ئاولەزانی یان کۆرپەلەزانی؟
نووسینی: #دیاکۆ هاشمی#
منداڵ لە سکی دایکدا لە سەرەتادا تۆپەڵەخانەیەکە پێی دەوترێت ئاولەمە (فارسی: ڕویان-عەرەبی: المُضغَة-embryo). دواتر هەر لە سکی دایکدا گەشە دەستێنێت و دەبێتە کۆرپەلە (ف: جنین، ع: جنین fetus). دوایی کە لەدایک دەبێت وشەی جۆربەجۆرمان بۆی هەیە وەک: کۆرپە، ساوا.
کێشەکە ئەوەیە کە عەرەب بۆ هەر دوو وشەکە واتە هەم بۆ (embryo) و هەمیش بۆ (fetus) زۆر جار هەر وشەی “جنین”ی بەکارهێناوە. هەر بۆیە کوردیش وشەی “جنین“ی بە کۆرپەلە بەکار هێناوە و فارسیش هەر وەک عەرەب وتوویەتی: “جنین“.
عەرەب بەو زانستە کە لەو بوارەدا دەکۆڵێتەوە (Embryology) وتوویەتی: “علم الأجنة”. کورد و فارسیش لەڕووی عەرەبییەکە وشەکەیان وەرگێڕابوو. بە کوردی پێی وترا “کۆرپەلەزانی” و بە فارسییش پێی وترا: “جنین شناسی”.
بەڵام ئێمە ئەمڕۆ زۆر باش دەزانین کە زانستەکە لە وشەی “کۆرپەلە / جنین / fetus” درووست نەبووە و درووست نییە پێی بوترێت کۆرپەلەزانی و “جنین شناسی”. بەڵکوو وشەکە لە (embryo) درووست بووە و بووە بە (Embryology) کەوا بێت دەبێت پێی بوترێت ئاولەمەزانی نەک کۆرپەلەزانی.
فارسیش لەوە تێ گەیشتووە و بە فارسی وشەی “رویان شناسی”یان بۆ داناوە و ئیتر پێی ناڵێن “جنین شناسی”. هەرچەند لەبەر ئەو هەڵە کۆنە هێشتاش وشەکە لە فەرهەنگە کۆنەکاندا وەک خۆی ماوەتەوە. کەوا بێت هەرچەند لە کۆندا وتراوە کۆرپەلەزانی، ئیتر دەبێت وازی لێ بهێنرێت و تەنها بوترێت ئاولەمەزانی. وەک چۆن فارسیش وازی لێ هێناوە و پێی دەڵێن: ڕویان شناسی. [1]