ڕەچەڵەکی شێخ عەبدولقادر:
وەک هەر کەسایەتییەکیتری ناوداری سەدە ناوەنجییەکانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی لەسەر ڕەچەڵەک و نیشتمانی عەبدولقادری گەیلانی هەیە، بەڵام سەرجەمیان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە سەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنەوە بۆ سەر ئیمام عەلی کوڕی ئەبوتالیب لەگەڵ جیاوازییان لەسەر ئەوەی ئایا ئەم سەید بوونە لە رێگەی حەسەنەوەیە یان حوسێن کە کوڕانی فاتمەی کچهی پێغەمبەری ئیسلامن.
ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەم ناڕونییەش بگەڕێتەوە بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گەیلانی بە ڕەچەڵەک و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار و سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی خەتیبی بەغدادی نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە و لەهەندێ کاتیشدا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم شەجەرە عەرەبییە پێغەمبەرانەی گەیلانیدا کە پاسپۆرتێکی بەهێزی پەڕینەوەیە بۆ خۆشەویستبوون لە دنیای سۆفیگەریدا، ناوی باپیری چوارەمی گەیلانی لە بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکاندا بە ”جەنگی دۆست“ هاتووە. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخی گەیلانی ئاڵۆزییەکی زۆری لە نەتەوەی ناوبراودا دروست کردووە، چونکه ئەم ناوە بۆ ئێرانییەکان و بۆ کوردیش ئاشنایە و بە مانای دۆستی جەنگ یان کەسی ئازاو چەلەنگ دێت، بەم هۆیەشەوە تا ئێستا بە تەواوی یەکلا نەبۆتەوه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر لە نەتەوەی گیلەکە یان عەرەب؟ هەندێکیش باسیان لە ئەگەری کوردبوونی کردووە بەپێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆری شوێنکەوته کوردەکانی ئەمە جگە لە ماناو دەلالەتەکانی ناوی ”جەنگی دۆست“، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا.
بەپێی گەڕانەوەی باوی مێژویی شێخ عەبدولقادر لە دەوروبەری ساڵی 1077 زاینیدا لە شارۆچکەی نیفی سەر بە گەیلانی ڕۆخی دەریاچەی قەزوین لەباکوری ئێران هاتوەتە دنیاوە، بەڵام لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو یەکێک لە نەوەکانی گەیلانی ”جەمالەدین فالح“ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی بە چاودێری هەندێک شارەزا بڵاو کردەوە بەناوی ”جغرافیە الباز اڵاشهب“ کە خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی جیل یان گەیلانی زیک مەدائینی باشوری بەغدایه، لە شەجەرەکەشی کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جەنگی دۆست“ نییە، بەم پێیەش باپیرانی گەیلانی بەر لە بوونی عەبدولقادر لە ناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسنەوی کوردییەوە هاتونەتە گەیلانی نزیک بەغدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر دەکاتە عێراقی و بەوەش گیڕانەوە ئێرانی بوونە باو و بەناوبانگەکەی باپیری ڕەتکردۆتەوە کە سەرجەمیان لە ژێر کاریگەریی یەک گێڕانەوەدا بە کۆمەڵ لەدایکبوونی شێخ عەبدولقادریان گێڕاوەتەوە بۆ گەیلانی ئێران و بەبێ وردبوونەوە چاویان لەیەکتر کردووە.
مناڵی و پێگەشتنی شێخ عەبدولقادر
زانیاریی لەسەر قۆناغی مناڵی شێخ عەبدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر کەمە، بەڵام بە پێی گێڕانەوەکان هەر بە مناڵی باوکی مردووه و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانەکەی خۆی یەک برای هەبووە بە ناوی عەبدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئەوەی بگات بە ئاوەدانی کەڵکەڵەی سەفەر بۆ ڕووگەی دنیای ئیسلامی ئەوکات کە شاری بەغدایه کەوتۆتە مێشکی، لە هەموو ماڵی باوکیشی تەنها 80 دینار پارەیان هەبووە، دایکی کە ناوی فاتمەیە و شێخ زادەیەکی ناوچەی گەیلانە نیو بە نیو لەگەڵ عەبدوڵڵا بەشی کردووە لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عەبدولقادری لەگەڵ کارواندا بەڕێکردووه بەرەو عێراق، چونکە دڵنیا بووە لەوەی ڕۆشتنی بە دەستی خۆیەتی بەڵام گەڕانەوەی بۆ گەیلان لە مەحاڵەوە نزیکتره، دواتریش دڵەخورتێکەی دایکی بەڕاست گەڕاوه و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا بەغدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە.
