پڕۆفیسۆر دکتۆر یان ئیلهان کزڵهان*
لە کۆتایی ساڵدا و کاتێک ئێزدییەکان هەوڵدەدەن جەژنی پیرۆزی خۆیان بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاڤا)ی گرتووەتەوە، هەست دەکەم پێویستە چیرۆکێک باس بکەم کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا مێشکی سەرقاڵ کردووم؛ چیرۆکێک کە لە دڵمدا ماوەتەوە و باس لەو کارەساتە نەبیستراوانە دەکات کە خەڵکێکی زۆر لە ئێراق و سووریا تووشی بوون.
ئەو کارەساتانە بەهۆی دڕندەیی ئەو کەسانەی دڵیان پڕ بوو لە ڕق و کینە زۆر خراپتر ئەنجام دران. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر من داناوە و هێشتا هیوابەخشە. سەرەڕای هەموو شتێک!
کاتێک تیرۆری #داعش# (دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام) باڵی بەسەر بەشێکی زۆری ئێراق و سووریادا کێشا، هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر کچ و ژن کۆیلە کران و وەک کاڵا فرۆشران. لەو سەردەمە تاریکەدا، حکومەتی ئەڵمانیا ئەرکی هەڵسەنگاندنی دەروونی ئەو ژنانەی پێ سپاردم کە توانیبوویان ڕابکەن، زۆر جاریش لە نزیک بەرەکانی شەڕەوە هەڵاتبوون. لەگەڵ تیمێکی دڵسۆزدا، ئەوانەمان دەستنیشان کردن کە زۆرترین کاریگەریی دەروونی لەسەریان درووستبووبوو و بۆ چارەسەری پزیشکی و دەروونی هێنامانن بۆ ئەڵمانیا.
لە پاشنیوەڕۆیەکی گەرمدا لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەیەکی کاتیدا دانیشتم و گوێم لە چیرۆکی دڵتەزێنی دە ژن گرتبوو کە باسی کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە و دەستدرێژییان دەکرد؛ ڕووداوگەلێک کە نزیکە لەوەی نەکرێت باوەڕیان پێبکرێت. پاشان، دوو ژن لەگەڵ منداڵێکی بچووکدا هاتنە ژوورەوە. کاتێک بە وریاییەوە دانیشتن، هەستم بە قورسایی ئەو ترسە کرد لە دڵیاندا بوو. کوڕێکی بچووکی نزیکەی پێنج ساڵ لە باوەشی یەکێک لە ژنەکان دانیشت. ناوی جەمیل بوو. کاتێک پرسیارم لەبارەی هەردوو ژنەکە کرد، کوڕەکە بە شەرمەوە ئاماژەی کرد و وتی ئەوە دایکمە، ئاماژەی بۆ ئەو ژنەش کرد کە لە باوەشی گرتبوو و وتی، ئەوەش دایکمە.
چۆن دەکرێت ئەم منداڵە دوو دایکی هەبێت؟
لە چرکەساتێکی تۆقێنەردا ئاژاوە باڵی بەسەر گوندی هیردانی جەمیل، نزیک شنگال، کێشابوو. کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کرد، تەقە دەستی پێ کرد و لە ئاژاوەکەدا جەمیل هەستی کرد دەستی دایکی لە دەستی دەرچوو. لەنێو تۆز و دووکەڵەکەدا بە ترسەوە سەیری دەکرد کە دایکی بە هاوار و قیژەوە ڕادەکێشرا. جەمیلی سەرلێشێواو و حەپەساو لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و منداڵ خرایە نێو پاسێکەوە؛ چارەنووسی نادیار چاوەڕێی دەکرد.
لەو پاسەدا سارا، کچێکی 17 ساڵان دانیشتبوو کە خەونی خوێندنی یاسای هەبوو، بەڵام خواستەکانی لەژێر قورسایی ترسی ڕاستەوخۆدا توانەوە -ئاخر دەیزانی داعش چی بە کچانی سەڵت دەکات. سارا کاتێک جەمیلی بینی، سەیری کرد و بێ دوودڵی لێی نزیک بووەوە. کاتێک جەمیل بە فرمێسکەوە بۆی ڕوونکردەوە کە دایکی براوە، سارا دڵی بۆی ژانی کرد. هەر بۆیە لە باوەشی گرت و بوو بە پارێزەری. لەو ساتەوە، جەمیل سارای بە دایکی خۆی دانا و ساراش، کە منداڵی نەبوو، بە ڕۆح و کردار بوو بە دایکی. ئەو پەیوەندییە خۆڕسکەی مانەوە و مرۆڤایەتی، پەیوەندییەکی پتەوی لەنێوانیاندا درووستکرد.
