وەرزشی مەلەوانی یەکێک لەم وەرزشانەی کە وەرزشوانان و چینەکانی کۆمەڵگەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئێستادا ڕوویان لەم وەرزشە کردووە بۆ ئەوەی هەم لایەنی تەندرووستیان بەهێز بکەن و هەم لەپاڵ لایەنی جەستەیی وەرزشەکەش ئەنجام بدەن و ئارەزووەکانیان وەکوو وەرزش بەدی بهێنن، لە وەرزی هاوین چینەکانی کۆمەڵگە بە هەموو ئاستەکانی ڕوو لەم وەرزشە دەکەن، بەشێک بۆ وەرزش کردن و کۆمەڵێکیش بۆ باشبوونی لایەنی تەندرووستی، بەشێکیش بە ڕێنمایی پزیشکی دەچنە نێو ئاو، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش خواستنی خەڵک بۆ ئەم یارییە زیاتر دەکات و زۆربەی مەلەوانگەکان پڕبوونە لە فێرخواز و وەرزشوانان، گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم پرسە سەردانی یەکێک لە مەلەوانگەکانی کردووە و ئەم ڕاپۆرتەی ئەنجامدا و بۆچوونی خەڵکی جۆراوجۆری وەرگرتووە، ئەوانیش قسەی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان هەبووە.
ڕاهێنەر مەولود ئەسعەد لە بارەی یاری مەلەوانی لە وەرزی هاویندا بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: لەم وەرزەی هاوین بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر خواستی لە سەرە، لە وەرزی زستانیش باشە، چونکە ئاوی مەلەوانگەکەمان گەرمە بەڵام خواستی زیاتر لەسەر نییە وەکوو هاوین، لەبارەی هاتنی خەڵکیش وتی چەند جۆرێک خەڵک سەردانمان دەکەن هەیە بۆ فێربوون دێت و هەیە بۆ نەخۆشی و لێرە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە وەزیر بگرە تا هاونیشتمانی ئاسایی سەردانی ئێرە دەکات، بەشێکیش بۆ چارەسەری پزیشکی دێنە مەلەوانگەکان، ئێمە جگە لە مەلەوانی چالاکی جۆراوجۆرمان هەیە وەکوو تێنس چەندین خولی تریش دەکەینەوە بۆ ئەوەی چالاکییەکان هەمەجۆربن، لە بەرنامەشمان دایە وەکوو (ئاکا فتنس) پاڵەوانێتی جۆراوجۆری وەرزشی ئەنجام بدەین، لە هەوڵی ئەوەشین تیپێکی مەلەوانی بە ناوی مەلەوانگەکەمان درووست بکەین بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی #هەولێر# و ئاستی کوردستانیش، لە هەوڵیشین بیکەینە یانە، لە بارەی گرفتەکانی یاری مەلەوانی مەولود وتیشی زیاتر کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ژمارەیەک خەڵک دێنە ئێرە دەڵێن مەلەوانی دەزانین کەچی یاریزان نییە و هیچ زانیارییەکیان نییە دەبێتە گرفت بۆ ئێمەی ڕاهێنەر، هەروەها ئێمە زیاتر سەلامەتی یاریزانانمان دەوێت بەهۆی سەلامەتی.
لە بارەی ئافرەتانیش وتی بۆ ئافرەتانیش ڕاهێنەری تایبەتمان هەیە و چەندین خولی جۆراوجۆرمان بۆ خانمانیش هەیە، ئەوانیش جۆراوجۆرن بۆ وەرزش و فێربوون و نەخۆشی دێن، لەبارەی پاکوخاوێنی ئاوەکەش و بوونی سەلامەتی تەندرووستی وتی هەفتەی جارێک ئاوەکە دەگۆڕێت و (ڤاکیۆم)ی ئاوەکەش دەکەین بۆ ئەوەی سەلامەتی مەلەزانان مسۆگەر بکەین و شەوانەش دەرمان و تەقیمی ئاوەکە دەکەین. جگە لەوەش قوتابییانی قوتابخانەکان سەردانمان دەکەن بۆ فێربوون و هەمیش بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.
(مەروان هێرش مستەفا) یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یاری مەلەوانی لە شاری هەولێر لەم بارەشەوە بۆ گۆڤاری گوڵان وتی ڕۆژانە کە دێمە ئێرە بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم لە یاری مەلەوانی و هەمیش وەرزشەکە ئەنجام بدەم، مەشقیش دەکەم بۆ ئەوەی بەردەوام لە ئامادە باشیدا بم بۆ ئەوەی بتوانین ئامادە بین بۆ خول و پاڵەوانێتییەکان، جگە لەوەش لەم مەلەوانگەیە یارمەتی یاریزانانیش دەدەم ئەوەی پێویستی بە هاوکاری بێت، مەلەوانی بەردەوام گرنگی خۆی هەیە بۆ تەندرووستی و هەمیش دونیایەکی جیاوازە لە وەرزشەکانی تر، هەوڵ دەدەم توانای خۆم زیاتر بەرەو پێش ببەم و بگەمە ئاستێکی بەرز.
(عومەر ئەیاد) فێرخوازی یاری مەلەوانی لە بارەی هاتنی بۆ ئەم یارییە بۆ گۆڤاری گوڵان وتی من وەکوو یاریزان لێرە نیم، بەڵام لەشێکی گران و کێشی زۆرم هەبوو، سوپاس بۆ خوا لێرە هەم کێشم دابەزییە و هەمیش فێری یاری مەلەوانی بووم، دەمەوێت زیاتر گرنگی بە تەندرووستی خۆم و دابەزاندنی کێشم بدەم و بۆ ئەوەی لەش و لارێکی ڕێکم هەبێت و بتوانم زیاتر گرنگی بە تواناکانی خۆم بدەم، لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەم ئاستم باشتر بێت، لێرەش لەلایەن ڕاهێنەرانەوە گرنگی زۆر بە فێرخوازان دەدرێت.
(سیرات سیروان) فێرخوازی یاری مەلەوانی لە بارەی ئەم یارییە بۆ گۆڤاری گوڵان وتی من زیاتر بۆ لایەنی تەندرووستی هاتوومەتە ئێرە، کێشم زۆرە و زۆر جار گرفتم بۆ درووست دەبێت، لێرە هەم گرنگی بە تەندرووستییەکەم دەدەم و گرنگی بە دابەزاندنی کێشیشم دەدەم، دەمەوێت لە داهاتوودا ببمە یاریزانیش و بەشداری کێبڕکێیەکان بکەم، زۆریش ئاسوودەم کە لێرە وەرزش بە باشی ئەنجام دەدرێ و مامۆستایان گرنگی زۆرمان پێ دەدەن.[1]