مارگرێت میشێل، لەگەڵ (با) دا هاتە ناو مێژوو!
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=قوربانیی رێگا!=KTML_End=
ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمریکی (مارگرێت میشێل) ساڵی 1900 لە شاری ئەتلانتای ئەمریکا، لە دایکێکی بە ڕەچەڵەک ئێرلەندی و باوکێکی بە ڕەچەڵەک سکۆتلەندی، لەدایکبووە. ساڵی 1919 بەهۆی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزا، دایکی کۆچی دوایی دەکات، بەمەش ئەرکی ماڵداری و چاودێریکردنی باوکی دەکەوێتە ئەستۆ و بۆ دابینکردنی سەرچاوەی بژێوی، ناچار دەبێت پشت بە خۆی ببەستێ. لەوەشدا (جۆن مارش)ی ڕۆژنامەنووس کە دوای جیابوونەوەی مارگرێت لە هاوسەری یەکەمی (بێرین ئابشۆ)، هاوسەرگیریی لەگەڵدا کرد، دەرفەتی کاری لە ڕۆژنامەی (ئەتلانتا) بە مووچەی هەفتانەی 25 دۆلار بۆ ڕەخساند. پاشان بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە، دەستبەرداری کاری ڕۆژنامەنووسی بوو.
میشێل لە رۆژگاری جەنگی دووەمی جیهانیدا وەکو خۆبەخش لە ڕیزی خاچی سووری ئەمریکی دەستبەکار بوو، لەگەڵ تیمەکەیدا ئەرکی سەرەکی لەو کارە خۆبەخشییەدا، گەیاندنی کۆمەکی خواردن و پێداویستیی پزیشکی بوو. لە 16ی ئابی 1949 و بۆ جاری دووەم، تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوو، دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بە هۆی سەختیی برینەکانی، گیانی سپارد و لە گۆڕستانی ئۆکلاند لە ئەتڵانتا، بەخاکسپێردرا.
=KTML_Bold=لە رۆژنامەنووسییەوە بۆ رۆماننووسی=KTML_End=
مارگرێت میشێل لە تەمەنی 21 ساڵیدا وەک هەواڵنێر لە ڕۆژنامەی ئەتلانتا دەستی بە کار کرد و لە تەک هەواڵنێریشدا، گۆشە و وتاری بۆ ڕۆژنامەکە دەنووسی، تا ساڵی 1925 بە یەکجاری وازی لە کاری ڕۆژنامەنووسی هێنا.
بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کە وای لێکرد سێ ساڵ لە ماڵەوە لەسەر جێ بمێنێتەوە، خووی دایە خوێندنەوە. دەگوترێ هاوسەرەکەی کتێبی کتێبخانەکانی شارەکەیان نەما بۆی نەهێنێتە ماڵەوە، تا بیانخوێنێتەوە. میشێل ئەو ماوەیەی قۆستەوە بۆ نووسینی ڕۆمانێک و هەموو کاتی خۆی بۆ ئەو خەونەی تەرخان کرد، خەونی نووسینی ڕۆمانێک لەبارەی جەنگ و کارەساتەکانی. دواجار کۆتایی بە یەکەم و دوا ڕۆمانی خۆی هێنا، ئەو ڕۆمانەی وەک شاکار و داهێنانێکی جیهانی ناوبانگی دەرکرد و ناوی نا (لەگەڵ با دا رۆیشت).
=KTML_Bold=تەنیایی وەک هەوێنی داهێنان=KTML_End=
لەناو خێزانی میشێلدا دەیان جەنگاوەر هەبوون کە بەشداریی جەنگی ناوخۆی ئەمریکایان کردبوو، بۆیە هەر لە منداڵییەوە شەیدای بیستنی چیرۆکەکانی جەنگ بوو، ئەو چیرۆکانەی باوانی و کەسە نزیکەکانی بۆیان دەگێڕایەوە.
