پەیام سەربەست
کوردڤین ئەیوب، کچە دەرهێنەرێکی کوردە و خەڵکی دهۆکە و لە نەمسا دەژی، لە چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە بەشداربوو و فیلمەکەی مانگ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەدا بۆ فیلمە درژەکان کێبڕکێی دەکرد. چیرۆکی فیلمەکەی لە ئوردنە و باسی یاخیبوونی کچان لە ماڵباتەکانیان دەکات.
تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕووماڵی فێستیڤاڵەکەی کرد و لە چوارچێوەی ڕووماڵەکەدا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە کوردەدا کرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: کوردڤین، زۆر دڵخۆشم بە بینینت لێرە. تۆ خانمێکی کوردیت و لێرەیت لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور. زۆر خۆشحاڵم بە بینینت. دەکرێت باسی کارەکانت بکەیت، بەتایبەتیی ئەم فیلمە خەیاڵییەی کە لە کێبڕکێی فێستیڤاڵی دەریای سووردایە؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، ناوی مانگە و باسی یاریزانێکی نەمساوی (MMA) دەکات کە دەبێتە ڕاهێنەری تایبەتیی خێزانێکی دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو دەچێت بۆ لای ئەو خێزانە لە ئوردن و کچەکان ڕادەهێنێت، بەڵام ئەوان زۆر خۆیانی لێنادەن. دوای ماوەیەک، تێدەگات کە کچەکان نایانەوێت لەگەڵ خێزانەکەیان بمێننەوە و دەیانەوێت هەڵبێن، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا یارمەتییان دەدات یان نا؟ وەکوو کەسێکی ئەوروپی کە لەوانەیە تۆزێک سارد بێت یان زۆرترسنۆک بێت بۆ هاتن و یارمەتیدانیان.
ڕووداو: سەرچاوەی ئیلهامی ئەم چیرۆکە چی بوو؟
کوردڤین ئەیوب: پێم وایە ئیلهام وەکوو زۆر خێزان و چیرۆکی لەم جۆرە هەن، وەکوو ئە کچانەی دەیانەوێت لە خێزانەکانیان و لە ماڵەوە دەربچن و یاخی ببن و ئازادییان دەوێت.
ڕووداو: باسی ئەو کاتە بکە کە پێویست بوو بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە و ستافەکە، ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون، بەرهەمهێنەرەکان و تەنانەت زمانەکەش. پێم وایە فیلمەکە بە ئەڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزییە، وایە؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ. چەند ساڵێکم پێویست بوو بۆ نووسینی سیناریۆکە چونکە پڕۆسەیەکی درێژە بۆ نووسینی سیناریۆیەکی باش و پەیداکردنی پارە. هاوکاری داراییم لە نەمسا و ئەڵمانیا و کەناڵی ئارتێ وەرگرت، پاشان ئەکتەر و ناوێکی هونەری گەورەم بۆ کارەکتەری سەرەکی هەبوو، هەروەها چەند ناوێکی گەورەی ئوردنیش، وەک ئەندرێا تایل. پێم وایە ئەو ئەستێرەیەکی نێتفلیکسە لێرە. ئەویش یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان بوو. بەڵێ، پڕۆسەیەکی درێژ بوو، بەڵام بە باشی بەڕێوەچوو.
ڕووداو: وەک فیلمسازێکی کورد کە لە نەمسا دەژیت، چۆن بڕیارت دا چیرۆکێک لە ئوردن بەرهەمبهێنیت؟ بۆچی ئوردن؟
کوردڤین ئەیوب: بەڕاستی، ئوردن شوێنێکی زۆر باشە بۆ فیلمسازی و لە کولتووری ئێراقی دەچێت، تۆزێکیش لە کولتووری کوردی دەچێت، چونکە لە وڵاتانی کەنداو کراوەترە. پێم وایە، و بردنی ستافێکی گەورە بۆ ئێراق بۆ وێنەگرتن ئێستا کەمێک قورسە بەهۆی بیمە و پارە و شتی دیکەش. کەواتە ئوردن زیاتر وەکوو وڵاتێکە بۆ پڕۆژەکانی هۆڵیوود، بۆیە چووینە ئەوێ.
