بژار زوبێر
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: پێویستە کێشەی کورد [لە سووریا] چارەسەربکرێت.
پووتین لە مۆسکۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی ساڵانەدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی سووریا دایەوە؛ ئەو وڵاتەی دوای 13 ساڵ لە جەنگێکی نێوخۆی خوێناوی، 8ی ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە بەشێکیان لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانیی مۆسکۆ هێنا.
لە بارەی پێگەی کورد لە داهاتووی سووریادا، پووتین بە ڕۆژنامەڤانان و ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی گوت: کێشەی کورد پێویستە بە ڕێگەیەک چارەسەر بکرێت. پێویست بوو لە سەردەمی سەرۆک ئەسەد لە سووریا چارەسەرکرابایە. ئێستا پێویستی بەوەیە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی خاکی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، چارەسەربکرێت.
سەرۆکی ڕووسیا پێیوایە، ئیسرائیل کە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەرێکی زیاتری لە خاکی سووریا لە نزیک گۆلان خستە ژێر دەسەڵاتی، سوودمەندی سەرەکیی دۆخی ئێستای سووریایە، بەڵام بە وتەی خۆی، تورکیاش بەرژەوەندی لە ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەددا هەیە، لەوانەش بۆ پاشەکشەکردن بە هێزە کوردییەکان.
پووتین وتی: تورکیا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ئاساییشی سنووری باشووری خۆی بپارێزێت و هەلومەرجی لەبار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لە وڵاتەکەیەوە بۆ ئەو ناوچانەی سووریا کە لە ڕاستیدا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدان؛ هەروەها بۆ ئەوەی پاشەکشە بە هێزە کوردییەکان بکات.
سەرۆکی ڕووسیا پێیوایە، هەموو ئەم ئامانجانەی تورکیا ڕەنگە ڕێیان تێبچێت و تا ڕادەیەک بەدیبهێندرێن، بەڵام سوودمەندی سەرەکیی لە ڕووداوەکانی ئێستای سووریا، ئیسرائیلە.
ڤلادیمیر پووتین لەبارەی کورد لە پارچەکانی دیکەش قسەی کرد و وتی، لە تورکیا دەیان ملیۆن هەن. ژمارەیەکی زۆر لە ئێران و ئێراق دەژین. چەند کورد لەوێ دەژین؟ ئێوە بێگومان وەڵامەکەی باشتر دەزانن، بەڵام لانی کەم 30 بۆ 35 ملیۆنن. ڕاستە؟
سەرۆکی ڕووسیا زیاتر لەبارەی کورد قسەی کرد و وتی، پرسی کورد کێشەیەکی جیدییە و کوردەکان کەسانی جیدی و جەنگاوەری جیدین؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد درا، بەڵام فریو دران و فێڵیان لێکرا.
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکەن، چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بەشێکی ڕۆژاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.
لە ساڵی 2015 هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە عەرەبە هاوپەیمانەکانیان هێزێکی یەکگرتوویان بە ناویهێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پاراستنی ناوچەکانیان پێکهێنا و چەند مانگێک دواتر، باڵی سیاسیی هێزەکەیان بە ناوی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) ڕاگەیاند. لە سێیەم کۆنگرەی مەسەدەدا لە ساڵی 2018، کاتێک هەسەدە نزیکبوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی دوایین پێگەکانی داعش، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەک قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسی ڕاگەیاند.
قەوارەکە ئامانجییەتی لە سووریای نوێدا پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بکات، بەڵام هەسەدە کە سوپای دیفاکتۆی قەوارەکەیە، لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی تێدایە.
گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی تورکیا لەپێش و دوای ڕووخانی ئەسەد هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. دوای لاچوونی ئەسەد لە دەسەڵات هێرشەکان زیاتر بوون.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت: ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەوا ئەو شەڕڤانانەی کە خەڵکی سووریا نین، وڵاتەکە جێدەهێڵن.
پووتینیش دەڵێت: تورکیا پێویستی بەوەیە ئاساییشی خۆی مسۆگەر بکات، ئێمە هەموومان لەمە تێدەگەین.
مەزڵوم عەبدی پێشنیاز دەکات لە کۆبانێی ڕۆژاوای کوردستان ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا درووستبکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنرێنەوە و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ ناوچەکە دەستەبەربکرێت.
بەڵام زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ناکەین، وتیشی: ئامادەکاری و ڕێکارەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە/یەپەگە چەک دادەنێت و چەکدارە بیانییەکانی نێوی سووریا جێدەهێڵن.
لەو بارەیەوە، مەزڵوم عەبدی بە ڕۆیتەرزی گوت: لەبەر ئەوەی دۆخێکی نوێ لە سووریادا هەیە، کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتیی ئێمەیان دا، بەسەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام فەرماندە کوردەکە لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەین.[1]