تیمی بالەی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# هەگبەی پڕە و دەیەوێت لە پاش ئەو ئامادەکارییە چڕانەی ئەنجامی دەدات لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق بە ژمارەیەکی قورس و بەهێزەوە ببینرێت.
لەم وەرزە تیمەکە بە سەرکردایەتی (سەڵاح کانەبی) ڕاهێنەر و لەژێر چاودێری دەستەی کارگێڕی بە شێوەیەکی چڕ ئامادەسازی دەکات تا لە یارییەکانی خولی ئێراق دا ئەنجام و دەست کەوت بگەڕێننەوە.
سەبارەت بە ئامادەکاریان م. #شێرزاد محەمەد حەسەن# سکرتێری یانەی وەرزشی پێشمەرگە و سەرپەرشتیاری تیمی بالەی یانەکە زانیاری زیاتری بە پێشمەرگە سپۆرت داو وتی، لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی یانەی پێشمەرگە تا ئەمڕۆ ئەو تیمە توانیویەتی هەڵگری دەیان نازناوی خولی نایابی یانەکانی کوردستان و ئێراق بێت، بەڵام جیاواز لە ساڵانی ڕابردوومان دەمانەوێت لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەکانی ئێراق دا بە تیمێکی نوێ کە ڕۆحێکی پرشنگداریان هەیە و گروتینێکی گەرمیان هەیە دەمانەوێت بگەڕێینەوە نێو ململانێی تیمە بەهێزەکان.
شێرزاد محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە تەواوی یاریزانانی تیمی ئەم وەرزە کوردن جگە لە یەک یاریزانی هێڵی بەرگریان نەبێت کە ئەویش ساڵانێکە خزمەت بە ناوی یانەکەیان دەکات و وەک یاریزانەکانی دیکە دەی بینن چونکە دڵسۆزانە خزمەت بە ناوی پێشمەرگە دەکات.
دواجار سکرتێری یانەی پێشمەرگە وتی چاوەڕوانی وەرزی نوێی یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی ئێراق دەبین و ئاستی ئەم تیمەش لەو خولەدا دەبێتە جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هاندەرانیشمان.[1]