پەیمان محەمەد
پەڕڵەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت: پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هەڵوێستیان هەبێت. دەشڵێت: ''دەمانەوێت کێشەکە لە ڕێگەی دانووستاندنەوە چارەسەر بکرێت.''
ڕۆژی دووشەممە، #23-12-2024# ، لایەنگرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەسەر سنووری کۆبانی لەنێوان ڕۆژاوا و باکووری کوردستان، دژی هێرشی تورکیا و هێزەکانی نزیکی بۆ سەر ڕۆئاوای کوردستان گردبوونەوە و#عومەر ئۆجەلان# ، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ''لە هێرشەکانی تورکیادا ڕۆژنامەڤانیش دەکوژرێن، کوشتنی ڕۆژنامەڤان سەرکۆنە دەکەین.''
عومەر ئۆجەلان وتی: ''ئێستا تەنیا شەش کیلۆمەتر لە کۆبانی دوورین، خوشک و برایانمان لە ڕۆژاوای کوردستان لەبیرناکەین، گەلی کورد دەمێکە بۆ ئاشتی و چارەسەریی دیموکراسییانە هەوڵ دەدات.''
8ی ئەم مانگە، دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە هێنا. لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەی هەتەشە، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە چەند ناوچەیەک دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستی پێ کرد.
عومەر ئۆجەلان وتی: ''سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە هەمبەر ڕۆژاوای کوردستان قبووڵ ناکرێت، ئەم شەڕەی لە کۆبانی ڕوودەدات، دژی خوشک و برای ئێمەیە.''
ئەو پەڕڵەمانتارەی دەم پارتی ڕووی دەمی کردە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وتی، لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان کە دەیانەوێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، ئێوەش دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بوەستنەوە.
بیانووی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەوەیە کە بەشێک لە هێزەکانیان، ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەش ڕایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە ڕێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، سووریا جێدەهێڵن.
عومەر ئۆجەلان دەڵێت: ڕۆژاوای کوردستان دەستی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی درێژ کردووە و ئێمەش پاڵپشتی دەکەین؛ دەمانەوێت ئەم بابەتە لە ڕێگەی دانووستاندنەوە چارەسەر بکرێت.''
عومەر ئۆجەلان داوای کرد کۆتایی بە هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان بهێنرێت و وتی: ''بانگەوازیی ئێمە بۆ هەموو پارتە کوردییەکانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کاتی بەرزکردنەوەی ناسنامەی کورد، بەرژەوەندیی گەلی کورد و ئازادیی وڵاتە.''
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.[1]