تیپی تۆپی پێی #یانەی وەرزشی دهۆک# بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا سەرکەوت بۆ یارییەکانی جامی کەنداوی یانەکانی عەرەبی، و بە نوێنەرایەتی یانەکانی ئێراق شانبەشانی یانەکانی وڵاتانی عەرەب بەشداری جامەکە دەکات، یانەی دهۆک ئەم وەرزە هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی لە سەرەتای دەستپێکی خولەکە هەیبوو بیپێکێت، دوای بەدەست هێنانی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکان توانی بۆ یارییەکانی پلەی ئۆف سەرکەوێت و لە لەسەر حیسابی یانەکانی (زەورا و نەجەف) پلێتی سەرکەوتنی بۆ جامی کەنداوی عەرەبی مسۆگەر کرد، لە شاری بەغداش لە دواین یارییەک بە ئاستێکی بەرز دەرکەوت بەرانبەر یانەی نەجەف و توانی یارییەکەی بە تاکە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لێ بباتەوە، دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی دهۆک ئەم وەرزە لە ڕێگەی پاڵپشتییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیان ئاست و ئەنجامی شایستە لە خولی پیشەگەرانی ئێراق بە دەست بهێنن، دهۆکییەکان لە جامی کەنداو شانبەشانی حەوت یانەی تری عەرەبی یاری دەکەن، لە ئێستادا کارگێڕیی یانەکەش دەستیان بە خۆرێکخستنەوەی نوێی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵێک یاریزانی ئەستێرە و بەتوانا بهێنن بۆ ڕیزی یانەکەیان بۆ ئەوەی ئەم وەرزە هەم لە جامی کەنداو، هەمیش لە خولی ئەستێرەکانی ئێراق بتوانن پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانیان بکەن و درێژەپێدەری ئەم وەرزە بن لە خولەکە، دهۆک ئەم وەرزە لە خولی پیشەگەران بە درێژایی خولەکە بە پێکهاتەیەکی بەهێز و پڕ لە ئەستێرە کوردەکانی شارەکانی کوردستان شەڕی سەرجەم یانەکانی تری ئێراقی کردووە و هاندەرانی یانەکەش پاڵپشتییەکی بەهێزی یانەکە بووینە لە یارییەکان و بەردەوام پاڵپشتی تیپەکەیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئاست و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن. لە ئێستادا یانەی دهۆک بەفەرمی گرێبەستی یاریزان (پاشەنگ عەبدوڵڵا)ی یەکلای کردووە کە یاریزانێکی کوردی تاراوگەیە و گرێبەستی ژمارەیەک یاریزانی کوردی ڕیزی یانەکەشی تازە کردووەتەوە بۆ وەرزی نوێی خولەکە، لە بارەی سەرکەوتنەکانی یانەکە دکتۆر عەبدوڵڵا سەرۆکی یانەی وەرزشی دهۆک وتی سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەت دەکەین بۆ بەردەوامبوونمان و سوپاسی خەڵکی شاری #دهۆک# و شارەکانی کوردستان دەکەم کە پشتیوانی یانەکەمان بوون و هاندەرانمان ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە سەرکەوتنی یانەکەمان، هەنگاوبەهەنگاو ئاستی تیپەکەمان بەرەو قۆناغی باشتر دەبەین.[1]