کۆسار عوسمان
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو کە پەڕڵەمانتارێکی تورکە، لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەڕڵەمانی تورکیا لەلایەن بەکربۆزداغ، کە کوردە مایکەکەی لێ داخرا، لەمبارەیەوە بە ڕووداوی گوت، کاتێک مافی کوردان پێشێل دەکرێت، باسی چ پڕۆسەیەکی چارەسەری دەکەن!
گەرگەرلیئۆغڵو، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائەلی ڕۆژی سێشەممە #26-11-2024# لە وتارێکیدا لە پەڕڵەمانی تورکیا لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی مایکەکەی لەسەر داخرا. گەرگەرلیئۆغڵو لەمبارەیەوە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا ڕۆژی چوارشەممە#27-11-2024# وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ڕووداوی دایەوە.
ئەو ڕۆژە دانیشتنی پەڕڵەمان لەلایەن بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا سەرۆکایەتی کرا، کە کوردە و ئەندامی ئاکپارتییە. گەرگەرلیئۆغڵو دوای ئەوەی چەند درووشمێکی بە زمانی کوردی گوتەوە، مایکەکەی لەلایەن بەکر بۆزداغەوە داخرا.
ئەو پەڕڵەمانتارەی دەم پارتی وتی مێژووی پەڕڵەمانی تورکیا ئەمەشی بینی. من تورکم، کەچی لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەم کرد، بەڕێز بەکر بۆزداغ کە کوردە، مایکەکەی منی داخست. ئەمەیە حاڵی ئاکپارتی هاوڕێیان. دەبینن کە کێشەکە لە خۆمانە، هەر بۆیە گەورەترین کۆچی هزری لەم چەند ساڵەی دوایی لە تورکیا بووە. لەم وڵاتەدا دیموکراسی نییە.
ئەو پەڕڵەمانتارە تورکەی دەم پارتی بەو داکۆکیکردنەی لە زمانی کوردی و بەو کاردانەوەیەی لە دژی بەکر بۆزداغ، لە تورکیا بووە ڕۆژەڤ.
من، تورکم و داکۆکی لە مافی کوردان دەکەم
لە وەڵامی پرسیاری ڕووداو سەبارەت بەو ڕووداوەی لە پەڕڵەمانی تورکیا ڕوویدا و بووەتە ڕۆژەڤ، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو وتی من، ئەگەرچی کوردیش نیم، بەڵام ساڵانێکە هاواری ئەوە دەکەم ئەو قەدەخەکردنەی زمانی کوردی پێشێلکاریی مافی مرۆڤە. چونکە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو دژایەتیکردنەی کورد ببینەوە پێویست ناکات کورد بین، مرۆڤ بین بەسە. منیش وەکوو کەسێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە دژی زەوتکردنی مافەکانی کورد، تێدەکۆشم.
''من کە تورکم، لەسەر قسەکردنم بە زمانی کوردی، مایکەکەم لەلایەن کوردێکەوە داخرا''
گەرگەرلیئۆغڵو هەروەها ڕایگەیاند، لە کاتی وتارەکەی لەسەر سەکۆی پەڕڵەمان، چەند تابلۆیەکی بەرزکردووەتەوە کە یەکێکیان بە زمانی کوردی بووە، وتیشی کاتێک کوردییەکانم دەخوێندەوە، مایکەکەم دادەخرا. وتم خەڵک لەبەر وتنەوەی (ژن. ژیان، ئازادی) سزادەدرێن، وتم خۆ ئەو درووشمە نایاسایی نییە. ئەمە کەی شایستەی قەدەخەیە؟ هیچ نێوەڕۆکێکی خراپی تێدا نییە و سێ وشەیە گوزارشت لەسەر ژن، ژیان و ئازادی دەکات. دووبارە مایکەکەی داخستم.
ئەو پەڕڵەمانتارەی دەم پارتی باسی ئەو کاتەی کرد؛ بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمان داوای لێ کردووە، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەڕڵەمان قسە بکات.
هەروەها وتی دەیویست بڵێت نابێت من بە زمانی کوردی قسە بکەم. منیش لەوێ قسەی خۆمم کرد و زۆریش کاریگەر بوو. لەو باوەڕەدام ئەم وتەیەی من زۆر کاریگەرتر بوو لەوەی کوردێک بیکات. چونکە من تورکم، بەداخەوە جگە لە چەند وشەیەک نەبێت، زمانی کوردیش نازانم! ئینجا وتم، من تورکم و بە زمانی کوردی قسەم کرد، بە بەڕێز بەکر بۆزداغم گوت، تۆ کوردیت و ڕێگری لە من دەکەیت بە کوردی دەدوێم. هەروەها وتم، ئەمەیە حاڵی ئاکپارتی! من، پرسی کوردم لە تورکیا لە ماوەی 5-10 چرکەدا پوختکردەوە.
