ناونیشانی بابەت: بەرەی (ئەلسموود و ئەلتەسەدی) قاقایەکی پێکەنین!
ناوی نووسەر: #یونس حەمەد ڕەشید#
لە کۆتاییەکانی هەفتای سەدەی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشهاتێکی مێژوویی لەخۆ گرت، ئەمیش چوونی محەمەد ئەنوەر ئەلسادات (1918 - 1981) بوو بۆ (ئۆرشەلیم) قودس و درێژکردنی دەستی ئاشتی بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل.
ئەو هەنگاوەی سەرۆکی گەورەترین وڵاتی عەرەبی بۆ ئیسڕائیل، تەواوی عەرەبی شۆک کرد، شەقام شڵەژا، خۆنیشاندان و ناڕازییەکان گەیشتنە ڕادەیەک، کەس وێنای نەدەکرد. لەو سات و بەینەدا پەیتا پەیتا وڵاتانی چ عەرەبی، لەملاشەوە ئیسلامی، بڕیاری پچڕانی پەیوەندییان لەگەڵ میسڕ دا و باڵوێزخانەکانیان کشاندەوە، یان سڕیان کردن.
لە گەرمەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی (قاهیرە و تەلئەڤیڤ)دا، لەسەر داوای موعەممەڕ ئەلقەزافیی سەرۆکیان، سەرکردەی یەکەمی شۆڕشی لیبیا، بەرەیەک بە ناوی بەرەی خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوە (ئەلسموود و ئەلتەسەدی) لەنێوان چەند وڵاتێکدا دامەزرا، وڵاتەکانیش (لیبیا و سووریا و جەزائیر و یەمەنی دیموکراتی)، هەروەها ڕێکخراوی (فەتح)ی فەلەستینی بوو.
ئەگەرچی ئەو بەرەیە زۆر جدی نەبوو لە بڕیارداندا، کارەکانی تەنیا دژی میسڕ و چۆنیەتیی دژایەتیکردنی ئەو وڵاتە بوو، وێڕای کۆکردنەوەی دۆست، بۆ ئەوەی لە هەر بۆنە و هەنگاوێکدا بن، ئەوا دژایەتیی هەڵوێستی ئەلسادات بکەنە کاغەزی فشار، هەر زوو لەگەڵ هاتنی (سەدام حوسێن) بۆ سەر تەختی دەسەڵاتی بەغدا لە 1979دا، دواتر دەستپێکردنی جەنگی عێڕاق - ئێران، بەغدا لەم بەناو بەرەیە کشایەوە و لێی دەرچوو، بەرەی وڵاتانی مانەوەش جگە لە هاندانی گواستنەوەی بارەگای کۆمکاری عەرەبی له کایرۆوە بۆ تونس، باس و خواسی میدیایی ئەو سەردەم هیچی دیکە نەبوو.
بە واتایەکی ڕوونتر، نەیتوانی ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە هیچ پێشهاتێکی نە سیاسی و نە دیپلۆماسیدا. لەگەڵ ئەوەی بەرەیەکی بێ بناغە بوو، بەڵام لە هەڵسوکەوتی بەرچاودا توند و بێبەزەیی بوو. ئەو وڵاتانەی ئەندام بوون، جگە لە سەرکوتکردنی گەلانی خۆیاندا، بەرنامەی دیکەیان بە بەرچاوڕوونی دیار نەبوو.
یەمەنی دیموکراتی، وڵاتێکی پڕ لە گرژیی نێوخۆییدا و جەزائیر کودەتا و کوشتن و تەسککردنەوەی بەردەوامی حوکمڕانی و دژایەتیی وڵاتانی دەوروبەر، عێراقێک لە سەرەتای دامەزراندنیەوە سەرتاپای خوێن و تۆقین، سووریا ڕژێمێک جگە لە کوشت و بڕین، هیچ بەرنامەی دیکەی نەبوو، بە هەمان شێوەش لیبیا.
ئەمانه ئەو وڵاتانە بوون پێیان دەگوترا وڵاتانی بەرەی (ئەلسموود و ئەلتەسەدی)، بە نەخشەیەکی زۆر ژیرانه و بێ ئەوەی ماندووبوونێکی گەورەی پێوە دیار بێت، پەیتا پەیتا ئەو وڵاتانه بوونه پەند بۆ هەموو سەردەمانێک و نەیانتوانی بەرەنگاریی ئیسڕائیل ببنەوە، نە ئەو توانایەشیان هەبوو هەتا بەرگریی لە دەسەڵاتەکەیان بکەن، بۆیە بێ هیچ دانیشتن و کۆبوونەوە و بەیاننامەیەک، بەرەکه هەڵوەشێندرایەوە! وێڕای ئەمەش، ڕژێم و بەرەکەیان کەوتنە ژێر پێی گەلانی خۆیان. هەر زوو (تەل ئەڤیڤ) ئاماژەی بەو وڵاتانه کرد و پێیانی گوت: ”ئێوە لەوە لاوازترن وڵاتی خۆڕاگر و ڕووبەڕووبوونەوە بن.“
ئێستا سەردەم ئەو سەردەمەیە، چۆن بتوانیت بەرەیەکی نێوخۆیی بەهێز دروست بکەیت، بۆ بەهێزبوونی نیشتمان و گەل، جا ئەوەی لە مێژوودا وڵاتانی بەناو بەرەی خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوە (ئەلسموود و ئەلتەسەدی) ئەنجامی دا، جگە لە پێکەنینێکی گەورە هیچتر نەبوو، چونکه ئێستا دەبینین ئەمڕۆ چی بە دوێنێ دەڵێ! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=