دیار سلێمان
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: ناکرێت حکومەتی تورکیا لەلایەک باسی ئاشتیی نێوخۆ بکات و لەلایەکیش هێرش بکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان؛ دەشڵێت، ''تورکیا تاکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە دژی کورد''ی ڕۆژاوای کوردستانە.
#تونجەر باکرهان# ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕۆژی سێشەممە، #24-12-2024# ، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی پرسی کورد و دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و سووریا قسەی کرد.
باکرهان، لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا وتی، ''تاوەکوو زەوتکردنی قەییوم کۆتاییدێت و دیموکراسیی نێوخۆیی بەرقەرار دەبێت، دژی کودەتا سیاسییەکان دەوەستین. ئەم خراپەکارییە هەر دەبێت تەواو بێت. ڕێگەیەکی دیکە نییە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند، نەیتوانیوە ئاشتیی نێوخۆیی بەرقەرار بکات و ڕایگەیاند، ''شەڕی سووریا دیسانەوە نیشانی دا کە ئەو وڵاتانەی دیموکراسی، ئاشتیی نێوخۆیی و کۆمەڵگەیی تێدانەبێت و مافی ڕەنجدەری نەدابێت، لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا دەبێت''.
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت چارەسەری کێشەکانی سووریا لەنێو وڵاتەکە چارەسەر بکرێت و وتی، ''چارەسەر بریتی نییە لە دەستوەردانی دەرەکی. سوننەکان، عەرەبەکان، عەلەوییەکان، کوردەکان، درووزییەکان، تورکمانەکان، چەرکەسەکان، سریانییەکان لە سووریان. سووریا موڵکی سووریاییەکانە.''
هاوسەرۆکی دەم پارتی حکومەتی تورکیای تۆمەتبارکرد بەوەی دەستی هەبووە و هەیە لە شێواندنی دۆخی سووریا و بەردەوام چەکی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە و ئاماژەی بەوەدا، بەم جۆرە ئاساییشی سووریا بەرقەرارنابێت و بە پێچەوانەوە ''وا دەکات سووریا وەک لوبنان و لیبیای لێبێت''.
باکرهان ڕەخنەی لە مامەڵە و سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە بەرانبەر کوردی ڕۆژاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ناکرێت لە تورکیا باسی ئاشتیی نێوخۆیی بکرێت و لە ڕۆژاوای کوردستانیش شەڕ لە دژی کورد بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی، کێشەی حکومەتی تورکیا تەنیا لەگەڵ کوردە و ئەو وڵاتە بوونی هەسەدە و پەیەدەی لەوێ کردووەتە بیانوو و بەو جۆرە بەردەوامیی بە دوژمنایەتیکردنی کورد دەدات.
باکرهان هەروەها باسی لەوە کرد، تورکیا تاکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات و ڕایگەیاند، ''لە نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 205 وڵات هەن. لەنێو ئەو 205 وڵاتەدا جگە لە تورکیا هیچ کامیان دژی مافەکانی کوردی سووریا نین، واتە 204 وڵات دەڵێن با کوردەکان مافە دیموکراسییەکانیان بەدەستبهێنن. تەنیا لای تورکیا یاسا، ماف و پێگە بۆ کوردەکان نییە''.
تورکیا دەڵێت: پەیەدە باڵی ڕۆژاوای کوردستان و سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کێشەکەی لەگەڵ ئەو هەیە.
یەپەگەی باڵی سەربازیی پەیەدە پێکهێنەری سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. [1]