کاتێک ئەو قسەیە کرا، لە پەڕڵەمان چی ڕوویدا؟
ئەو پەڕڵەمانتارە تورکەی دەم پارتی بە ڕووداوی ڕاگەیاند، لە تورکیادا ئەگەر پشتگیری لە کورد بکەیت و داکۆکی لە مافەکانیان بکەیت، بە چاوێکی دیکە سەیرت دەکەن. هەروەها وتی لە دوای گوتەکانی من، بەکر بۆزداغ نەیتوانی هیچ وەڵامێک بداتەوە. چونکە نەیدەتوانی بەرانبەر ئەو هەموو کارە نایاساییە، شتێک بڵێت. جا لە دوای ئەو وتەیەی من، بەشێکی زۆری پەڕڵەمانتاران چەپڵەیان لێدا. بەشێکیان پێکەنین، چونکە تەنزێکی مێژوویی بوو.
بە زمانەکانی دیکە قسەمکردووە دەنگیان نەپچڕاندووم، بەڵام بۆ کوردی دەیپچڕێنن
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو وتی ئەو گرژییەی لە پەڕڵەمان درووستبوو، بەکر بۆزداغ درووستی کرد نەوەک ئەو. لەمبارەیەوە دەڵێت لەوێدا من سێ وشەم بە زمانی کوردی گوت، نە زیاتر. خۆ دەکرا بە زمانەکانی ئینگلیزی یان فەرەنسی ئەم وشانە بڵێم، ئەو کات کێشە درووست نەدەبوو. من، دەرچووی بەشی پێشنوێژ و وتارخوێنیم و سەروکارم لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکاندا هەیە. کاتی خۆی چەند جارێک لە پەڕڵەمان ئایەتم بە زمانی عەرەبی خوێندووەتەوە. ئەو کات ئاستەنگیان درووستنەکرد.
''هەندێک جار بە زمانی ئینگلیزیش شت دەڵێم، دەنگم ناپچڕێنن، بەڵام کە دێمە سەر زمانی کوردی، مامەڵەی تیرۆرستم لەگەڵدا دەکەن. ناکرێت دەنگی پەڕڵەمانتار دابخرێت، چونکە ئەوە دەنگی خەڵکە. دیموکراسی ئەمە ناڵێت. من دەزانم ئەمە چ کاردانەوەیەک لە دڵی کوردان درووستدەکات. ئەوان دەڵێن، بۆچی کاتێک بە زمانی من قسە دەکرێت، مایک دادەخرێت؟ دڵیان دەشکێت.
پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش دەست خۆشییان لێ کردم
ڕووداو پرسیاری ئەوەی لە گەرگەرلیئۆغڵو کرد، ئایا دوای ڕووداوەکە و دوای ئەوەی وتارەکەی تەواوکرد و گەڕایەوە سەر کورسییەکەی لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتی، چ کەشوهەوایەک لەنێو هۆڵی پەڕڵەمان درووستبوو؟ ئەو پەڕڵەمانتارەی دەم پارتی لە وەڵامدا وتی ئەوان زۆر دڵخۆش بوون. لە پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە دەست خۆشیم لێکرا. جگە لە ئاکپارتی، مەهەپە و ئیی پارتی لە تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکەوە کۆمێنتی باش هات و دەست خۆشییان کرد. بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی خراپیش لەلایەن ئاکپارتییەوە نەبوو بۆ من.
قەییوم نایاساییە و تەواوی کورد لە دژیەتی
لەو ماوەیەدا قەییوم بۆ پێنج سەرۆکشاوانی دەم پارتی و دوو سەرۆکشارەوانیی جەهەپە دانراون. عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو جەختیکردەوە لەوەی خەڵکی تورکیا دژی دانانی قەییوم و سیستمی قەییومن، جا دەنگیان بە هەر لایەنێک دابێت.
گەرگەرلیئۆغڵو وتی خەڵکی ئێمە دەزانن دانانی قەییوم زۆرەملێ، سیاسی و ئەنقەستە. دەوڵەت هەر کاتێک بیەوێت، وەکوو بڕیارێکی سیاسی سزای هاوسەرۆکی شارەوانی دەدات، جا زیاتر دەم پارتییە و هەندێک جاریش جەهەپە. هەمووان ئەمە دەبینن. بەڵام ئەگەر جەهەپەش بێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەی قەییومی بۆ دادەنرێت هەر کوردە. دوایین ئەو قەییومانەی دانران، بێگومان خەڵکیان تووڕە کرد. من ئەو تووڕەییە لە ناوچە کوردییەکان دەبینم، هەفتەی ڕابردوو لە باتمان (ئێلیﮪ) بووم. نەک هەر لایەنگرانی دەم پارتی، کوردان بە گشتی ئەوەش کە دەنگی بە دەم پارتی نەداوە، بەو قەییومە تێکچوون، نیگەران و تووڕەن. تەنانەت ئەگەر بەرانبەر پارتەکانی دیکەش قەییوم دابنرێت، کورد هەڵوێستیان هەیە و دژایەتیی دانانی قەییوم دەکەن.
