کۆسار عوسمان
شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا ڕایانگەیاند، دیدارەکە باش بوو و هیوامان هەیە.
هەریەک لە #پەروین بوڵدان# ، سرری سوورەییان ئۆندەر و #ئەحمەد تورک# وەکوو شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی تایبەت بە پرسی کورد ئەمڕۆ پێنجشەممە #02-01-2025# کاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە 50 خولەکی خایاند و شاندی دەم پارتی ڕوونکردنەوەیەکی کورتی بە ڕاگەیاندن دا.
سرری سوورەییا ئۆندەر وتی کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو و لە کۆبوونەوەکەدا زانیارییان سەبارەت بە دیدارەکەی ئیمراڵی بە سەرۆکی پەڕڵەمان داوە و گوێیان لە پێشنیازەکانی سەرۆکی پەڕڵەمان گرتووە.
ئۆندەر هەروەها وتی: هەڵسەنگاندنێکی گشتیمان بۆ بابەتەکان کرد. دواتر لەگەڵ بەڕێز باخچەلی بەردەوام دەبین. لەوانەیە ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئاکپارتی، بە گشتی لەگەڵ تەواوی نوێنەرەکانی پەڕڵەمان کۆدەبینەوە و بۆ ئەم مەبەستە کاتێکان دیاری دەکرێن. دوای هەموو ئەو سەردانانە وەکوو شاند لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانیدا ڕوونکردنەوە دەدەین. هەر بۆیە ئێستا نایکەینە پرسیار و وەڵام.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا هیواتان بە پڕۆسەکە هەیە؟ سرری سوورەییا ئۆندەر وتی: بێگومان هیوامان هەیە.
لەبارەی ئەگەری دیداری شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، ئۆندەر وتی:ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت.
بەگوێرەی پلانەکانی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکان، شاندەکەی دەم پارتی دووبارە سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازدەکات.[1]