وتار و دیمانە لەگەڵ #هەژار فەقێ سلێمان حسێن# سەبارەت بە پەرتووکی #ڕوونبێژی لەشیعری مەحوی# دا
دیداری: ئیدریس عەلی
پەرتووکی ( ڕوونبێژی لەشیعری مەحوی)دا، بەرهەمێکی ناوازەی نووسەر و توێژەری ئەدەبی (هەژار فەقێ سلێمان)ە، لە بڵاوکراوەکانی #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#ە و بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەمەڕ هۆنراوەکانی مەحوی، لە ڕوانگەی زانستی ڕەوانبێژییەوە، لەم وتووێژەدا لەگەڵ دکتۆر هەژار، قسە لەسەر دنیای پەرتووکەکە، هاوکات بەها و گرنگییەکەی دەکەین.
سەردەم: خودی چەمکی ڕەوانبێژی چییە لە هۆنراوەدا و چۆن ئەم چەمکەمان پێمان دەناسێنیت؟
هەژار فەقێ سلێمان: ڕەوانبێژی وەک هەر چەمکێکی تری نێو زانستە مرۆیییەکان بە گشتی و ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی بە تایبەتی، هەم کات و سەردەم، هەمیش گۆشەنیگای ڕەوانبێژیناسان لە پێناسەیدا جێکەوتی خۆیان لەسەری جێهێشتووە. یاخوود لەگەڵ زاراوەگەلێکی تردا تێکەڵ بووە و جیا نەکراوەتەوە، لەوانە (فەگۆڕەپانت و بەڕاعەت و بەیان و سەنعەتی هۆنراوە و سەنعەتی ئاخاوتن.)
لە سادەترین و باوترین پێناسەیدا و لە پەرتووکی (جواهر البلاغە)دا هاتووە، ڕەوانبێژی دەربڕینی واتای بەرز و ڕوونە بە واژە و وشەی پاراو و درووست، کە کاریگەر بێت لەسەر دەروون و خەیاڵی گوێگر و خوێنەر.
دەستپێک و سەرەتای ئەم زانستە وەکوو زۆربەی زانستەکانی تر و هونەرەکان و تێڕوانینە فەلسەفی و میتافیزیکییەکان و بوارگەلێکی تر، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان. ئەمەش لە نووسینەکانی ئەرستۆدا بەرچاو دەکەوێت. ڕێکخستن و کۆکردنەوەشی هەر لەسەر دەستی ئەو بووە. پێویستیشە ئەوە بوترێت کە سەرەتا ڕەوانبێژی هونەرێک بوو بۆ بەهێزکردنی وتار، دواتریش بۆ هەموو دەربڕێنێکی زمانی سوودی لێ وەرگیرا، تا لەوەش زیاتر وای لێهات ڕەوانبێژی بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرە هۆنراوەییەکانی تردا، توانی بۆ هەموو ئەدەب درێژ ببێتەوە.
لە دوای یۆنانییەکان، تاکە میللەتێک کە بە چڕی و بە فراوانی گرنگییان بە زاراوە و زانستەکانی ڕەوانبێژی دابێت عەرەب بووە. ئەم زانستە وای لێهاتووە لە مێژووی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیی عەرەبیدا ناوێکی دیار و ناسراوی هەبێت. هاوکاتیش نووسین و لێکۆڵینەوە و پەرتووکگەلێکی زۆری لە بارەوە بنووسرێت، بە بەراورد بە ئەدەبی نەتەوەکانی تر. لە دیارترین ڕەوانبێژیناسانی عەرەبیش: (عەبدولقاهر جورجانی و جاحز و ئیبن موعتەز و ئەبی هیلالی عەسکەری و ئیبن ڕەشیقی قەیرەوانی و سەکاکی و قەزوینی و تەفتازانی و …هتد)ن.
لە سەرەتادا پەرتووکەکانی ڕەوانبێژی و ئەدەب و هۆنراوە تا ڕادەیەک جیا بوون، لە دوای سەدەی سێیەمی کۆچی لەلایەن بەشێک لەو زانا ڕەوانێژییانەی کە ناوبردەمان کردن، ئاوێزان بە هۆنراوە کران و زانستتەکانی ڕەوانبێژی دابەش کران.