دوای پەککەوتنی و مانەوەی بەردەوامی لە ماڵەوە، بە مەبەستی نووسینەوە و گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانە لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیدا، بناغەی پڕۆژەی نووسینی ڕۆمانێکی بۆ خۆی داڕشت. ڕۆمانێک کە تیایدا ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆیی ئەمریکا بە هەموو وردەکارییەکانیەوە بگێڕێتەوە. بۆ ئەمەش هەم پێویستی بە خوێندنەوەی زۆر، هەمیش بە کاتێکی زۆرتر هەبوو، بۆیە خووی دایە خوێندنەوەی کتێب. سەرقاڵبوونی بە خوێندنەوەی دەیان کتێبی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونی، بۆی بووە دەروازە و دەریچەیەک، تا لە ڕێگایەوە توانی خۆی لە کەشی ژیانی بێزاری و شەکەتی دەرباز بکات و کەمتر هەست بە ئازار و ژانەکانی نەخۆشییەکەی بکات و بەهۆیەوە، خۆی و ئازار و بێهوودەییەکانی لەبیربچنەوە.
میشێل لە ماوەی شەش ساڵدا (1930 - 1936) نووسینی بەشەکانی ڕۆمانەکەی تەواو کرد. لە میانی کارەکتەرەکانەوە ڕووداوەکانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکای دەنووسیەوە، بەمەش ناچار دەبوو ڕووداوەکان بەدوای یەکدا و وەک ڕیزبەندی نەگێڕێتەوە، هەر بەشێکی کە دەینووسی، بەهۆی تێکەڵاویی ڕووداو و شوێنکات و کاراکتەرەکانیەوە، جارێکی دیکە و سەرلەنوێ دەگەڕایەوە سەری و پاکنووسی دەکرد و ڕێکیدەخستەوە، تا دواجار ئەو ڕۆمانە نەمرەی لێ دەرچوو.
مارگرێت پێشبینی ئەو کاردانەوە و پێشوازییە گەورەیەی لە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی نەدەکرد، وەلێ ڕۆمانەکە وەک ناوی خۆی (لەگەڵ با دا ڕۆیشت)، تەنانەت خێرا و بە گوڕتر، چەشنی گەردەلوول و باهۆز، نێوەندی ئەدەبیی شڵەژاند و چاپ و بڵاوکردنەوەی بووە ڕووداوێکی ئەدەبیی گرنگ، تا ئەو ئاستەی ئەمریکییەکان وەک بەناوبانگترین ڕۆمانی ناو مێژووی ئەدەبی وڵاتی خۆیان لە سەدەی بیستەمدا دەینرخێنن، بە جۆرێک، چاپی یەکەمی لە ماوەی شەش مانگی بڵاوبوونەوەیدا، یەک ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا.
میشێل بەهۆی ئەم ڕۆمانەیەوە کە بەهۆی ناوەڕۆکە مرۆییەکەی، تەواوی دونیای سەرسام کرد، ساڵی 1937 خەڵاتی پۆلیتزێری وەرگرت. ڕۆمانەکە هەر بە هەمان ناونیشان، ساڵی 1939 کرایە فیلمێکی سینەمایی و لە مێژووی هۆڵیوددا، زۆرترین داهات و قازانجی کۆکردەوە.
=KTML_Bold=پەرجووی نەمری، یان جادووی جاویدانی!=KTML_End=
مارگرێت میشێل، ژیانی لەنێوان دوو ڕووداوی هاتوچۆدا سەرەوژێر بوو. لە نێوانی هەردوو ڕووداودا جاویدانی و نەمریی بۆ خۆی نووسییەوە و بۆ هەمیشە چووە ناو یادەوەریی مرۆڤایەتی و ناو مێژوو. ئەو کە بەهۆی ڕووداوی یەکەمەوە پەکی کەوت و سێ ساڵ لە جێگادا کەوت، بەهۆی ڕووداوی دووەمیانەوە کۆچی دوایی کرد، لە نێوانی ئەم دوو ڕووداوەدا، وەک (با) هات و شوێنپەنجەی خۆی بەسەر هەموو ئەدەبیاتی مرۆڤایەتییەوە بەجێهێشت.