ڕووداو: پەیامی سەرەکی ئەم فیلمە چییە؟
کوردڤین ئەیوب: پەیامی سەرەکیی ئەم فیلمە، بەهێزکردنی ژنانە، لە هەر شوێنێک بن. ئەگەر لە نەمسا یان لە ئوردن یان لە قەتەر بژین، لە هەر کوێیەک بن، دەبێت خۆیان ئازاد بکەن و دەبێت خۆیان ئەمە بکەن. هەروەها دەستەخوشکی، ئایا ژنان یارمەتیی یەکدی دەدەن و پشتیوانی یەکدین؟ هەروەها گێڕانەوانەی هەمانە، ئەو بیرکردنەوەیەی کە خەڵکی ئەوروپا یارمەتیمان دەدەن، بەڵام هەندێک جار ئەوە سەختە.
ڕووداو: کەواتە چۆن مانگ گەیشتە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە جەددە؟
کوردڤین ئەیوب: یەکەم نمایشمان لە لۆکارنۆ لە سویسرا بوو، کە یەکێکە لە فێستیڤاڵە سەرەکییەکانی ئەوروپا. لەوێ خەڵاتێکمان بردەوە، بۆیە پێم وایە ئەوان ئاگاداری فیلمەکە بوون، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە فیلمی پێشووم، سۆن، واتە خۆر، یەکەم نمایشی لە دەریای سوور بوو.
ڕووداو: لە دەریای سوور، کەواتە یەکەم جار نییە؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، بەڵام یەکەم جارمە هاتوومەتە ئێرە، بەڵام دووەم جارە بۆ فیلمێک لێرەم.
ڕووداو: چۆن سەیری ئەمە دەکەیت؟ ئایا کولتووری وڵاتەکە و ئەو هەوڵانەت بینی کە چۆن ئێستا سعودییەکان پشتگیری سینەما دەکەن؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، هەوڵێکی گەورە هەیە. نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا هاتینە ئێرە، هەرگیز ئەوەندە ئەستێرەیەی فیلمم نەبینیوە. سەیر بوو.
ڕووداو: سەیر بوو.
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، فەرشی سووری گەورە و بزنس کلاس و هەموو شتێک. زۆر گەورەیە.
ڕووداو: چاوەڕێی شتی وات نەدەکرد؟
کوردڤین ئەیوب: چاوەڕێم دەکرد، بەڵام چاوەڕێم نەدەکرد ئەوەندە گەورە بێت. هیوادارم هانی زۆر فیلمسازی ژن بدەن کە لێرەش لایەنگریان هەبێت و لێرە فیلم درووستبکەن، ئەوە باش دەبێت. هیوادارم هەموو ئەوشتانەی لێرە دەیکەن یارمەتیی ئەوە بدات.
ڕووداو: با باسی گەشتەکەت بۆ دنیای سینەما بکەین. کاتێک دەستتپێکرد چۆن بوو؟
کوردڤین ئەیوب: کەی دەستمپێکرد؟ چیرۆکێکی نموونەیی پەنابەریم هەبوو لەگەڵ دایک و باوکم. لە ساڵی 1991 هاتینە نەمسا، ئەوان زۆر کاریان دەکرد. دەبوو دووبارە بخوێنن، شەوان کاربکەن. من چوومە قوتابخانە و باخچەی ساوایان و هەموو شتێک. زۆر قورس بوو بۆ من. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی من زۆرباش لە کوردی تێدەگەم، بەڵام ناتوانم زۆر باش قسەی پێبکەم چونکە شێوەزارەکەم زۆر سەیرە. چونکە دایک و باوکم دەبوو کاربکەن. ئاسان نییە چونکە خەڵک وا بیردەکەنەوە کاتێک وڵاتەکانیان جێدەهێڵن و دەچن بۆ ئەوروپا، ئاسانە، بەڵام وانییە. وەکوو خەباتێکی گەورە وایە. بۆیە ئەم فیلمەش بۆ من زۆر گرنگە بۆ پێشاندانی ئەوەی کە کاتێک دەتەوێت پەنا ببەیتە بەر کولتوورێکی دیکەی وەکوو ئەوروپا، سەختە. ئەوان بەئاسانی یارمەتیت نادەن. کاتێک من لە نەمسا گەورە بووم، لە بەردەم تەلەڤزیۆن، تەلەڤزیۆنی ئەڵمانی گەورە بووم. هەمیشە دەمویست فیلم و فیلمی وا درووستبکەم وەکوو فیلمەکانی هۆڵیوود، دوای ماوەیەک خەونەکە گەورەتر بوو و بەڕاستی دەمویست فیلم درووست بکەم.
