شیراز ڕەئوف
پەڕڵەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان لە باکووری کوردستان دەڵێت: هەمووان بە هیواوە چاوەڕوانن هەنگاوەکانی ئاشتی لە تورکیا ئەنجامی باشیان هەبێت و سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و پارتی دەسەڵاتدار بڕیاریانداوە بێ مەرج دەستی برایەتی بۆ هەمووان درێژبکەن.
فاروق کیلیچ، پەڕڵەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) نوێنەری مێردین لە پەڕڵەمانی تورکیا لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ وتی: شەڕ و ڕشتنی خوێن وڵاتی وێران کرد و ئێستا هیواخوازین لە ماوەیەکی کەمدا ئەم هەوڵانەی بۆ ئاشتی خراونەتەگەڕ ئەنجامیان هەبێت.
وتیشی: ئەردۆغان تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی برایەتی تورک و کورد و بە عەقڵییەتێکی دەوڵەتمەداری هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدات.
ئەو گوتانەی کیلیچ لە کاتێکدان لە دوای کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر پرسی چارەسەریی دۆزی کورد، کۆبوونەوە و دانووستاندن لەو بارەیەوە لە پەڕڵەمانی تورکیا بەردەوامن، شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سوورەییا ئۆندەر پێکدێت، لەگەڵ ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەڕڵەمانی تورکیا لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەڕڵەمان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە.
لەبارەی بۆچوونی لایەنەکانی نێو پەڕڵەمانی تورکیا بەرانبەر دواین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕوانینیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی پەڕڵەمانتارەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) وتی: خوازیاربووین پێشتر ئۆجەلان ئەم پەیامەی هەبووایە و هەموو لایەنەکانیش پاڵپشتی چارەسەری کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە دەکەن و هیچ لایەنێک ناخوازێت ناکۆکی و شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوام بێت.
تورکیا چارەسەری کێشەی کورد بە بەرپرسیارییەتی خۆی دەزانێت و هەمووانیش کۆکن لەبارەی ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا مافی هەمووان پارێزراو و ڕێزلێگیراو بێت فاروق کیلیچ، نوێنەری مێردین لە پەڕڵەمانی تورکیا لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ وای وت کە لە ئەنقەرەوە بەشداریی بەرنامەکەی کردبوو.
وتیشی: هێشتا زووە بۆ ئەوەی باس لە لێبووردنی گشتیی لە تورکیا بکرێت و پێویستە ببینین هەنگاوەکانی ئاشتی و گفتوگۆکان چۆن بەڕێوەدەچن، بەڵام تورکیا وەکوو دەوڵەت و سەرۆککۆماریش بە عەقڵییەتێکی دەوڵەتمەدارانە هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ تەبایی و چارەسەری کێشەکان.
دوای ئەوەی ڕۆژی (#28-12-2024# ) شاندێکی دەم پارتی لە ئیمراڵی لەگەڵ #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# کۆبوونەوە، ئێستا لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پەڕڵەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و لەو چوارچێوەیەدا شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە.
هەرچەندە هیچ ڕاگەیێندراوێک لە دوای هەردوو کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی بڵاونەکرانەوە، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانەوە بەڵام دەگوترێت کە داواکاری و ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پارتە سیاسییەکانی نێو پەڕڵەمان
باس دەکرێن.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی لە گرتووخانەی ئیمراڵی، ئۆجەلان چەند پەیامێکی لە ڕێگەی شاندەکەوە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و هەر بانگەوازێک کە پێویست بێت لەوبارەیەوە بیکات.
لە یەکێک لە پەیامەکانیدا ئۆجەلان دەڵێت بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیەی ئێستا هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی ئەرێنی پێشکەش بکەن، بێگومان یەکێک لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پەڵپشتییە بریتییە لە پەڕڵەمان.
لەبارەی ئاماژەدان بە پەڕڵەمان، زریان ڕۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ وتی: باسکردنی پەڕڵەمان بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگترین خاڵی پەیامەکەی ئۆجەلانە.
وتیشی: ئۆجەلان خوازیارە بنەمایەکی یاسایی هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان لە پەڕڵەمان.
بە وتەی ڕۆژهەڵاتی دۆخی ئێستای ڕۆژاوای کوردستان یەکێکە لە پاڵنەرەکانی پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و وتی: ساڵی 2015 بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا پەکخرا، ئێستاش بەهەمان شێوە بەهۆی دۆخی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان جارێکی دیکە قۆناخێکی نوێی گفتوگۆ و هەوڵی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان سەریهەڵداوەتەوە.
پێناچێت لەم قۆناخە مافی کورد لە دەستووری تورکیا باسبکرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تورکیا ڕەزامەندی نیشانبدات بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی شارەوانییەکان و پیادەکردنی جۆرێک لە سیستمی لامەرکەزی ڕانەگەیندراو وەکوو بەشێک لە ڕێککەوتنی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو وای گوت.
وتیشی: پەکەکە و ئۆجەلان ئێستا خوززیاری چارەسەرێکی دیموکراتین لەنێوخۆی دەوڵەتی تورکیا و لایەنەکانی دیکەی تورکیاش گرفتیان لەگەڵ ئەمجۆرە چارەسەرە نابێت.
هەر ڕۆژی (هەینی #03-01-2025# ) یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا وتی، شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دووچاری زەحمەتیی زۆری کردوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین''.
هەروەها باسی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریای کرد و وتی ''بە دۆخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین.[1]