ئوفوک ئوراس، سیاسەتمەداری تورکیا دەڵێت: ئەو مۆدێلەی کە هەرێمی کوردستان لە ئێراق پێشکەشی کردووە مۆدێلێکی زۆر گرنگە و دەکرێت لە سووریاش بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریادا بەکاربهێنرێت.
ئوفوک ئوراس ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی ڕووداودا وتی، پێشتر هەبوونی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد لە ئێراق بۆ تورکیا هێڵی سوور بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا باشن و دەکرێت دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەسەدیش پەیوەندی تورکیا لەگەڵ کوردی ڕۆژاوای کوردستان بەو جۆرە بێت.
ئوراس لەبارەی دۆخی باکووری کوردستان و تورکیا و ئەو هەوڵەی ئێستا هەیە قسەی کرد و ڕایگەیاند، دەکرێت لێبووردنێک ڕابگەیەنرێت.
ئوراس کە ماوەیەک سەرۆکی گشتی پارتی پشتگیری و ئازادی (ODP) بوو #20-12-2024# سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپەی کرد کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری تورکیادا.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی ڕووداو لەگەڵ ئوفوک ئوراس:
ڕووداو: پێش ئەوەی شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی بکات، ئێوە سەردانی دەوڵەت باخچەلیتان کرد. ئایا ئەمە بۆچوونێکی تایبەتیی بوو یان هەندێک لایەن داوایان کرد کە ئەو سەردانە ئەنجام بدەن؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان دوای ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ هاوسەرۆکی دەم پارتی بەڕێز تونجەر باکرهان و گوتەبێژی پارتەکە ئایشەگوڵ دۆغان کرد، ئەو سەردانەمان ئەنجامدا. پێم وت کە دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان زۆر بەنرخە و بەرپرسانی دەم پارتیش ئامادەن هەر سوودێکی پێویست بگەیەنن بەم پڕۆسەیە. ئەویش سوپاسی کرد. پڕۆسەکەمان هەڵسەنگاند. دواتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد تورک کرد و ئەو زانیارییانەم پێدا. بەڕاستی پێشهاتەکانی دوای ئەوە بۆ تورکیا خاوەنی بایەخی مێژوویین. ویستمان هەر کەسێک کە دەیەوێت لەم بابەتەدا کەڵک بگەیەنێت، لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت.
ڕووداو: دەکرێت ئێوەش وەک ئەندامێکی شاندەکە سەردانی ئیمرالی بکەن؟
ئوفوک ئوراس: نەخێر، پێویستی بەمە نییە. پەیوەندی نێوان دەم پارتی و ئۆجەلان بەسە. ئێمە تەنیا بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خێرا بێت و ئاسان بێت، بەشداریمان کرد، بەڵام ئێستا لە تورکیا هەموو ڕۆژێک بۆچوونەکانی خۆمان کە ئەرێنین لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش دەکەین. هەوڵ دەدەین ئەو نیگەرانی و پرسیارانەی کە هەن لابەرین. لەبەر ئەوەی ئەمە پێشبڕکێیەکە دژی کات. ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی بابەتەکەش هەیە، واتە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و کشانەوەی ئێران لە ناوچەکە، بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان زەمینەیەکی گونجاو هەیە. ئێمەش هەوڵ دەدەین کەڵک بگەیەنین بەمە.
ڕووداو: بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێک هیوایەک هەیە؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان ئێمە زۆر بەهیواین. لەبەر ئەوەی پلانی B نییە، واتە ئەگەر ئەم هەموو هەڵە بن، کەس نییە بڵێت شتی ڕاست ئەمەیە. زەمینەی گونجاو هەیە کە پەکەکە چەک دابنێت و ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی بکرێتەوە. کاتێک دەڵێن چەک دابنێن، ناڵێن واز لە سیاسەت بهێنن، واتە ئەم پڕۆسەیە دەبێت لە زەوینەیەکی گونجاودا جارێکی تر بەردەوام بێت. لێرەدا برایەتی کورد و تورک زۆر گرنگە. بەڵام بۆ ئەمەش دەبێت برایەتی لەنێوان کوردەکاندا بەهێزتر بێت و پێش بکەوێت. ئەو مۆدێلەی کە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردی ئێراق پێشکەشی کردووە، مۆدێلێکی زۆر گرنگە. لە چوارچێوەی پێشخستنی ئەو مۆدێلە لە کوردستانی سووریاش، ئەو لایەنانەی لە سووریا دەبێت ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سووریا و کێشەی ئاساییشی سنوورەکان نەمێنێت.
ڕووداو: یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە پەکەکە چەک دابنێت. دوای دانانی چەک هیچ نەخشەڕێیەک هەیە کە چی دەکرێت؟ ئایا دانانی چەک دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد و گۆڕینی دەستوور؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان ئەم شتانە دەکرێت هاوکات ڕووبدەن، نەوەک تەنیا چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕینی بۆ شتێکی دیکە. بۆ نموونە، دەبێت لە سووریا پەیەدە و یەپەگە لە دیاریکردنی داهاتووی سووریادا ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی سووریا، کوردەکانی سووریا ببن بە خاوەنی مافی دەستووری و هاوکات لەگەڵ ئەوانەش لە تورکیادا گۆڕانکارییەکی دەستووری لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دەکرێت ڕووبدات. پێشبینی دەکەم کە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا زیاتر ئەم بابەتانە لە ڕۆژەڤدا جێگەیان بێتەوە.
