=KTML_Bold=سبەی ئەمەریکییەکان چۆن سەرۆک هەڵدەبژێرن؟=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
سبەی (سێشەممە) ڕێکەوتی (#03-11-2020#) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لە قەڵەم دەدرێت، ئەویش بەهۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەڕڵەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمەریکادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن.
لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ویلایەتەکە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا:
=KTML_Bold=یەکەم/ پلانی ڤێرجینیا:=KTML_End=
ئەم پلانە لەلایەن (ویلایەتە گەورەکان) پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونکە ئەم (ویلایەتە گەورانە) ڕێژەی دانیشتووانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز بوو، بۆیە داواکار بوون ئەوان ڕۆڵ و کاریگەر زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێک هاتووە لە (435) ئەندام، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دابەشکراون، بۆیە ویلایەتە گەورەکان ئەندامەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زیاترە لە ویلایەتە بچووکەکان.
=KTML_Bold=دووەم/ پلانی نیوجێرسی:=KTML_End=
ئەم پلانە لەلایەن ویلایەتە بچووکەکان پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجوومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونکە لە ئەنجوومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەکان بەیەکسانی دابەشکراوە لەنێوان ویلایەتە گەورە و بچوکەکان، واتە هەر ویلایەتێک (2) ئەندامی لە ئەنجوومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران (100) ئەندامە کە نوێنەرایەتی (50) ویلایەت دەکەن.
لە دوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان (ویلایەتە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی هەردوو پلانەکەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتییە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+1) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
گەورەیی عەقڵی (باوکانی دامەزرێنەر) هۆکار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لەنێوان دەنگی (ویلایەتە گەورە و بچوکەکان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میکانیزمە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە شێوەیەک کە پێویست دەکات لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی، بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا، گرنگی بە دەنگی هەموو ویلایەتە (گەورە و بچوکەکان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستووری ئەمەریکادا ڕەنگ ڕێژ کرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک (سەرۆک و جێگری سەرۆک) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەکی هەڵبژێردرا و کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە جۆرێک نابێت (سەرۆک و جێگری سەرۆک) خەڵکی هەمان ویلایەت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستووری ئەمەریکا، کەواتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئەمەریکا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردرا و دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەممەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوەڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک.
داهێنانی ئەم میکانیزمە لە لەلایەن باوکانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو کاتەدا زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا نەخوێندەوار بوون و ڕێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێکهاتەی گەورەی کۆمەڵگەی ئەمەریکا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو ئەوانیش (ئەفریقیە ئەمەریکییە ڕەش پێستەکان کە لەو سەردەمەدا کۆیلە بوون هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنیا ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، کەمینەیەک بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵک) ئەو کەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن کێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن؟
بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەش پێستەکان زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، پاشان کۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆکی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینکن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستووری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەکان بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستووری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئەمەریکا.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا (214) ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی مافی دەنگدانیان هەیە، تاکوو نووسینی ئەم وتارە نزیکەی (100) ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی دەنگدانی پێشوەختەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا تاکە وڵاتی دیموکراسیە لە هەموو دونیادا، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییان هەڵبژاردنەکان دەبداتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەم حاڵەتەش (5) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا دووبارەبووەتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (2016) بوو لەنێوان (دۆناڵد تڕمەمپ و هیلاری کلنتن) ئەگەرچی (هیلاری کلنتن) توانی نزیکەی (3) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە کۆتاییدا (دۆناڵد ترەمپ) توانی زیاتر لە (304) دەنگ لە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرانبەردا هیلاری تەنیا (227) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (ترەمپ) بوو بە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمەریکا.
دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەدا، لە کۆی (50) ویلایەت، (40) ویلایەت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سوور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردووەتەوە بۆ کۆماریەکان و دیموکراتەکان، بەڵام تەنیا (10) ویلایەت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە، ئەم (10) ویلایەتەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونکە تا کۆتای پڕۆسەکە دیار نییە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خسووەتە سەر ئەم (ویلایەتە خۆلەمێشیانە)ْ ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایەتانە لە یەکلاکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، ئەم ویلایەتانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکوور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا)
لە مێژووی ئەمەریکادا دوو جار خەڵک بە ماسکەوە چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (1918)ە خەڵک بە ماسکەوە دەنگیاندا، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای (ئەنفلەوەنزای ئیسپانی) کە لە کۆی (1) ملیاری ژمارەی دانیشتووانی ئەو سەردەمەدا، ئەم پەتایە نزیکەی (50) ملیۆن کەسی کوشت، لەم هەڵبژاردنەشدا خەڵکی ئەمەریکا بە ماسکەوە دەنگ دەدەن، ئەویش بەهۆی بڵاو بوونەوەی پەتای (کۆڕۆنا)وە، کە ئەمەریکا ڕێژەی پێوانەیی تۆمار کردووە لە ژمارەی تووشبووان و ژمارەی مردووان.
دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردرا و نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکوو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە ڕۆژی (#20-01-2021#) لە ڕێووێنەێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە. [1]