نەخۆشکەوتن و بەهۆیەوە مانەوە لە ماڵەوە، بواری ئەوەی پێدا سەر بکاتە خوێندنەوە. لەم ڕووەوە هاوسەرەکەی کە بەردەوام کتێبی بۆ دەهێنایەوە، هاوکارێکی باشی بوو. جارێک کە کۆمەڵێک کتێبی بۆ دێنێتەوە، بە پێکەنینەوە پێی دەڵێ: ئەوە دوا کۆمەڵە کتێبە، ئیدی کتێبێک لە کتێبخانەکاندا نەماوە نەتخوێندبنەوە، کەواتە بۆچی هەر بۆ خۆت کتێبێک نانووسیت؟. هاوسەرەکەی هیچ خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کە ئەو پرسیارە گاڵتەئامێزە مارگرێت هانبدات بۆ نووسینی شاکاری (لەگەڵ با دا ڕۆیشت).
ڕۆمانەکە جگە لەوەی کراوەتە فیلمی سینەمایی، وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە (30) زمانیش، لە یەکەم ڕۆژدا کە کەوتە بازاڕ، زیاتر لە پەنجا هەزار دانەی لێ فرۆشرا. دوای تێپەڕبوونی چارەگە سەدەیەکیش بەسەر نووسینی رۆمانەکەدا، حکومەتی ئەمریکا وەک ڕێزلێنانێک لە نووسەرەکەی، هەروەها وەک شانازیی مێژوو و یادگاریی وڵاتەکەی، چاپی کردەوە.
=KTML_Bold=کارەساتەکانی جەنگ و تراژیدیاکانی خۆشەویستی=KTML_End=
ڕۆمانی (لەگەڵ با دا ڕۆیشت)، گێڕانەوەی تراژیدیایەکە کە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا لە نێوان باکوور و باشووری وڵات، بەهۆی سیاسەتی ڕەگەزپەرستییەوە، ڕووبەڕووی باشووری ئەمریکا بووەوە. شەڕی نێوان ئەو ویلایەتانەی پشتگیریی مانەوەی سیستەمی کۆیلایەتییان دەکرد، لەگەڵ ئەوانەی بە سەرکردایەتیی ئەبراهام لینکۆڵن، دژی کۆیلایەتی بوون. لەماوەی نێوان (1861 - 1865)دا و بەهۆی ئەو جەنگەوە دەیان هەزار مرۆڤ بوونە قوربانی و زۆربەی ناوچەکانیش وێران و خاپوور بوون، تەنانەت شار هەبوو بە تەواوی سووتێنرا.
سکارلێت ئۆهارای شۆخ و شەنگ کە دایکی فەڕەنسی و باوکی ئێرلەندییە، لەگەڵ هاوسەری سێیەمیدا (ریت بتلەر)، دوو کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەن. ڕۆمانەکە ڕووداوەکانی دوازدە ساڵ تەمەن و ئەزموونی (سکارلێت ئۆهارا) دەگێڕێتەوە. سکارلێت کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە و تەواوی رووداوەکانیش لە دەوری ئەو دەسووڕێنەوە. دەسپێکی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕوودانی جەنگ، ئەو کاتەی تەمەنی شازدە ساڵانە. کچە گەنجێکی قەشەنگ، نازاندە، توندمیزاج، خۆپەرست، خاوەن خەون و ئیرادە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی (خێزانێکی ئەرستۆکراسیی باشوور) و چەند خزمەتکار و کۆیلەیەکدا لەناو خانوویەکی مەزن دەژین کە لەناو کێڵگەیەکدایە.
