بژار زوبێر
لینزی گرام، ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوا دەکات وڵاتەکەی ڕێگە بە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی نەدات هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە# ) و هۆشداریش لە مەترسیی شکاندنی زیندانەکانی داعش دەدات.
لینزی گرام لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێزانینی خۆی بۆ هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا ڕادەگەیێنێت، بەڵام دەڵێت ئەوە بەس نییە. پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی 50 هەزار بەندکراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەندکراون. ئازادناکرێن.
هۆشداریی سیناتۆرەکە لە کاتێکدایە؛ گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی کورد لە دێرەزوور و منبج کردووە.
گرام دەڵێت نابێت ڕێگە بدەین تورکیا یان ئەو گرووپە ئیسلامییە تووندڕۆیانەی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، هەڕەشە لە هێزە کوردییەکان بکەن کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا لە تێکشکاندنی داعش یارمەتیی ئێمەیان داوە.
ئەمریکا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا هەیە، هەسەدە بە هاوبەشیی سەرەکیی خۆی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا دەبینێت.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن تورکیای هاوپەیمانی ناتۆوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت.
گرام ڕۆژی دووشەممە، 9-12-2024، نووسیویەتی تورکیا، نیگەرانی ڕەوای بەرانبەر گرووپە جیاجیاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە. بەڵام ئەگەر ململانێ لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا درووستبێت، یان ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان، شکاندنی زیندانیی داعشی لێ دەکەوێتەوە، کە دەبێتە مۆتەکە بۆ ئەمریکا.
سیناتۆرەکە، هەڕەشەی سەپاندنی سزا لە ئەنقەرە دەکات و دەڵێت لە ڕابردوودا سزام بۆ سەر تورکیا ئامادەکردووە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان بکەن، ئەوانەی لە لەنێوبردنی داعشدا یارمەتیی سەرۆک ترەمپیان دا. جارێکی دیکە ئامادەم هەمان کار بکەم.
بەڵام لە هەمان کاتدا، پێیوایە ئەنقەرە شایستەی ئەوەیە ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراوی لەنێوان باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و تورکیادا هەبێت بۆ ئەوەی بەرژوەندییەکانی بپارێزرێن، بەڵام ئەگەر تورکیا هەنگاوی سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان لە سووریا بنێت، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسیی گەورەوە.
لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕووخانی خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی ڕاگەیاند، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و ئێراقن، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن. هەروەها 45 هەزار و 355 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
گرام هۆشداری لە ئازادکردنیان دەدات و دەڵێت دوایین جار کە داعش لە دەسەڵات بوو، هەزاران ئەورووپی و ئەمریکی بە پیلانگێڕییەکانی داعش کە لە سووریاوە دادەنران، کوژران. هەروەها سەرهەڵدانەوەی داعش پشێوی لە تەواوی ناوچەکەدا درووستدەکات، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەزبوونەوەی نرخەکانی گاز لای ئێمە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی یەکشەممە، لە پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارە دژبەرەکاندا لە منبج، 17 شەڕڤان و 9 چەکدار کوژراون.
ڕۆژی یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحە بە ڕۆژنامەڤانانی ڕاگەیاند ئێمە لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکانمان لە پەیوەندیداین. ئەوان دەزانن ئێمە چەند هەستیارین لە بەرانبەر پرسی یەپەگە و پەکەکە. ئەوان دەزانن هەر کاتێک لەوانەوە هەڕەشە بکرێتە سەر تورکیا، ئێمە دەستبەجێ وەڵام و کاردانەوەمان دەبێت.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئامادەن وەک بەشێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەن، هاکان فیدان لە هەمان کۆنفرانسدا بە ڕووداوی وت ناکرێت هیچ لقێکی پەکەکە لە سووریا بە هاوبەشێکی ڕەوا دابنرێت و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بکرێت، چونکە ڕیزەکانیان پڕن لە شەڕکەری تیرۆرستی نێودەوڵەتی. ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، ئێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسووریاییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە ڕاستییەکی ئاشکرایە. بۆیە بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی قسەیان لە بارەی دۆخی سووریا کردووە.
پێنتاگۆن دەڵێت وەزیر [لۆید] ئۆستن و وەزیر [یاشار] گولەر هەردووکیان جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نزیک لەنێوان ئەمریکا و تورکیا کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گرژیی زیاتری دۆخە شلەقاوەکە بکەن، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش، دووربخەنەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن دا هاتووە، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن، لەنێویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، هەروەها پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییە مرۆییەکان.
پێنتاگۆن دەشڵێت، ئۆستن پێزانینی خۆی بۆ نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی تورکیا دەربڕی و مەترسییەکانی داعش و گرووپە شەڕەنگێزەکانی دیکەی لە ناوچەکەدا لەگەڵ گولەر تاوتوێکردن.
ڕۆژی یەکشەممە، دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنامەی ئەمنیدا لە پایتەختی بەحرەین وتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە و، واشنتن هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش لە سووریا.[1]