ڕەوانبێژی لە هۆنراوەدا ئەرکگەلێکی گرنگ وەئەستۆ دەگرێت. لە دیارترینیان، داڕێژەری وێنەی هۆنراوەییە، وێنەی هۆنراوەیش بە ڕای ڕەخنەگری ئەدەبی (سی دی لویس) چواندن و خواستن (میتافۆر) درووستی دەکات، کە دوو دیارترین هونەری ڕەوانبێژی و ڕوونبێژین. ئەرکێکی تری ڕەوانبێژی پێدانی مۆسیقایە بە وشە، بە هێنانەوەی ئەو وشانەی لە یەکەوە نزیکن لە ڕووی شێوە و پیتەوە، ئەمەش لە زانستی جوانکاریدا دەبینرێت.
جێی باسە لەمڕۆدا هونەرە هۆنراوەییە ڕۆژاواییەکان (Poetic Devices) باڵیان کێشاوە بەسەر پێودانگەکانی شیکردنەوە و ئیستاتیکای هۆنراوەیدا، لە کاتێکدا گەر توێژەر تەفرنجە و سەرنج بدات، نزیکەی هەموو ئەو هونەرە هۆنراوەییانە لە هونەرە چەشناوچەشنەکانی ڕەوانبێژیدا بوونیان هەیە، بۆ نموونە (metaphor) خواستنە، (Alliteration و Repetition) لە هەناوی ڕەگەزدۆزیدان، (Personification) بەشێکە لە (خواستنی شاراوە) و (Contrast) هونەری دژیەکە و زۆری تر.
سەردەم: بیرۆکەی ئەم لێکۆڵینەوەیە چۆن درووست بوو لە لای ئێوە، ئایا هەر بۆ نامەی ماستەرەکەت بوو یاخود ڕەهەندی گرنگتری لە پشتە؟
هەژار فەقێ سلێمان: لە توێژینەوەی ئەکادیمیدا، بنەما و خاڵێکی جەوهەری هەیە، پێی دەوترێت پرسیاری توێژینەوە، واتا توێژەر دەیەوێت بە توێژینەوەکەی، نامەی ماستەرەکەی، تێزی دکتۆراکەی، وەڵامی پرسیارێک یان پرسیارگەلێک بداتەوە.
ئێمەش لەم نامەیەدا بەو هۆیەی زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر هۆنراوەکانی مەحوی شاعیر کراوبوون، لە ئاستی ناوەرۆکدا بوون، واتا لەسەر هزر و تێڕوانین و دنیابینیی ئایینی و سۆفیزمییەکانی مەحوی شاعیر نووسرا بوون. دەمانویست وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە لەپاڵ ئەو ناوەرۆک و تێما باڵایانەی کە شاعیری پێ دەناسرێتەوە، تا چەند شاعیر خاوەنی پاشخانی هونەری و هۆنراوەی و تەکنیکی و بەلاغییە (بە تایبەت لە چێکردنی وێنەی هۆنراوەیدا کە لە هەناوی ڕوونبێژیدایە) هەڵبەت لە زانستی ڕەخنەی ئەدەبیدا ئەوە جێی بایەخ نییە کە بوترێت هۆنراوەکانی جوانن، ئیستاتیکا و هۆنراوەییەت دەبێت بە کۆمەڵێک پێودانگ و پێوەر و شیکردنەوەدا بچێت و دەستنیشانکردن و دەرئەنجامی زانستی هەبێت و بسەلمێنرێت.
دیارە لەپاڵ ئەوەشدا وردە مۆتیڤی بابەتی و کەسی و چێژی تایبەتیی توێژەر و ڕەخنەگریش گرنگە و ڕۆڵی لە ئاڕاستەی ئیشکردنیدا هەیە، دەمەوێت ئاماژە بە هەردوو مۆتیڤەکە بدەم، مۆتیڤی بابەتی و دەرەکییەکەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەدەبیاتی کوردی، ئەدەبیاتێکی بەپێز و دەوڵەمەندە و بەراورد بەدەوڵەمەندییەکەی توێژینەوەمان نییە، بە تایبەتیی لەسەر ئەدەبی کلاسیکی. ئەو کات و ئێستاش ڕام وایە کە پێویستە بەشێکی زۆری توێژینەوە و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆراکانمان بۆ ئەدەبی کلاسیکیمان تەرخان بکەین. ئێمەش لەو دەلاقە زانستییەوە کارمان لەسەر هۆنراوەکانی مەحوی شاعیر کرد، وەک کۆڵەکەیەکی گرنگ و جێی شانازیی ئەدەبی کلاسیکیی کوردی.
