ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی زیاتر لە دوو هەزار مۆری تەمەن 5 هەزار ساڵە لە شاری کرماشان
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
ساڵی 2021 لە گردی تیلینە لە #کرماشان#، مۆرێکی گڵینیی سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین دۆزرایەوە و سەرنجی شوێنەوارناسانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ئەم پرسە لەپاڵ وێرانبوونی بەشێک لە شوێنەکە، بووە بنەمای وەرزی یەکەمی گەڕان لەم شوێنەدا لە ساڵی 2023 و بەردەوامبوونی بۆ ئەمساڵ لە شێوەی وەرزی دووەمدا.
شیکۆ خوسرەوی بەرپرسی هەڵکۆڵینی شوێنەواریی لە گردی تیلینەی کرماشان و ئەندامی زانکۆی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە: لە کاتی گەڕان لە ڕووبەری 25 مەتر چوارگۆشەدا، زیاتر لە چوار هەزار مۆری گڵین دۆزرانەوە، کە مێژووەکەیان بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
خوسرەوی ڕوونی دەکاتەوە، دۆزینەوە گرنگ و زۆرەکانی هەڵکەندنەکانی بەشی یەکەم بە ڕوونی گرنگیی ئەو شوێنە لە سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین نیشان دەدەن.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، مامەڵە لەگەڵ ناوەندێکی کارگێڕی - ئابووری دەکەن، کە لەوانەیە بەشدار بووبێت لە ئاڵوگۆڕکردن و دابەشکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان، وەک ڕۆن، یان خواردنەوەکانی وەک ئاوی جۆ و شەراب.
خوسرەوی، ئەندامی زانکۆی ڕۆژهەڵاتی #کوردستان# وتی: جگە لە مۆرەکان، زیاتر لە 100 فیگەری ئاژەڵی دروست و شکاو، ژمارەیەک کەرستەی ژماردنی گڵ، پارچە سیرامیک، پاشماوەی ڕووەکی سووتاو و پاشماوەی ئێسکی ئاژەڵ دەستکەوتوون، کە زۆر بەسوودن بۆ بنیادنانەوەی شێوازی خۆراکدانی دانیشتووانی ئەو شوێنە.
خوسرەوی زیاتر گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی شوێنەکە و دۆزینەوەکانی بۆ تێگەیشتن لە پێشهاتە ئابووری - کۆمەڵایەتییەکانی سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین، لە ناوچەی زاگرۆسی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە دەشتی کوزران – مەحیدەشت (دەڤەری سەنجەبی)، وەرزی دووەمی هەڵکۆڵینی شوێنەواریی لەم گردەدا بە پشتبەستن بە گرێبەستی توێژینەوەی نێوان زانکۆی کوردستان و پەیمانگای توێژینەوەی میراتی فەرهەنگی و گەشتوگوزار دەستی پێکردووە و تا 10ی کانوونی یەکەم 2024 بەردەوام دەبێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەیەکە ڕایگەیاند: مەبەست لەم گەڕان و پشکنینانە، بریتییە لە گەڕان و پشکنینی پاشماوەکانی تەلارسازی و تێگەیشتن لە ئەرکەکانیان، تێگەیشتن لە شێوازی بەکارهێنانی شوێنەکان، پشکنینی پەیوەندی نێوان دۆزینەوەکان و شێوازی دابەشبوونیان لەو شوێنەدا، لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە و فرەچەشنیی دۆزینەوەکان بە وردی و زیاتر زانین دەربارەی پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پشت بەکارهێنانی مۆرەکان و کاریگەریی مۆرەکان لەم بوارەدا هەیە.
بە پێی گوتەی سەرچاوەکان، لەم وەرزەدا زیاتر لە دوو هەزار مۆری نوێ و کۆمەڵەیەکی گەورەی سیرامیک، کەرەستەی بەرد، پاشماوەی ئاژەڵ، هەموو جۆرە کەرەستەیەکی ژماردن و زیاتر لە 100 فیگەری ئاژەڵ بەدەست هاتوون، کە ئەمەش بۆ زانینی کۆمەڵگەی هەڵکەوتوو لە گردی تیلینە زۆر گرنگە.
دۆزینەوەی پاشماوەی تەلارسازی بە قوفڵێکی قوڕ لەسەر دەرگاکە و کاریگەریی مۆرە پەرشوبڵاوەکان لەسەر زەوییەکەی گرنگترین پاشماوەی شوێنەواریی ئەم وەرزەی هەڵکۆڵینەکان بوونە، بەڵام زۆربەی دۆزینەوەکانی ئەم بابەتە لە سەردەمی کۆندا دوای پشکنین و وردبینی فڕێدراون و ئەمڕۆ لە نێو پاشماوە کۆنەکاندا دەیاندۆزینەوە. دۆزینەوەی پاشماوەی تەلارسازیی بە خشت لەگەڵ هەندێک بەرهەمی مۆردا، ئەوە دەردەخات کە بینا کارگێڕییەکانی گردی تیلینە دوور نەبوونە لە شوێنی فڕێدراوەکان .
ئەم شوێنەوارناسە ڕایگەیاندووە، ئەم دۆزینەوە دەگمەنانە ئاماژەن بۆ گرنگیی ئەم شوێنە لە ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵی تایبەتی لە ڕێکخستنی کاروباری ئابووری و ئیداری لە ناوەڕاستی زاگرۆس، بە تایبەت ناوچەی کرماشان لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=