هێمن عەساف
محەمەد فاتیح ئەربەکان لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە داوای کرد، ئەگەر ئۆجەلان پەیامی داماڵین و چەکدانان لە پەکەکە بکات، با لە ئیمراڵییەوە بیکات. ئەو، پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەری دەکات و دەڵێت: دەبێت پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییانەوە بکرێت.
محەمەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ ڕەفاﮪ، بەشداریی سێیەمین کۆنگرەی لقی ڕێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئامەدی باکووری کوردستان کرد و وتارێکی پێشکەشکرد.
لە بەشێکی وتارەکەیدا باسی پڕۆسەی ئاشتی و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئیمراڵی کرد. ڕایگەیاند، پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن بەو مەرجەی کاریگەریی نەرێنی نەخاتە سەر یەکپارچەیی خاک و سەلامەتیی وڵات بپارێزرێت.
ئەربەکان باسی لەوەشکرد، ئەگەر بڕیاروایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی داماڵین یان چەکدانانی پەکەکە بڵاوبکاتەوە، باشتر وایە لە ئیمراڵییەوە بیکات، ئەمە بۆ هەموو لایەک گونجاوترە.
ڕۆژی 29ی مانگ، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، لەسەر زاری ئۆجەلانەوە ڕاگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر شتێک بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێویست بێت، دەیکات.
ئەربەکان جەختی لەوەشکردەوە، لە پڕۆسەکەدا دەبێت کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، سەرۆک هۆزەکان، ئەکادیمی، ڕۆشنبیران، سیاسەتڤانان و خەڵکی ناوچەکە ڕاستەوخۆ بەشداری پڕۆسەکە بکەن و بیروبۆچوونیان وەربگیرێت، نەک تەنیا بۆچوونی کەس و لایەنێک وەربگیرێ.[1]