مۆتیڤە خودییەکەشمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی خۆم هەر لە قۆناغێکی زووی ژیانمەوە، زیاتر بایەخم بۆ هۆنراوە و ئەدەبیاتی کلاسیکی هەبووە، بە چڕی و بەردەوام و بە ئێستاشەوە هۆنراوەی شاعیرانم دەور و وانە ئەدایەوە. ئەمەش بۆ هەر توێژەرێکی تر درووستە، کە زیاتر خوێندنەوەکانی خۆی بۆ سەردەم و ژانرێکی ئەدەبی، بۆ وێنە وەک چیرۆک و ڕۆمان تەرخان کردووە و توێژینەوەکانی لەو بارەیەوەن.
سەردەم: گرنگیی ئەم بابەتە لە چیدایە و بۆچی بە دیاریکراوی ئەم چەمکەت هەڵبژارد لە هۆنراوەی مەحویدا؟
هەژار فەقێ سلێمان: هەڵبژاردنی چەمکی (ڕوونبێژی) لە هۆنراوەی مەحویدا، بۆ گرنگیی چەمکی (وێنەی هۆنراوەی) دەگەڕێتەوە لە هۆنراوەدا، کە پێشووتر ئاماژەم بە ناساندنەکەی (سی، دی، لویس) دا. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگ و دیارەکانی هۆنراوەییەت لە هەر دەقێکدا جگە لە ناوەرۆکەکەی، بوونی وێنەی هۆنراوەییە. وێنەی هۆنراوەی توانستی شاعیرە لە فۆرمبەخشینی خەیاڵی ئەو بە دەوروبەر. ئەوە وێنەی هۆنراوەییە، کە هۆنراوە لە قسە و ئاخاوتنەکانی تر جیا دەکاتەوە. هەر بۆیە شێوەی بەکارهێنانی وێنەی هۆنراوەیی لای هەر شاعیرێک، نەک شێوازی ئەدەبی ئەو دیاری دەکات، بەڵکوو ئەگەر شاعیرەکە خاوەن ئەندێشەی داهێنەرانە و ئەزموونی ئەدەبی و هونەریی زەنگین بێت، بە دڵنیاییەوە وێنە هۆنراوەییەکانی بەراورد بە شاعیرانی دیکە جیاواز دەبێت.
هەڵبژاردنی ئەم چەمکە کە ڕۆحی ڕەوانبێژییە، وەک (دکتۆر ئەحمەد مەتلوب) دەڵێت: ڕەوانبێژی زانستێکە وەکوو زانستەکانی تر، کار لە زمان و وێنەی هۆنراوەیدا دەکات، نەک یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، بەڵکوو ناوەرۆک و ڕۆحی ئەدەبیشە، فێربوونی ئەم زانستە بۆ ڕەخنەگر بەرچاوڕوونی و دەلاقەیەکی گەورەی پێ دەبەخشێت لە ڕەخنەدا.
ئێمە لەم نامەی ماستەرەدا (ڕوونبێژی لەهۆنراوەی مەحویدا) نزیکەی دووسەت دێڕی مەحویمان بەو پێودانگە شیکردووەتەوە. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە سەرنجێکی مامۆستای ئازیز و لەدڵابوو بەڕێز دکتۆر دڵشاد عەلی بکەم، کە وێنەی باڵا و پێشەنگی هەموومانە لەو بوارەدا، لە کاتی گفتوگۆکەی نامەکەدا وتی: من بەراوردی شیکردنەوەی ئەو دێڕانە و شیکردنەوەکەی مامۆستایانی مودەڕیسم کردووە، لەم نامەیەدا کۆمەڵێک کەشف و دۆزینەوەی نوێ سەرباری شیکردنەوەکانی تر خراوە، ئیستاتیکا و ڕاڤە و شێوازی نوێی تێدا دەبینرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو پێوەرە وردانەی هونەرە جۆربەجۆرەکانی ڕوونبێژییەوەیە.
