ناونیشانی بابەت: پەیەدە نازانێت لە کوردستان دەژی!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ھەرچەند پێشتریش ھەر وا بوون، بەڵام لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی #بەعس#ی سووریاوە و ھەتا ئێستا، کە باسی گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشقی نوێ دەکرێت، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەندەی سەرنجم دابێ، بەگشتی بەرپرسانی پەیەدەی خاوەن خۆسەری سەر بە پەکەکە، ھەتا ئێستاش ھەر دەڵێن باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، وەک ئەوەی ئەو بەشە لە کوردستان لە ئەزەلەوە موڵکی سووریا بووبێت، یان ئەگەر ناوی کوردستان بێنن، لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی دادەماڵرێن!
ئەوە ڕاستە، کە ھەر حزب و ڕێکخراوێکی کوردی لە سەردەمی حوکمی حافز و #بەشار ئەسەد#ی کوڕیەوە، خۆی شەتەک دابێت بە ڕژێمی بەعسی سووریاوە و لە دیمەشق بنکە و بارەگای خستبێت و ھەندێک چەک و پارەی لە بەعسی سووریا وەرگرتبێت، دەبوایە پێشوەختە بۆ بەعسی سووریای مۆر بکات، کە کوردستان سێ بەشە نەک چوار! چونکە بەشە لێکێندراوەکەی بە سووریاوە، ئەوە کوردستان نیە! بەڵکوو ئەوە لە ئەزەڵەوە ھی خەڵکی دیکە بوون، بەڵام کە بەشێک لە کورد لە کاتی جەنگی یەکەمی جیھانییەوە لە باکووری کوردستان، واتە لە تورکیا ئاوارە بوون و ھاتوونەتە ئەو ناوچانەی سووریا، واتە بەگوێرەی ئەم حسابە بەعسییانەیە، تەمەنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سەد و شتێک ساڵە! ئەوە بۆیە ئەو کاتەی سەرۆکی پەکەکە دەچێتە سووریا و لەوێ شوێنی شاھانەی بۆ حەوانەوەی خۆی بۆ دابین دەکرێت، ئیتر دەستبەجێ سووریای بەعس وەک سەربازی سووریا مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا دەکات و دیمەشق چیی ویستبێت ئەوەی بە پەکەکە کردووە، بەڵام ئەوەی سەیرە، ھەتا ئێستاش ئەم پەروەردەیەی بەعسی سووریا بۆ نکۆلیکردن لەو بەشەی کوردستان، واتە ڕۆژئاوای کوردستان، لەناو مۆخ و مێشکی پەیەدە و خۆسەرەکەی سەر بە پەکەکە ھەر ماوەتەوە و لەم ڕووەوە ھەتا ئێستاش #پەیەدە# و خۆسەرەکەی سەر بە #پەکەکە# وشەی کوردستانیان بۆ ئەو بەشە لە کوردستان لە دەم نایەتە دەرەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە:
1 - جزیرێی باڵا و کۆبانێ و عەفرین بەشێکن لە خاکی کوردستانی مێژوویی و ئەم بەشە لە خاکی کوردستان پێنج ساڵ دوای ڕێککەوتننامە نھێنییەکەی سایکس بیکۆ و بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ئەنکەرە 1 لە ساڵی 1921 و پاشکۆکانی دواتری ئەو ڕێککەوتننامەیە، کە تایبەت بوون بە سەرلەنوێ دانانی ھێڵە سنوورییەکانی تورکیا، لێکێندران بە سووریاوە و ئیتر لەگەڵ ھەموو سووریا و بەیەکەوە خستیانە ژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی فەرەنسا، ئەی نابینن چۆن ئێستاش فەرەنسا واز لە سووریا ناھێنێت و بووەتە لایەنێکی ناو گفتوگۆکانی ئێستا؟ خۆ ئەمە ڕەگوڕیشەی مێژوویی ھەیە.
2 - مێژووی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر خاکی مێژوویی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سێ ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا، واتە کاتێک کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر خاکی مێژوویی خۆی بووە، ڕەچەڵەکی ئەوانەی ئێستای شام ھەر لە نەجد و یەمەن بوون و لەو دوو شوێنە نەھاتبوونە دەرەوە و ھەر نەشیاندەزانی جزیرێ و عەفرین و کۆبانێ چیین و کەوتوونەتە کوێ؟!
3 - پەیەدە و خۆسەرەکەی سەر بە پەکەکە، ڕێککەوتننامەی سێڤرە، کە کورد بەھەڵە پێی دەڵێت سیڤەر، ئەم ڕێککەوتننامەیەشیان بیر چووە، کە لە 10ی 8ی 1920، واتە ساڵێک بەر لە ڕێککەوتننامەی ئەنکەرە 1 بووە و ئەگەر ئەم ڕێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرایە، ئەو کاتە جزیرێ و کۆبانێ و عەفرین لەناو ھەردوو بەشەکەی باکوور و باشووری کوردستان بەیەکەوە دەبوونە دەوڵەتی کوردستان و ئێستا نەک ھەر پەکەکە، بەڵکوو شتێک لە مێژوودا نەدەبوو بە ناوی ھەسەدە و قەسەدە و خۆسەر و ئاڵدار و کاڵکان و نازانم ھاوسەرۆک و چی و چی و شتی لەم بابەتانە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=