ناونیشانی بابەت: بەشار دوو دەیە یەک پڕۆژەی ئەنجامدا
ناوی نووسەر: #ئەردەڵان هەڵەبجەیی#
زۆر شت لەبارەی زیندانەکانی #بەشار ئەسەد#ەوە وتراوە نزیکەی دوو سەد هەزار زیندانی و بێسەروشوێنکراو هەن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەشار بیرۆکە و ئەرک و دامەزراوەکانی لە باوکیەوە بە میرات بۆ ماوە.
حافز ئەسەد پشتی بە پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت بەستبو، کە هاوشێوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوو
بەڕێکەوت نییە کە ڕژێمی ئاسنینی ئەسەد هاوشێوەی ڕژێمی سەدام حوسێن بووبێت. هەردوو ڕژێمەکە بەعسی بوون و ئەو دوو کەسە بە دوو کودەتا لە دژی حزبەکانیان هاتنە سەر دەسەڵات و هەڤاڵەکانیان تەسفیە کرد. سەدام و حافز لە قاهیرە دەژیان و لە ژێر کاریگەری عەبدول ناسر بوون. هەردوو ڕژێمەکە بە ستەم و دڕندەیی ناسراو بوون و سەدان هەزار کەسیش لە زیندانەکانی دوو ڕژێمی بەعسیدا گیانیان لەدەستدا.
زۆر بەڵگەنامەی نهێنی ڕۆژئاوایی سەبارەت بەو سەردەمە کەوتوونەتە بەردەست، بەڵام هیچ شتێکی تێدا نەدۆزرایەوە کە پشتگیری لەو تیۆرییە بکات کە حافز بە پشتیوانی ئیسرائیلییەکان یان ڕۆژئاوا هاتۆتە سەر دەسەڵات، بەڵام بێدەنگی ڕۆژئاوا جێگای سەرنجە !.
لە ئاستی سیاسیشدا حافز ئەسەد لە سەردەمی جەنگی سارددا ڕۆڵی خۆی لە ئۆردوگای سۆڤیەتدا بینیوە، ڕووبەڕووی نفوزی ئەمریکا بووەوە. ئاسانکاری کرد بۆ دروستکردنی تۆڕێکی ئاڵۆزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە ناوی ڕزگارکردنی فەلەستین، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیان ئاراستەی ئەمریکییەکان بوو تەنانەت سەرکردەکانی فەلەستین و عەرەبەکانی نزیک لە واشنتۆنیان کردە ئامانج. ئەسەد لە پشت تیرۆرکردنی نوێنەرانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینەوە بوو لە لەندەن و پاریس و برۆکسل و لە ساڵی 1974 هەوڵی تیرۆرکردنی یاسر عەرەفاتی دا.
ئەسەدی باوک پەیوەندی بە ئیسرائیلییەکانەوە نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی ئەوانی لەبەرچاو گرتبوو، یەک فیشەکیش لە سنوورەکانییەوە ئاراستەی ئیسرائیل نەکرا، لە کاتێکدا ئەو ڕژێمە بوو کە زۆرترین بانگەشەی دوژمنایەتی ئیسرائیلی دەکرد، یان ئەمە ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵیان کە لەو جیابوونەوە تێپەڕی کە ئەندازیارەکەی وەزیری ئەمریکا هێنری کیسینجەر بوو، یان ئاگاداری ئەوە بوو کە ئیسرائیلییەکان دەتوانن لە یەک کاتژمێردا بچنە ناو دیمەشق و ڕژێمەکەی بڕووخێنن.
حافز ئەسەد زۆربەی ژیانی بە خزمەتکردنی تەنها یەک پڕۆژە بەسەر برد، کە بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک،هەروەها هەوڵەکانی بەر لە مردنی، زەمینەی بۆ پرۆژەیەکی ئاشتی خۆشکرد کە لە جنێڤ دانوستانی لەسەر کرا، بەڵام کاتێک بەشاری بچوک دەسەڵاتی گرتە دەست ئیسرائیلییەکان پاشەکشەیان کرد، چونکە متمانەیان پێی نەبوو.
حافز بە زیرەکی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا ناسرابوو زیاتر ئاگاداری حیساباتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو، بەڵام سەدام بە نەزانی و بۆ نمایشکردنی دەسەڵاتی خۆی لە دژی نەیارەکانی ناسرابوو. تەنانەت جارێکیان گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنێکی بەناوبانگی تەسفیەکردن لە دژی هەڤاڵانی حیزبەکەی لە ساڵی 1979 بۆ حیزبەکان و باڵیۆزخانەکان ناردبوو.
بەشار ئەسەد ڕژێمێکی بەدبەختی لە باوکیەوە بە میرات گرتبوو. نزیکەی چارەکە سەدەیەک وەک سەرۆک کۆمار کاری کردووە بەبێ دەستکەوتی گەشەپێدان و چاکسازی ئیداری. لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات خۆی بڕیاری کارەساتبارانەی دەدا. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!