=KTML_Bold=دوای 10 ساڵ نە عەدالەت بەدیهاتووە و نە مەترسیی بیری تووندڕۆیی کۆتایی هاتووە=KTML_End=
#بەرهەم ئەحمەد ساڵح#
کچێکی ئێزدی لە شەقامێکی ئەڵمانیا، ئەو #داعش#ییە هەڵاتووە دەبینێت کە دەستدرێژی کردووەتە سەر؛ تاوەکو ئێستاش بە هەزاران ئێزدی بێ ماڵ و حاڵ لە کەمپی ئاوارەکان دا دوور لە زێدی خۆیان دەژین و، چارەنووسی زیاتر لە 2000 ژن و کچی بە کەنیزەککراوی رفێندراو بە نادیاری ماوەتەوە، شەنگالیش تاوەکو ئێستا سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە بۆ بەدینەهاتووەتەوە.
بەداخەوە دوای 10 ساڵ لەو مەرگەساتە هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێکهاتەیەکی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە. با هەمووان بۆ چاککردنی دۆخەکە هاوکاربین و پێکەوە رێکاری تەندروست بگرینەبەر و، چیتر داواکاری رەوای خەڵکی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت و، بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت.
لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لە شەنگال، بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە ئەو رووداوە ئازاربەخشە دەکەوێتەوە یادمان کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوە، لە کوشتاری مرۆڤ، رفاندنی کچان و ژنان، بزرکردنی منداڵان و وێرانکردنی ئاواییەکان. لەو رۆژەدا کە تیرۆری رەشی داعش شەنگالی داگیرکرد و تاوانی کەم وێنەی ئاوای تێدا ئەنجامدا، مرۆڤایەتی لە ئاستی دا عارەقەی شەرمەزاری دەسڕێت.
ئامانجی تیرۆریستان کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی ئێزدییەکان بوو، بەڵام خۆڕاگری گەلەکەمان و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانمان و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانی تیرۆریستەکانی هەڵوەشاندەوە. تووندڕۆکان بە پاساوی لێکدانەوەی تەکفیر و نابووتی بە ناوی ئایینەوە، کە ریشەی لەناو ئەخلاقی رەگەزپەرستی و جیاکاری رەگەزی دایە، ئەم تاوانەیان ئەنجام دا. ئەم پاساوانە سەرچاوەیان لە کەتوار(واقع)ی دواکەوتوویی و شکست و نائومێدی ئەو کۆمەڵگەیانەوە دێت کە دابڕاون و، لە ئاست جیاوازییەکان دا هەستی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانەی لەخۆی بێهێزە تێیاندا زاڵە.
پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، ئەم تاوانەی روویدا لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵات دا بوو کە لەگەڵ تیرۆرو تەکفیر و تووندڕۆیدا یەکانگیربوو، هەروەک چۆن لە ئەنجامی کەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بوو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگریکردن لە ئاوایی ئێزدیەکان، ئەم هەرەس هێنانە بە جۆرێک بوو تەنانەت لەکاتی هێرشی داعش دا؛ خەڵکی ئاسایی و لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و کچ و منداڵ بۆ وەحشیەتی داعشەکان بە جێهێڵدران.
با ئەم یادە بۆنەیەک بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵینگارییانەی تاوەکو ئێستا لەبەردەم ئاساییکردنەوەی ژیانی ئێزدییەکانە ، دەرفەتێک بێت بۆ بەخشینی هیوا بۆ داهاتوویەکی گەشەسەندوو بۆیان. چونکە ئەوان شیاوی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام و هەل پێدانن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیانی خۆیان و رووخساری کۆمەڵگەکەیان و نەخشاندنی داهاتوویان.