گەیلانییەکان ئەوکات زیاتر سوننە مەزهەب بوون و پەیڕەویشیان لە مەزهەبی حەنبەلی دەکرد، ئەڵبەت ئەمە بەر لەوەی بەر شەپۆلی شیعەگەریی بکەون، ئەمش هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە چونکە لە شەڕی موعتەزیلە و ئیمام ئەحمەددا (780-855 ز) لە سەر سیفاتی خودا و خەلقی قورئان، دووەمیان پاش دوو ساڵ و نیو زیندان و ئەشکەنجە بە سەرکەوتویی لە ململانێکەدا هاتە دەرەوە و لەکۆتایی ژیانی خۆیدا لەسەر تەختی چوارەم مەزهەبی ئیسلام [حەنبەلی] چوارمشقی دانیشت، بە هۆی پێداگریشییەوە لەسەر بیروڕاکانی و پاشگەزنەبوونەوەی لەژێر زەبری قامچی عەباسییەکان لەناو دڵی خەڵکدا خۆشەویست بووە و مەزهەبەکەی لە رۆژهەڵاتی ئیسلامیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان برەوی سەندووە.
عەبدولقادری گەیلانی لە تەمەنی 18 ساڵیدا و دروست لە ساڵی 1095 ز گەیشتوەتە بەغدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا پەیوەندی کردووە بە خوێندنگای نیزامییە کە بەناوبانگترین فێرگەی ئیسلامییە لە سەردەمی عەباسییەکان، هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەیدا سەفەری کردووە بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، لە رێگای حەجی یەکەمیدا بوەتە هاوەڵی ناوداران و لە یەکێک له و سەفەرانەدا (1115 ز)هاوەڵی شێخ عەدی کوڕی موسافیر بووە کە پایەی سەرەکییە لە ئاینی ئێزدی و مەزارەکەی لەلالش ئێستا کەعبە و زیارەتگای ئێزیدییەکانه، لە پاش ئەم گەشته عەبدولقادر ستایشی زۆری شێخ عەدی (ئادی) کردووە و باسی لەوە کردووە ئەگەر پێغەمبەرایەتی بە تێکۆشان بەدەست بهاتایە ئەوە شێخ عەدی بەدەستی دەهێنا، بەڵام مەسەلەکە هەڵبژاردەی خواییه و پەیامی خودا لە محەمەددا خەتم کراوە.
دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر
شێخ عەبدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی بە خوێندن و گەشت و گەڕان و خەڵوەت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی کۆ کردۆتەوه و وانەی وەرگرتووە تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووە ”مەجنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، لەسەر کورسی ئیرشاد دانیشتووە و بووە بە واعیز و مامۆستا و دواتریش وەک ”قوتبی بەغدا“ و ”بازی ئەشهەب“ ناوی دەرکردووە.
عەبدولقادری گەیلانی لە سەردەمی پێنج خەلیفەی عەباسیدا ژیاوە، بە چاوی خۆی ململانێکانی دەسەڵات و هەڵپەی خەڵکی بۆ دنیا دیوە، ئەمیش بانگی کردوون بۆ ئەخلاق و گەڕانەوە بۆ بەهاکان، بەم جۆرەش سیفەتە واعیز و سۆفیگەرییەکەی زاڵ بووە بەسەر شەرعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئەوەی حەنبەلییەکی سەلەفی مەشرەب بووە، بوەتە شێخی تەریقەت و سلوک، لەم بارگۆڕانەشدا لە هەندێک شێوازی بیرکرنەوەی سەلەفییەکان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)، بەڵام لەبەر ئەوەی لادانەکە گەوره و لە بوارەکانی عەقیدەدا نییە و زیاتر لە سلووک و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە سەلەفییەکان دەڵێن ” ئەوە بە ئاوی دەریای چاکەکانی دەڕوات“، بە تایبەت پاش ئەوەی لە نوسینەکانیدا کە ئێستا لە دوو توێی زیاتر لە 20 کتێبدا کۆ کراونەتەوە و چاپکراون پابەندیی تەواوی خۆی بە تەوحید و جێگیرکردنی سیفاتەوە بۆ خودا ڕاگەیاندووە بە پێچەوانەی ئەهلی کەلام و موعتەزیلە.
