بیلال ئەحمەد
سەرکردەیەکی عەلەوییەکانی سووریا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەوان پێشوازی لە هەر هەوڵێکی کورد دەکەن بۆ بە دیموکراسیکردنی سووریا؛ دووپاتیدەکاتەوە، ئەوەی لە ناوچەکانی کەناراوییەکانی سووریا ڕوودەدات قبووڵکراو نییە و دەستەی تەحریر شام بەرپرسیارییەتی یاسایی دۆخەکە هەڵدەگرێت.
عیسا ئیبراهیم، ڕاوێژکاری پێشووی شاندی دانووستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە جنێف و کەسایەتی عەلەویی، لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکەشدەکرێت، نیگەرانی خۆی لە دۆخی ئێستای ناوچە عەلەوییەکانی سووریا دەربڕی و وتی، ئەوەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە ڕاستە و ئەو کارانە کراون، کە ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کێ لە پشت ئەم کارانەوەیە، بۆیە کاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێنا و بووە هۆی خۆپێشاندان لە چەند ناوچەیەک.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، کە تێیدا چەند چەکدارێک مەزارێکی عەلەوییەکان دەسووتێنن، لە حەما، حومس، لازقییە و تەرتووس خۆپێشاندانیان کرد و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و خۆپێشاندەران ڕوویدا.
عیسا ئیبراهیم نیگەرانیی عەلەوییەکانی دوای نەمانی بەشار ئەسەد نەشاردەوە و بە ڕووداوی گوت، عەلەوییەکان وەکوو تەواوی سوورییەکان ترسی تایبەتیان بۆ قۆناخی دوای هەڵاتنی ئەسەدی کوڕ و تاوانباری جەنگ هەیە.
ئەو سەرکردەیەی عەلەوی هۆکاری ئەو ترسەی ڕووندەکاتەوە ئەسەد وڵاتی بەجێنەهێشت بۆ ئەنجوومەنی لەشکری، یاخود ئەنجوومەنێکی ڕاگوزەر، بەڵکوو بەجێیهشیت بۆ وێرانکاریی. هاتنی حکومەتی ئەمری واقیع بۆ شام لەگەڵ ئەوەی نیازێکی پاکی نییە توانا و کەسی پێویستییان نییە، هەروەها هیچ شارەزاییەکیان نییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەگەڵ هەبوونی گرووپی چەکداری جیاواز و خاوەن مەرجەعییەتی جیاواز یان گرووپی تاڵانکردن و دزی نێوخۆیی، بووەتە هۆکاری ئەوەی سوورییەکان لەنێویاندا عەلەوییەکان هەست بە نیگەرانی بکەن، بەتایبەت کە دۆخەکە بەپێی کاردانەوەکان بەڕێوەدەبرێت، نەک لە ڕێگەی بوونیاتنانی دەوڵەتی مودێرن.
هێزەکانی سەربە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کە دەستەی تەحریر شام سەرۆکایەتی دەکات، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کردووە لە ناوچەکانی لازقییە و تەرتووس، لە چەند ناوچەیەک ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەو هێزانە و چەند کەسی سەربە ڕژێمی پێشوو درووستبووە.
بەڵام ئەم سەرکردەی عەلەوییەکان دەڵێت: سێ ڕۆژ پێش هاتنی ئۆپۆزیسیۆن، چەند کەسێک لە گرووپی نەمر لە باشووری شاری جەبلە و لازقییە دەستیان بە تاڵان و دزی کرد، دواتر باندی تاڵان و دزی نەناسراو درووست بوون، جگە لە هەندێک کەسی ڕژێمی پێشوو، دوای هاتنی ئۆپۆزسیۆن هەندێک گرووپی جیاواز و نا سووریایی، لەوانە تورکمانستانی، ئیگۆر و شیشانی و چەندی دیکە هاتن، کە ئەو کەسانە هیچ پاشخانەیەکی ڕۆشنبیری ناوچە کەناراوییەکانیان نییە و بەپێی تێگەیشتنی خۆیان بۆ ئایین و بەڕێوەبردن ڕەفتاریان لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد.
عیسا ئیبراهیم باس لەوە دەکات، دۆخی کەنار وەکوو هەموو ناوچەکانی دیکەی سووریا لە شڵەژانێکی تەواو دایە و نازانرێت کێ ئەم کارانە دەکات، بەڵام لە ڕووی بەرپرسیارییەتی گشتی یاسایی و سیاسی ئەوە لە ئەستۆی تەحریر شامە، دەڵێت: دیمەشق ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕووداوانە کاری تاکەکەسین و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات، وتاریان باشە، بەڵام لە ڕووی واقیعەوە وەکوو ئەوە نییە کە دەگوترێت، ئێمە هەموو ناچارین پابەندی یاسا و کارەکانی سەر زەوی بین نەک وتارەکان، ئێمە ئەزموونێکی ناخۆشمان لە ماوەی نیو سەدەدا لەگەڵ ڕژێمێک هەبووە، کە قسەکانی جوانتربوون لە قسەکانی دەستەی تەحریری شام، بەڵام واقعەکەمان بینی و ئێمە گەیاند بە ئەمڕۆ.
بۆ ماوەی 54 ساڵ خێزانی ئەسەد، کە عەلەویین دەسەڵاتی سووریایان لە دەست بووە، لە ڕۆژی #08-12-2024# بەشار ئەسەد لەژێر هەڕەشەی هێرشی دەستەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی بەرەو مۆسکۆ هەڵات و کۆتایی بە حوکمی 54 ساڵەی خێزانەکەی لە سووریا هێنا.
لەبارەی پەیوەندی نێوان عەلەوییەکان و ئەحمەد شەرع، عیسا ئیبراهیم دەڵێت: پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان من و تیمی کاری ئەوان (دەستەی تەحریر شام)دا هەیە، هەروەها لەگەڵ کەسانی دیکەش کە لە کەناری سووریا کاردەکەن لە پەیوەندیداین، بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان کە دەستەی تەحریر شام دەڵێت ڕەفتاری کەسین، لە کاری سیاسی گشتی و بەڕێوەبردن ناکرێت ڕەفتارە کەسییەکان وەکوو بیانوو بیهێنیتەوە، ئەم بیانووانە وەختی خۆی لەلایەن ئەسەدی کوڕیشەوە دەهێنرانەوە.
عیسا ئیبراهیم هەروەها وتی، ئێمە پشتگیری لە هەموو هێزێکی دیموکراسی لە سووریا دەکەین لەوانەش کورد، بۆ دۆزینەوەی سووریایەکی نوێ و جیاواز لە ڕابردوو، سووریایەک دووری هەڵبژاردەی تیرۆر و دکتاتۆریەت بێت، هەر هەنگاوێک لەلایەن کوردەوە یان پێکهاتەیەکی دیکەوە بنرێ ئێمە بە گەرمی پێشوازی لێدەکەین.[1]