سکارلێت پەیوەندییەکی ئەڤینداری، تا ڕاددەی سەرسامی و هۆگربوونی لەگەڵ گەنجێکدا هەیە بەناوی (ئاشلی ویکس) کە ئەویش لە خێزانێکی ئەرستۆکراتە، وەلێ دواتر کوڕە لەگەڵ کچێکی دیکەدا هاوسەرگیری دەکات. بۆیە وەک پەرچەکردارێک، سکارلێت شوو بە کوڕێک دەکات کە خوشکی (ئاشلی) دڵی پێیەوە بووە. دواتر بە هۆی ئازار و کاریگەرییەکانی برینێک کە بەهۆی جەنگەوە کەوتبووە جەستەی، کوڕەکە دەمرێ. دوای ئەوە سکارلێت شوو بە کوڕێکی دیکە دەکات کە خوشکە بچووکەکەی خۆی دڵی پێیەوە بووە، تا ئەو کاتەی دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کابتن (ریت بتلەر)، ئەو پیاوەی خواردن و پێداویستی دەفرۆشتە کۆنفیدڕاڵییەکان.
بتلەر لە خێزانێکی ناودار بوو، بەڵام بەهۆی کارە ناچیزەکانییەوە وەک کەسێکی بەد ناسرابوو. لە باری سروشت و ڕەفتارەوە، زۆر لە سکارلێت دەچوو، تەنانەت بۆ خۆیشی زۆر باش ئاشنای کەسایەتیی سکارلێت بوو. دوای ئەوەی یانکییەکان دەست بەسەر گوندەکەیاندا دەگرن، باجێکی زۆر بەسەر خەڵکەکەیدا دەسەپێنن، تا ئەو ئاستەی خەڵکی گوند هیچ سەرمایە و دەستمایەیەکیان نامێنێ. ئەم دۆخە وا لە سکارلێت دەکات بچێتە زیندان و داوا لە خۆشەویستەکەی بکات پارەی بداتێ بۆ ئەوەی بتوانێ باج بدات (چونکە ئەودەم بتلەر بەند کرابوو)، ئەویش پارەکەی دەداتێ. بتلەر هێشتا هەر لە زیندانە کە سکارلێت شوو بە دەوڵەمەندێک دەکات، ئیدی وەک خاوەن کارێک، خەریکی کڕینی کۆگا و کارگە و سەرقاڵی کار و بازرگانی دەبێت. زۆر نابا و بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان یانکییەکان و یاخیبووان لەناو گوندەکەدا، هاوسەرەکەی دەکوژرێ، دووبارە بە تەنیا دەمێنێتەوە. دواجار دڵی بتلەری کۆنە خۆشەویستەکەی داگیر دەکاتەوە و هاوسەرگیریی دەکەن، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەیان کچێک دەبێت، بەڵام مردنی کچەکەیان بە ڕووداوێک و هەروەها دڵنیایی بتلەر لەوەی سکارلێت هێشتا خۆشەویستیی (ئاشلی) هەر لە دڵدا ماوە و پێیەوە پەیوەستە، دەبنە هۆکاری دووبارە جیابوونەوەیان.
ڕۆمانەکە جگە لە چیرۆکی تراژیدی، ڕووداوی دراماتیکی و دیمەن و گرتەی ئازاربەخشی جەنگ، هاوکات لە میانی کەسایەتیی کچێکەوە، وێنای سروشت و پێکهاتەی کەسێتیی کۆمەڵگاکەی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، مەیلی تۆڵەسەندنەوە و ویستی لەداوخستن، جێبەخۆنەگرتوویی و ڕاڕایی، هەلپەرستی و خودپەرستی و زۆر شتی دیکە دەکات. (لەگەڵ با دا ڕۆیشت)، ڕۆمانێکە زۆر بە قووڵی، وردەکارییە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئەمریکی بە گشتی و کۆمەڵگای ویلایەتی جۆرجیا بەتایبەتی لە سەردەمی جەنگی ناوخۆدا دەگێڕێتەوە، ڕۆمانێکە سەرڕێژ لە ڕووداوی کاریگەر و ورووژێنەر کە بە زمانێک گێڕدراونەتەوە، خوێنەر ناچار دەکەن شوێنپێیان هەڵگرێ و دەستبەرداری خوێندنەوەیان نەبێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=