سەردەم: ڕەوانبێژیت وەک زانست چواندووە لە پەرتووکەکەتدا، بە گشتی سنووری ئەم زانستە چی و چی دەگرێتەوە؟
هەژار فەقێ سلێمان: زانستی ڕەوانبێژی لە نزیکەی هەموو سەرچاوەکاندا دەسەبەشی سێ زانست کراوە، کە ئەوانیش (ڕوونبێژی و جوانکاری و واتاناسی)ن، کە هەر یەک لەمانەش چەند هونەرێک لە خۆدەگرن. ڕوونبێژی هونەرەکانی خوازە و خوازەی زمانی و خواستن و چواندن و درکە لەخۆ دەگرێت. زانستی جوانکاریش دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆردا (جوانکاریی وشەیی و جوانکاریی واتایی) کە هەریەکەیان بەسەر چەند بابەتێکی زۆردا دابەش کراون، لە دیارترین جۆرەکانی جوانکاریی وشەیی وەک (ڕەگەزدۆزی، وەرگرتن، تێهەڵکێش، دووبارەکردنەوە، ڕەنگاوڕەنگ و پێکەوەگونجان و …هتد). لە دیارترین جۆرەکانی جوانکاریی واتاییش وەک (دژیەک، تیلنیشان، پێچان وکردنەوە و جوانی بایس و …هتد). زانستی واتاناسییش ئەم هونەرانە لەخۆ دەگرێت: (هەواڵ، داڕشتن، خۆزگە، پیشاندان و هاندان، کورتبڕی، درێژبڕی، جیاکردنەوە و بەستنەوە و دانەپاڵ و …هتد.)
سەردەم: لەنێو شاعیراندا بۆچی مەحویت هەڵبژارد بۆ لێکۆڵینەوەکەت، ئایا ئەم زانستە لە شاعیرانی دیکەی کلاسیکدا بەرجەستە نییە؟
هەژار فەقێ سلێمان: کارکردن بە پێودانگی ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی لە لای مەحوی و هەڵبژاردنی مەحویش بۆ توێژینەوەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەقە هۆنراوەییەکانی ئەدەبی کلاسیک و لە ناویشیدا هیی مەحوی، لەسەر بنەمای تیۆرە هۆنراوەییەکانی کێش و سەروا و وێنە بەلاغییەکان و گەمە زمانییەکان و وشەئاراییەکان و کۆی ناوەرۆکە ئەڤینی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی و هۆشیارکردنەوە داڕێژراون، کە کاریگەر بوون بە ئەدەبیاتی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی، هەڵبەت بە هەندێک تایبەتمەندی و جیاوازییەوە. بۆ ئەمەش گەر بمانەوێت نزیک ببینەوە لە ڕۆحی دەقەکان و تێگەیشتن لێیان و لە ئیستاتیکایان، پێویستە ڕەخنەگر و توێژەر بەو پێوەر و میتۆد و بنەمایانە ئەو دەقانە ڕاڤە و شی بکەنەوە، کە دەقەکانیان لەسەر بنیات نراوە.
مەحوی شاعیرێکە هەم ستایڵی وێنەچێکردنی جیاوازە، هەمیش لادانە زمانییەکانی، کە هۆنراوەییەت دەبەخشن
بۆ نموونە: تایبەتمەندییە جیاوازەکانی وێنەی هۆنراوەی (کە لە هونەرە ڕوونبێژییەکاندا زیاتر دەردەکەوێت) لای مەحوی ئەوەیە کە خودی خۆی و نەستی تێکەڵ بە وێنە هۆنراوەییەکان دەکات، لە وێنەکاندا زیاتر ئامادەیی خۆی دەبینرێت. سەرەڕای بوونی ئەزموونی خودی و ئەزموونی بیری عیرفانی و سۆفیگەری و ژیانی تایبەتیی لە وێنە هۆنراوەییەکاندا. بە بەراورد بە نالی کە وەک وەسفکەرێک، پەسنی وێنەیەکی بەردەمی خۆی بکات وایە و لە دەرەوەی وێنە هۆنراوەییەکانەوەیە و لێیان دەڕوانێت. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە، هۆنراوەی هەر یەکەیان ئیستاتیکا و چێژی جیاواز بە خوێنەر دەبەخشن. پاشخانی هەریەکەیان لە داڕشتنی وێنەی هۆنراوەی و پێکهاتە و ڕەگەزەکانی وێنەی هۆنراوەیدا جیاوازە، ئەمەش بۆ ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە، کە لە پاشخانی مەعریفی و ئەدەبی و ئەزموونی ژیانکردندا هەیان بووە.
[1]