ڕووداو: کێ نموونەی باڵای تۆیە؟
کوردڤین ئەیوب: کاتێک دەستمپێکرد، نایت شیالامان بوو. پێم وایە شیالامان یان شیامالان. هەمیشە ئەو فیلمی گەورەی هۆڵیوود درووستدەکات، فیلمی زۆر سەیری هۆڵیوودی درووستکردووە، بۆیە ئەوەم پێخۆش بوو چونکە پێم وایە منیش بە جۆرێک سەیرم، بۆیە منیش دەمویست فیلمی وەکوو ئەو درووستبکەم، دوای ماوەیەک بینیم فیلمی دیکە هەن جگە لە فیلمەکانی هۆڵیوود. فیلمی هونەری و ناوی گەورەی دیکە یان چیرۆکبێژی ئافرەتی باش وەکوو کاترین بیگەلۆ هەن. ئەو یەکێکە لە نموونە باڵاکانم. یان ڤێرۆنیکا فرانز، فیلمسازێکی نەمسایی.
ڕووداو: دەزانیت ئێمە وەکوو کورد، چیرۆکی زۆرمان هەیە و توانامان هەیە لە سینەمادا کاربکەین. پێتوایە پڕۆژەی زیاتر یاخود فیلمی دیکە دەربارەی چیرۆکە کوردییەکان بەرهەمدەهێنیت؟
کوردڤین ئەیوب: فیلمی پێشووم، سۆن، لەبارەی خێزانێکی کورد بوو کە لە نەمسا دەژیان و هەموو ئەو کێشانەی کە هەیانبوو.
ڕووداو: هیچ پلانێک هەیە بۆ زیاتر؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ. فیلمی درێژی داهاتووم لەبارەی ئێراقە، کورد و عەرەب و هەموو ئەو شتانەی لە 2014 ڕوویاندا.
ڕووداو: کەواتە چۆن فیلمسازان، فیلمسازە گەنجەکان، دەتوانن پشتگیری دارایی بۆ فیلمەکانیان لە وڵاتێکی وەکوو نەمسا مسۆگەر بکەن؟
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، بەڕاستی هەموو ئەو فیلمسازانەی فیلم لەبارەی وڵاتە پێشووەکانیان درووستدەکەن ئەمڕۆ یان ئێستا جیاوازە، چونکە سعودیە پارەدارکردن و هەموو شتێکی هەیە، بەڵام... بەگشتی ڕێگەکە وەکوو وەرگرتنی پارەیە لە ئەوروپا. کەواتە دەبێت داوای هاوکاریی لە ئەوروپا بکەن بۆ درووستکردنی فیلم لەبارەی وڵاتە ڕەسەنەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەش سەختە چونکە دەکرێت دۆخی هاوکارییە داراییەکە پێتبڵێت چۆن چیرۆکەکەت بگێڕیتەوە، بەڵام ئەوان خەڵکی ئێراق یان کورد نین یان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نین یان وەکوو تۆ گەورە نەبوون، تەنانەت ئەگەر لە نەمسا لەگەڵ خێزانێکی کورد گەورە بووبیت، دەزانیت، بۆیە زۆر قورسە مامەڵە لەگەڵ ئەمە بکەیت.
ڕووداو: زۆر سوپاس. هیچ شتێک هەیە کە بتەوێت بیڵێیت؟
کوردڤین ئەیوب: ئەم فیلمەم بۆ هەموو ئەو ژنانە درووستکرد کە لە خێزانەکانیان ئازاریان چەشتووە.
ڕووداو: زۆر سوپاس. شانازیت پێوە دەکەین و هیوادارین لە پڕۆژەکانی دیکەدا بتبینین.
کوردڤین ئەیوب: سوپاس.[1]