ئەگەر مافی کورد ژێرپێ بکرێت، پەکەکەش بڕوات مەکەکە دێت
گەرگەرلیئۆغڵو سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری و پێشنیازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، ئێستا گەورەترین بابەتی گفتوگۆ لە تورکیا ئەوەیە ئایا ئاکپارتی و مەهەپە کۆکن لەسەر ئەو بابەتە یان نا؟!
هەروەها وتی ڕاستە ئێستا بانگەوازێک لەلایەن مەهەپەوە هەیە، ئەو بانگەوازەش بۆ ئەوە نییە بڵێت، تا ئێستا دەوڵەت لە پرسی کورددا هەڵە و نادادی کردووە، نا ئەمە ناڵێت. ناشڵێ بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کرا، پێکدادان درووست بوو. بەڵکوو دەڵێت با پەکەکە کۆتایی بێت. بەڵام کاتێک مافی کوردان ژێر پێ دەکرێت، ئەگەر پەکەکە بڕوات، مەکەکە دێت. کەواتە ئەمە نابێتە چارەسەر. تۆ کاتێک زمانی کوردی قەدەخە دەکەیت، باس لە چ پڕۆسەیەکی چارەسەری دەکەیت؟ لەم بابەتەدا ناکۆکی هەیە. ئەمە بە دانیشتن لەگەڵ ڕێکخراوێک چارەسەر نابێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی دەم پارتی و مامەڵەی لەگەڵ پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی بۆ دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گەرگەرلیئۆغڵو وتی دەم پارتی هیچ کات دەرگای دانەخستووە و نەیگوتووە با ڕوو نەدەینە مەهەپە. بەو دیدگەیە سەیری بابەتەکە دەکات لە دەرفەتێکە و دەکرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. باخچەلی دەڵێت با دەم پارتی و ئۆجەلان دیداربکەن. دەم پارتی دەڵێت: زۆر باشە با ئەو دیدارە سازبکەین. هیچ کات خەمساردیی لێ ناکات.
گۆرینی دەستوور، مەرجی چارەسەرکردنی پرسی کوردە
لەگەڵ درووستبوونی دیالۆگ لەبارەی پرسی چارەسەری، هاوکات پرسی گۆڕینی دەستووریش لە ڕۆژەڤە. پارتەکانی تورکیا ئەم دەستوورەی ئێستا بە بەرهەمی کودەتا ناودەبەن و کۆکن لەسەر ئەوەی بیگۆڕن.
گەرگەرلیئۆغڵو لەمبارەیەوە وتی بێگومان ئێمە چارەسەری یەکجارەکی پرسی کورد لە گۆڕینی دەستووردا دەبینین. ئەگەر دەستوور بگۆڕێت، ئەم پرسە چارەسەر دەبێت. ئەگەرنا بەشێوەیەکی دیکە ناکرێت. داواکارییەکی وەها هەیە، بەڵام ئەمە نیشانەی پرسیارە کە ئایا دەسەڵات چ جۆرە دەستوورێکی لە هزری داناوە. بێگومان ئەگەر دەستوور نەگۆڕدرێت، پڕۆسەی چارەسەری ئاسان نابێت.
ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات لە ساڵی 1982، دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتیی کەنعان ئەڤرەن ئامادە کراوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، یاساکە لە سەردەمی کودەتاکە بەجێماوە و پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
گۆڕینی دەستووری تورکیا لە ڕۆژەڤە و ناکۆکی لەسەر گۆڕینی چوار یەکەمین مادەش درووستبووە. بەشێک لە پارتەکان باس لەوە دەکەن بە هیچ شێوەیەک نابێت چوار یەکەمین مادەی دەستوور دەستکاری بکرێت. بەشێکیشیان پێیان وایە گۆڕانکاری لەو چوار مادەیەش ئاساییە. کورد لەگەڵ گۆڕینی ئەو چوار مادەیەیە، چونکە بەربەستی جیددیی سەبارەت بە پرسی کورد تێدایە. هەروەها مادەی 66یش کە تایبەتە بە تورکبوون و تەواوی هاووڵاتییان بە تورک دەناسێنێت، یەکێک لەو بەربەستانەیە.
ئەو چوار مادەیەی لە هەموارەکانی دەستووری تورکیا تاوەکوو ئێستا هێڵی سوورن:
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە.
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیاڵ و یاساسالارە.
مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللەتییەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باکگراوندەکەی ڕەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی سروودی سەربەخۆییە و پایتەخی ئەنقەرەیە.
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم، دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەمووار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.[1]