ناونیشانی پەرتووک: گرفتی دەق لە ڕۆمانی کوردیدا
ناوی نووسەر: #دڵشاد کاوانی#
دەزگای چاپ و پەخش: پڕۆژەی ئاگا
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
پەرتووکی ڕەخنەیی گرفتی دەق لە ڕۆمانی کوردیدا
پەرتووکێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە و تایبەتە بە ڕۆمان، لە نووسینی دڵشاد کاوانییە، بەمزووانە پڕۆژەی ئاگا بۆ یەکەمجار چاپ و بڵاوی دەکاتەوە و لە پێشانگای نێودەوڵەتی پەرتووک لە #سلێمانی# دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران.
ئەم پەرتووکە (146) لاپەڕەیە. لە دوو بەش پێکهاتووە و بەشى یەکەمیان خوێندنەوە و توێژینەوەى ڕەخنەیین، لە چوار ڕۆمانى کوردیی، دوو قەڵەمى پێش ڕاپەڕین و دوو قەڵەمى دواى ڕاپەڕین، لە پەرتووکەکەدا بە نموونە وەرگیراون.
بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد کاوانی نووسەری پەرتووکەکە ڕایگەیاند: هەر چوار ڕۆمان لەپاڵ جوانییەکانیاندا کۆمەڵێک کەموکووڕیان هەن، کە نووسەرانیان درکیان پێ نەکردووە و لەم پەرتووکە وەک کاری ڕەخنەیی پەنجەى خراوەتەسەر.
ڕۆمانەکانیش پێکهاتوون لە ڕۆمانی (#هەیئە#ی سەلام عەبدوڵڵا، #لە دایکبوونى دووەم#ی #پێشڕەو عەبدوڵڵا#، #کانێ بچووکێ#ی جوان عوسمان، #خەونەکانى مەتڕان#ی #زرار سەرتاش#، بایۆ ڕۆمانى غەمبار ئیبراهیم عومەر مەلازادە).
هەروەها وتی: بەشى دووەمى پەرتووکەکە سێ نامەى ئەدەبین، نامەی یەکەم بۆ ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت بەشێوەیەکی زانستییانە ڕۆمان بنووسن و ڕەگەز و بنەما زانستییەکانی ڕۆمانی تێدا خراوەتە ڕوو. دوو نامەکەى دیکە بۆ ئەو ڕۆماننووس و پەرتووکانە نووسراوە کە بەر لە چاپبوونی پەرتووکەکان، بە مەبەستى پێداچوونەوەى ئاڕاستەى خاوەنەکانیان کراوە.
لە پەرتووکی گرفتی دەقدا هاتووە، گەورەترین هەڵەى ڕۆمان نووسین لەوەدایە کە دەقاودەق لاسایی ڕۆمانى جیهانیی بکرێتەوە. زۆربەى ڕۆمانە بەناوبانگەکانى دونیا، بەتایبەتیی ڕۆمانى ڕۆژاوایی کە بە زمانێکى سادە بابەتێکى قووڵ باس دەکەن. وەلێ ڕۆمانى کوردیی بە زمانێکى قووڵ و ئاڵۆز، شتێکى سادە دەگێڕێتەوە. ئەم شێوازە لە دەربڕینى دەقى ئەدەبیدا بۆ هەردوو لا ڕاستە. پەیوەندیی بەئازادیی و پێشکەوتنى کۆمەڵگاکەوە هەیە، چونکە پانتایی ئازادیی و پێشکەوتن لە نووسیندا پەیوەستە بە نەریتە باوەکانى کۆمەڵگە و دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەلە کە ڕۆماننووس تێیدا لە دایک دەبێت.
پەرتووکی گرفتی دەق لە ڕۆمانی کوردیدا دووەمین پەرتووکی ڕەخنەیی نووسەرە لەبارەی ڕۆمانەوە. هەروەها یانزەمین پەرتووکی چاپکراویەتی کە بۆ یەکەمجار چاپ و بڵاو دەبێتەوە. [1]