قەبارەی ئەو مەرگەساتە کە لەبەرچاوی هەموو جیهان روویدا، ئاسەوارە نالەبارەکانی وایکرد کە ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دا بووم لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکڤان و رێکخراوی مرۆیی هەوڵی ساڕێژی هەندێ لەو برینانە بدەین، بەتایبەتیش کە ئەو تاوانە قێزەونە رفاندنی کچانی ئێزدی گرتبووەوە و بەشێوەیەکی زۆر دڕاندانە رەفتاریان لەگەڵ کرابوو. لەو ماوەیەدا توانیمان یاسای کچە رزگاربووە ئێزدییەکان بچەسپێنین و، کچە قوربانییە شەبەک و تورکمان و مەسیحیەکانیش بگرێتەوە، کە خۆی لە قەرەبووکردنەوە و دووبارە ئامادەکردن و ساڕێژی دەروونی، چوونەوە نێو کۆمەڵگە و نیشتەجێکردن، هەلی فێرکردن و دامەزراندن و داننان بە کۆمەڵکوژی، دادگاییکردنی تاوانباران، سۆراخکردن و گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەکو ئێستا لە لیستی ونبوەکاندان، هەروەها دانانی رۆژێکی نیشتمانی بۆ یادکردنەوەیان لە 3ی ئابی هەموو ساڵێک دا. لەگەڵ ئەوەی دەزانین کە هیچ قەرەبووکردنەوەیەک و داننان بەو پرسە و هاوسۆزبوون، قەرەبووی ئەو ستەمە ناکاتەوە کە ئێزدییەکان هەستی پێدەکەن، بەڵام هیوامان وایە ئەمە سەرەتایەک بووبێت بۆ پرۆسەیەکی بەردەوام و پێشکەشکردنی قەرەبووەکان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە؛ بەوەی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە لە بەرامبەر گەلەکەمان دا. هەروەک هیواخوازین هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم پرسە رژد بن و هەوڵی کۆکردنەوە و بە ئەنجام گەیاندنی بۆ بدرێت و؛ هەرکەسێک هاوکاری داعش بووبێت لە ئەنجامدانی تاوانکارییەکان باجی تاوانکارییەکانی بدات و قەرەبووی قوربانییەکان بکاتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان کە لەو ماوەیەدا دەردەسەرییەکی بێ وێنەیان بینی.
ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەکان دەکەینەوە کە تاوەکو ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاکردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانییەکان، هەروەها پەلە بکرێت لە رێکخستنەوەی ئیدارەی شەنگال و، فەراهەم کردنی دەستبەری دەستووری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدییەکان لەڕووی ئایینی و کولتوورییەوە، دوور لە هەموو پەراوێزخستنێک، سەرەڕای فەراهەمکردن و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەکەیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی کۆچپێکراوەکان بۆ ماڵ و حاڵ و زێدیان؛ کە لەم دواییەدا هەندێکیان سەربەستانە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. هەروەها پشتیوانیکردنی هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و بە دیکۆمێنتکردنی و کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە سەدان قوربانی تێدایە؛ لەم نێوەندەدا پشتیوانی دەکەین لە رێکارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. لەم بارەیەوە پێویستە دەستخۆشی لەو بڕیارە گرنگە بکەین کە رێگا بەوە دەدات ئێزدییەکان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، کە چەندین ساڵ بەهۆی سیاسەتەکانی پەراوێزخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەوە لێی بێبەش کرابوون.
پێویستە بەرژەوەندی قوربانییەکان و کەسوکاریان لەسەرووی هەموو ئیعتبارێکی سیاسییەوەبێت، هەموومان پێکەوە بە یەکگرتوویی کار بکەین بۆ ئێزدییەکان و بەرگریان لێبکەین و بە پیر قوربانییەکانی دەستی داعشەوە بچین، لێرەدا هەنگاوی رژد و کاری رژدمان پێویستە، چونکە دەستی دەستی و خاوە خاو لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی خۆمان لە شەنگال ئیدی بەڕاستی شوورەییە.
ئێزدییەکان پێکهاتەی رەسەن و گوزارشتن لە کولتووری جوانی رەنگاو رەنگی ئەم نیشتمانە، بۆیە لەگەڵ یادی 10 ساڵەی کارەساتی ئەواندا و یادی ئەو مەرگە ساتانەش دەکەینەوە کە بەسەر تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەماندا هاتووە، هەر لە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئەنفال و کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە#وە تاوەکو قوربانیانی دەستی تیرۆر.
