شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# بڵاوکردەوە.
شاندەکەی دەم پارتی دەڵێت ''لە 28-12-2024 لە ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکی فراوانمان ئەنجامدا.''
ئەو دوو پەڕڵەمانتارە ئاماژەیان بە تەندرووستیی ئۆجەلان کردووە و نووسیویانە ''تەندرووستیی باشە و ورەی بەرز بوو. ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەبارەی چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد کردنی، زۆر گرنگ بوون.''
پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر دەڵێن ئۆجەلان گوتوویەتی، ''بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد -تورک بەرپرسیارییەتییەکی مێژووییە.''
ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوتووشییەتی ''ڕووداوەکانی غەززە و سووریا پیشانیاندا کە نابێت بە دەستوەردانی دەرەکی کە هەوڵی ئەوە دەدات چارەسەری ئەو کێشەیە قووڵتر بکات، چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت. بۆ هەوڵدان لە پێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەمە، پاڵپشتی و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆنیش گرنگن.''
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە ''بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان، دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی پێشکەش بکەن. بێگومان یەکێک لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پەڵپشتییە، پەڕڵەمانە''.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشتی؛
لە #28-12-2024# دا، دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندرووستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەکەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا کرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستە ڕوو بەرانبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و ڕوانگەکانی بەم شێوەیەن:
-بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
-بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەڕڵەمانی تورکیا دەبێت.
-ڕووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
-من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پاراهەمیشە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.
-شاند، ئەم ڕوانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر ڕۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم.
-هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات ڕێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
بەڕێزەوە بۆ ڕای گشتی،
#29-12-2024#
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر.[1]