
کەوەک پرچی سپیم هۆنیتەوە
وەک تەناف منی بەخۆتەوە
پێ ببەستیتەوە،
بەشعرە کۆنەکاندا دەچمەوەو دەمەوێت
وەک ئەو ژنەی ژوور بەژووری ماڵەکەی بۆجەژن پاک دەکاتەوە
دیوانەکەم لەگەردی بونی تۆ،
پاک کەمەوە
دەمەوێت، تۆ لەهیچ دێڕێکدا نەهێڵم
لەپشتی هیچ وشەیەکەوە نەشارمەوە
بەشعرەکانمدا ئەچمەوەو
تۆ لەچنگی وشەکان دەردەهێنم
تۆ لە دیدی خوێنەرەکان دەسێنمەوە
کەلەمن زیاتر دەتناسن
دواهەمین جار کەبەدیوانەکەمدا دەچمەوە
دەبینم پەرەکانی دیوانەکەم
وەک سەری من و بەختی تۆ
سپی سپی بووە،
نەتۆی تیاماویت و نە وشە
[1]