پەیوەندییەکەیان لە ڕێگەی ئازاری هاوبەشەوە قووڵتر بووەوە. لە پەناگە قەرەباڵخەکانی ئێزدییە ئاوارەکانەوە تاوەکوو کارەساتەکانی دیلی، سارا بە باشترین شێوە پارێزگاری لە جەمیل دەکرد، گۆرانی کوردی بۆ دەوت تاوەکوو ئارامی بکاتەوە و دەنگی ئەو هاوارە ترسناکانە کپ بکات کە هەموو شوێنێکیان لێ پڕکردبوو.
خۆشەویستی و پشتیوانیی هاوبەشیان بوو بە تریفەی ڕووناکی لە تاریکترین کاتدا. ئەوان (بەو جۆرە) بەرگەی قورسترین ئازاریان گرت. سارا و جەمیل کە چەندین جار فرۆشرابوون، ڕووبەڕووی سووکایەتی زۆر بوونەوە لەلایەن کۆمەڵێک پیاوەوە کە وەک موڵک مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن. سەرەڕای ئازارەکانی، سارا هەر سەرچاوەی میهرەبانی و پاراستن بوو بۆ جەمیل. لەو شەوانەی کە نائومێدی هەڕەشەی لەنێوبردنیانی دەکرد، جەمیلی لە باوەش دەگرت و بە چرپە گۆرانی دەوت تاوەکوو ترسی بڕەوێنێتەوە؛ خۆشەویستییان بوو بە هەڵوێستێکی بێدەنگی ڕەتکردنەوە دژی ئەو کارەساتانەی دەوریان دابوون.
مانگەکان وەک ساڵ تێدەپەڕین و قورسایی ئازارەکان لەسەریان زیاد دەبوو. سارا ئازاری زۆری دەچەشت، بەڵام بیری هەر لای جەمیل بوو؛ ئەو کوڕەی کە پشتی پێ دەبەست. ناتوانم بەجێی بهێڵم، سارا وای وت و بە نەرمی گۆرانی بۆ دەوت و ئومێدی پێ دەبەخشی.
دواجار، تریفەی ئازادی دەرکەوت. مامێکی جەمیل -تریفەیەکی هیوا لە تاریکیدا -هەڵاتنەکەیانی ڕێکخست. ئەوان لە غازی عەنتابی تورکیا یەکیان گرتەوە. کاتێک مامەکەی، جەمیلی بینی، کوڕەی لە باوەش گرت کە ئازاری زۆری چەشتبوو. لە کاتێکدا فرمێسک دەڕژا، سارا بە شانازییەوە ڕایگەیاند ئەو کوڕی منە. ئەم دەربڕینە سادەیە گەشتەکەیانی کورتکردەوە؛ خۆشەویستییەک کە لەنێو ناخۆشی زۆردا بەهێزتر بوو.
هەردووکیان پێکەوە گەڕانەوە ئێراق و لاپەڕەیەکی نوێیان لە ژیانیان دەستپێکرد کە پڕ بوو لە هیوای چاکبوونەوە و دووبارە بوونیاتنانەوەی ژیانیان. ئەم چیرۆکە تەنیا چیرۆکی لەدەستدان و خەم نییە، بەڵکوو شایەتییەکە لەسەرخۆڕاگریی ڕۆحی مرۆڤ. لە تاریکترین کاتدا، تریفەی هیوا دەتوانێت بدرەوشێتەوە و پەیوەندییە نەپچڕاوەکانی خۆشەویستی دەتوانن تەنانەت بەسەر قووڵترین تاریکیشدا سەربکەون.
ئەمڕۆ بیرم لای ڕۆژاڤایە، بەو هیوایەی کە ئاشتی لەم کاتە تاریک و مەترسیدارەدا زاڵ بێت.
* پڕۆفیسۆر دکتۆر یان ئیلهان کزڵهان دەروونناسە، نووسەر و بڵاوکەرەوەیە، پسپۆڕە لە دەروونناسی ترۆما، ترۆما، تیرۆر و جەنگ، دەروونناسی کولتووری، چارەسەری دەروونی و کۆچ. [1]