ڕووداو: بۆچوونی ئێوە لەسەر قسەکانی دەوڵەت باخچەلی چییە کە دەڵێت 'ئێمە ئامادەین مافەکانی کورد وەک تاک مسۆگەر بکەین، بەڵام وەک مافی گشتی شتێکی وا قبووڵ ناکرێت و گۆڕانکاری لە 4 خاڵی سەرەتایی دەستووردا ناکرێت؟
ئوفوک ئوراس: واتە جێبەجێکردنی یەکسانیی دەستووری و هاووڵاتیبوونی دەستووری واتای نەمانی کەموکووڕی دیموکراسی لە تورکیا دەگەیەنێت. ئەمەش بە تەنیا خۆی هەوڵێکی گرنگە. واتە با بڵێین مافی پەروەردە بە زمانی دایک مادەیەکی تاکەکەسییە یان کۆمەڵە؟ ئەم بابەتانە تێکەڵی یەکدین، بەڵام گۆڕانکارییەکی دەستووری کە ئێمە لە ڕژێمی 12ی ئەیلوول ڕزگار بکات و هەروەها دەم پارتی، هەموو پارتەکان و پارتی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن جەهەپەش تێیدا بەشدار بن، لە تورکیادا مەیدانی سیاسەت و دیموکراسی فراوان دەکات. لەبەر ئەوە دەم پارتی پشتگیری لەم پڕۆسەیە دەکات. لەبەر ئەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتگیری لەم پڕۆسەیە دەکات. لەبەر ئەوە لایەنی دەسەڵاتیش بەشێکە لەم پڕۆسەیە.
ڕووداو: سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت؟ لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی ڕادەگەیەنرێت؟
ئوفوک ئوراس: بە پێشبینی من، ئەو شتەی پێی دەگوترێت مافی هیوا بۆ کەسێک بە تەنیا نییە. واتە تەنیا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سنووردار نییە و مافێکی گشتییە. لەو بڕوایەدام ئەگەر هەیە لەم چوارچێوەیەدا ڕاستکردنەوەیەکی یاسایی وەک لێبووردنێک بکرێت. لەبەر ئەوەی لە مێژووی کۆماردا ساڵەکانی 10یەم، 50یەم وەک سەردەمی هێمای لێبووردن بوون. لەبەر ئەوە وەک بەشێک لە پڕۆسەکە دەکرێت لێبووردنێکی سیاسی وەها و دەستپێکێکی نوێ بیری لێ بکرێتەوە. ئەمانە ئەو بابەتانەن کە قۆناخ بە قۆناخ و بە نۆرە دێنە ڕۆژەڤەوە. بێگومان دەبێت بە پەسەندکردنی گەلەوە ببەسترێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆر لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە. بۆ ئەمەش لەوانەیە پێویستی بە بەرتەسککردنەوەی پێناسەی تیرۆر هەبێت. لەبەر ئەو لایەنانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە چەکەوە نییە، واتە تەنیا لەبەر بۆچوونەکانیان لە زیندانەکاندان. دەبێت ئەمە بکرێت تاکوو مرۆڤ و ڕۆشنبیرەکانمان کە لەبەر بۆچوونەکانیان لە زیندانەکاندان ئازاد بکرێن.
ڕووداو: جاری یەکەم پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو و هەردوولا یەکدییان تاوانبار کرد. ئێستا بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەکە پێویست نییە چاودێڕێک هەبێت؟
ئوفوک ئوراس: سەردەمی ڕابردوو داواکاری چاودێڕێکی سێیەم نەهاتە دی و ڕاوەستا بەڵام بابەتی سەرەکی ئەوە بوو کە سووریا هێڵی سوور بوو. بەڵام ئێستا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هێڵە سوورەکان بوونەتە ڕەنگی پەمەیی. پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردستانی ئێراقیش هێڵی سوور هەبوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە. لە سووریاش بەرەو ئەم قۆناخە دەڕوات. واتە چاودێڕێکی سێیەم. لەبەر ئەوەی سەردەمی پێشوو پڕۆسەی چارەسەری سەرنەکەوت بەبێ بوونی چاودێڕێکی سێیەمیش ئەم هەنگاوانە دەکرێت لە پەڕڵەمان بنرێن. گرنگ بەدەستهێنانی ئەنجامە. ئێستا لەبارەی نەگەیشتن بە ئەنجام مەترسییەک دیار نییە.
ئوفوک ئوراس کێیە؟
ئوفوک ئوراس #04-12-1959# لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، لە فاکەڵتی ئابووریی زانکۆی ئیستەنبووڵ بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و دواتر ماستەر و دکتۆرای لە هەمان زانکۆ تەواو کردووە. لە هەمان فاکەڵتی وەک ئەکادیمی کاری کردووە.
ساڵی 1996 سەرۆکی دامەزرێنەری پارتی یەکگرتن و ئازادی (ODP) بوو، دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2007 لە ئیستەنبووڵ وەک پەڕڵەمانتاری سەربەخۆ هەڵبژێردرا.
ساڵی 2009 پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (DTP) بە بڕیاری دادگای دەستووری داخرا و بۆ هاوسەرۆکەکانی ئایسەل توغلوک و ئەحمەد تورک 5 ساڵ سزای قەدەخەکردنی سیاسەت درا. دوای ئەوە، ژمارەی ئەندامانی گرووپی پارتی دیموکراسی و ئاشتی (BDP) کە درێژەپێدەری DTP بوو لە پەڕڵەمان لە 21 کەسەوە بوو بە 19 کەس، BDP بۆ ئەوەی لە پەڕڵەمان فراکسیۆن درووست بکات پێویستی بە پەڕڵەمانتارێک بوو. ئوفوک ئوراس بڕیاری دا کە بەشداری بێت.[1]