ناونیشانی بابەت: کەپەکەسە دەیەوێت ببێت بە سەربازی سووریا
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
جارێ با پێشوەخت بڵێم مەبەستم لە کەپەکەسە (
پەیەدەپەیەدە)یە، کەپەکەسە خۆم دامناوە و کورتکراوەی (کاڵای پەکەکە لە سووریا!)یە، ئاخر وەک حزبی بەعس چۆن دەچوو لقێکی خۆی بۆ ھەر وڵاتێکی عەرەبیی دەرەوەی عێراق دروست دەکرد، لەمێژە پەکەکەش ئەو خووە بەعسییانەیەی ھەبووە، لەمێژە پەکەکە (پاک و پەچەدەکە)ی بۆ باشووری کوردستان دروست کردووە و (#پژاک#)یشی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروست کردووە و ھەر ھەموویشیان لەژێر ڕکێفی خۆیدا بوون.
جا پەیەدە کە من ناوم ناوە کەپەکەسە، واتە (کاڵای پەکەکە لە سووریا!) ئێستا ڕۆژانە دەڵێت: ”ئامادەین بچینە ناو سوپای سووریا و ببین بە سەربازی سووریا.“
ئەم پەیەدەیە یان باشتر وایە بڵێم ئەم (کەپەکەسە)یە کە ئێستا دەڵێت: ”ئامادەم ببم بە سەربازی سووریا“ ئایا ئەو ھەر لە دروستبوونیەوە سەربازی سووریای بەشار ئەسەد نەبووە؟ ئەگەر دەڵێت نەخێر، منیش ئەم سەرنج و پرسیارانەم ھەیە:
1 - پەیەدە وەک بەشێک و وەک درێژکراوەی پەکەکە لە 20ی 9ی 2003 دروست کراوە، بێزەحمەت ورد سەرنج لەو مێژووە بدەن. باشە بۆچی لە 20ی 9ی 2003 دروست دەکرێت؟ ئایا کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا لە 20ی 9ی 2003 بەدواوە زوڵم و زۆری لەسەر بووە؟ خۆ مەعلوومە وەڵامەکە (نەخێر)ە بەڵام:
2 - 20ی 9ی 2003 پێنج مانگ و 11 ڕۆژ دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدامە لە عێراق، دوای ئەم مێژووە بەعسی سووریا زۆر لەوە دەترسا کە گۆڕینی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە دوای بەعسی عێراق ئەویش بگرێتەوە و ڕۆژئاوای کوردستان و کوردی سووریا ڕۆڵی کاریگەر لەم گۆڕانەدا ببینن، بۆیە دەبوایە بیر لە دروستکردنی شتێک بکرێتەوە کە حزب و ڕێکخراوە کوردی و کوردستانیەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژئاوای کوردستان دوور بخرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش باشترین پاسەوان بۆ بەعسی سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەیە پەکەکە شتێکیان بۆ دروست بکات، فیعلەن پەکەکەش دڵی نەشکاندن و (پەیەدە)ی وەک کاڵایەکی خۆی دروست کرد و سەپاندیانە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگینا ئەگەر پەیەدە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کوردی سووریا دروست کراوە، خۆسەپاندنی تاکڕەوانەی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆچی؟
2 - بۆچی لە ڕۆژی دروستکردنی پەیەدەوە، واتە لە 20ی 9ی 2003وە، ھەتا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا لە 8ی 12ی 2024 واتە زیاتر لە 20 ساڵ، بەعسی سووریا ڕازییە بەوەی کە پەیەدە بە ھێزی چەکدار و کانتۆنی بەڕێوەبردنەوە بۆ خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان بێت، بەڵام ڕازی نیە یەک کەسی یەک حزبی دیکەی کوردی و کوردستانیی لەگەڵ بێت؟
3 - ئەگەر دەڵێن یەپەگەی سەر بە پەیەدەی سەر بە پەکەکە، ھێزێکی سەربازیی ڕێکخراون و شەڕی دژی داعشیان کردووە! باشە خۆ داعش لە سووریا لە ساڵی 2014 دروست دەبێت و ئنجا لەو کاتەوە دەست دەکات بە پەلاماری تیرۆریستییانە، ئەی کەواتە پێش ساڵی 2014 و بگەڕێرەوە بۆ دواوە ھەتا دەگەیتەوە 20ی 9ی 2003 واتە کاتی دروستکردنی پەیەدە، یەعنی مەبەستم ئەوەیە لە 2003 تا 2014 واتە ئەو 11 ساڵەی پێشتر، ئیشی پەیەدە و یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان چی بووە؟ خۆ ئەو 11 ساڵە شتێک نەبووە ناوی (#داعش#) بێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=