بە گوێرەی ئامارێکی #یەکێتیی سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان لقی سلێمانی#، لە ساڵى 2024، 26 کرێکار لە سلێمانی، لە کاتى کارکردن گیانیان سپاردووە.
ئەو کرێکارانەی ڕۆژانە لە پڕۆژە گەورەکان یان هەر شوێنێکی دیکە کار دەکەن، پابەند کراون بە جێبەجێکردنی مەرجەکانى سەلامەتى لە شوێنى کاردا، چونکە مەترسى بۆ سەر ژیانیان کەم دەکاتەوە.
هاوژین جەمال، سەردانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری #سلێمانی# کردووە کە ڕۆژانە ژمارەیەک کرێکار کاری تێدا دەکەن. ئەو کرێکارانە بەپێى گرێبەستێک لەگەڵ خاوەن کارەکەیاندا کار دەکەن، بۆیە دابینکردنى پێداویستییەکانى سەلامەتى لە شوێنى کاردا، دەکەوێتە ئەستۆى خاوەن کار.
محەمەد جەلال، ئەندازیار و بەڵێندەری ئەو پڕۆژەیەیە، دەڵێت: بەپێى ئەو مەرجانەى #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و کۆمپانیاى جێبەجێکار، بۆ ئێمەیان دیارى کردوون، مافى کرێکارەکانمان پارێزراوە.
بە گوێرەی ئامارى لقى سلێمانیی سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان، ساڵى 2024، 26 کرێکار لە شوێنى کارەکەیان لە سلێمانی، گیانیان سپاردووە. سەندیکاى کرێکاران و لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى و چوار لیژنەى بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى شارەکە چاودێرىی شوێنى کارکردنى کرێکاران دەکەن.
#چالاک ڕەئوف#، سەرۆکى لقى سلێمانى سەندیکاى کرێکارانی کوردستان وتی: گرنگ و پێویستە لە کاتى هەر ڕووداوێکى برینداربوون یاخود مردن، کرێکاران خۆیان یاخود کەسوکاریان، دەستبەجێ سکاڵا تۆمار بکەن. [1]