لەبارەی دەستەبەری دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاکی خۆیان و پەیڕەوی رێکاری ئەمنی و پاراستنی هاووڵاتییەکانمان پێویست ناکات هیچ راوبۆچوونێکی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت و، ناکرێ رێگە بە داعش و نموونەکانیان بدرێت جارێکی دیکە تەراتێن بکەن و خەڵکی بتۆقێنن و کارەسات و مەرگەسات ئەو دڕندایەتییە بەرامبەر رۆڵەکانمان بنوێنن کە نواندیان، چونکە ئەوەی روویدا لووتکەی تۆقاندن و داپڵۆسین و قڕکردن و لەنێوبردن و رەشەکوژی بە کۆمەڵ بوو .
ئێمە کە یادی ئەو بۆنە ئازاربەخشە دەکەینەوە، پێویستە دان بەوە دابنێین کە پاشماوەی بیری داعشی ئێستاش مەترسییەکی گەورەیە و ناکرێ پشتگوێی بخەین. دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە لەنێو ئایینە پیرۆز و دامەزراوەکانیاندا؛ بەرەنگاری تووندڕۆیی و هزری تەکفیری ببینەوە و پارێزگاری لە چەمکی دەستووری مەدەنی بکەین کە لەڕاستی دا پارێزگارییە لە ناسنامەی نیشتمانی و رەنگاڵەی کۆمەڵگە، ئەو ناسنامەیە و دەستوورەی کە بەکارهێنانی ئایین و سەپاندنی بۆ مەبەستی سیاسی رەتدەکاتەوە.
دیارە کە ئایین زۆر لەوە بەرزتر و پیرۆزترە کە ئامرازبێت بەدەست سیاسییە بەرژوەندخوازەکانەوە یان بۆ پاساوهێناوە و برەودان بە بەرژەوەندی سیاسی بەکاربهێنرێت. لە بنەڕەتیشدا دەستووری عێراقی بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسییەو رێز لەو فرەییە دەگرێت کە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە و، رێزی بۆ کۆی سیستەمی بەهای ئایینی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەی عێراق داناوە.
ئێستاش سەرەڕای دووپاتکرنەوە بەردەوامەکان بۆ کۆتایی پێهێنانی مەترسی تیرۆر و تەکفیر، بەڵام ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێ و، هەبوونی رێکخراوە تووندڕۆی چەکداری مەترسیدار کە ژمارەی چەکدارانیان بە زیاتر لە 20 هەزار کەس دەخەمڵێنرێ لە ناوچەکانی باکووری سووریا و شوێنەکانی دیکە و، جگە لە کامپی (هۆل) کە دەیان هەزار کەس لە خۆدەگرێت؛ ئاڵینگارییەکی ئەمنی مەترسیدارەو ناکرێ پشتگوێ بخرێت.
داعش و هاوشێوەکانی کۆتاییان نەهاتووە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێکی مەترسیدار و پڕ ئاڵنگاری قورس بکەین، بەتایبەتی لەمیانی دیمەنی هەرێمایەتی ئالۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا، لەم رووەوە ناوچەکە پێویستی بەکاری رژدە. ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی داعش لە ئێران و رووسیا ئەنجامیدان و، ئەوەی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا کە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ پاشماوەکانی ئەو رێکخراوەدا بەخۆوەی بینی؛ زەنگی مەترسییە و پێویستی بە هاوئاهەنگی و کۆکردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بۆ بەرگرتن لە کارەساتێکی ئەمنی نوێ کە بەڕێوەیەو گومان لە روودانی نییە.
لە عێراق دا پێویستمان بەوەیە پەند وەربگرین، سەرکەوتن لە بەدەستێهنان و هەوڵەکان رەوایەتییەکی نیشتمانی و مرۆییە، بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە کە ماوەی پەنجا ساڵە عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە لە ئەنجامی داڕووخانی کۆسیستەمی هەرێمایەتی و بووەتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوچەیەکی پڕ کێشە پۆلێن بکرێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە کۆسیستەمێکی کاری هەرێمی سیاسی و ئەمنی و هاوکاری ئابووری بدۆزینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەردەمەکە کە گەلانی ناوچەکەش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئەم خولانەوە بێهودەیە کۆتایی پێ بێت و بگەنە ئاستی گەلانی دنیا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=