لای حەنبەلییەکان عەبدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی هەیه و جارجارەش پێی دەڵێن ”شیخ الإسلام“، لە هەموو کتێبەکانی تەبەقاتی زانایانی ئەم مەزهەبەشدا کە زۆرینەی نوسەرەکانی بە عەقیدە سەلەفین، عەبدولقادری گەیلانی سەردەسته و پێشەنگە لای حەنبەلییەکان، لەهەمان کاتیشدا لە ئەدەبیاتی سۆفیدا ”غەوس“ و ”قوتب“ ە کە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ شیرک و زادەی بیدعە ئاینییە حەرامەکانە بە پێی میتۆدی خواناسیی سەلەفییەکان، چونکه لەعەقیدەی سەلەفدا تەنها و تەنها خوا فریاد ڕەس و کارهەڵسورێنەره و جگە له و کەسیتر قوتبی زەمانە نییە، ڕەنگە هیچ کەسیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێندەی شێخی گەیلانی کەرامات و خەواریقی نەدرابێتە پاڵ بە جۆرێک تەنانەت سەرچاوەکانی تەسەوفیش لەبەر زۆری و نامۆیی گێڕانەوەکان بە گومان و وریاییەوه ئه و چیرۆکانەیان دەستاودەست پێ کردووە.
شێخی گەیلانی کە لە 13 شوباتی 1166 ز کۆچی دواییکردووه و هەر لە ناوەڕاستی بەغدا ئەسپەردەی خاک کراوه و له و کاتەوە ئارامگاکەی ڕووگەی زیارەتکەرانە و ناوی حەزرەی قادرییە، نەوەکانی ئەم کەسایەتییە ناسراوە 14 کوڕ بوون لە نزیکەی 50 کوڕ و کچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی لە هیندەوە تا شام و تا باکوری ئەفریقا بڵاوەیان کردووە، تەریقەتەکەشی بەهەمان شێوەی نەوەکانی بەناوی ”قادری“ و ”گەیلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە .
تەریقەتی قادریی لە کوردستان
یەکەم جوگرافیای سەرهەڵدانی قادریی بەغدا، پاشان خاکی عێراقە و ئەم تەریقەتەش لەسەر تێکۆشان و جیهادی نەفس بنەڕەتە، بەڵام جیاواز لە هەندێک لە رێبازەکانیتری عیرفان لای عەبدولقادر شەرعزانی و تێگەیشتن لە فیقهه لە پێش تەسەوفەوەیە، لە پەنا جیهادی ئاشکرادا، جیهادی پەنهانی هەیە کە هی نەفس و شەیتانە، شێخ عەبدولقادر ڕێسایەکی هەبووە کە خۆی دایڕشتبوو ”شەریعەت فێربە ئەوجا پەناگیریی و خەڵوەت بکە“، لە پەنا جیهادی نەفسیشدا هەندێک چەمکیتری کردبووە بنەڕەت بۆ تەریقەتەکەی کە بریتین لە: تەوەکول بە خودا، ڕەوشتی جوان، سوپاسگوزاریی، ئارامگرتن، ڕەزامەندی و لە کۆتایشدا ڕاستگۆیی و درۆ نەکردن بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا.
ئەگەرچی تان و پۆی تەریقەتی قادری لە بەغدا سەری هەڵداوە، بەڵام گومانەکانی کوردبوونی شێخی گەیلانی و زۆریی شوێنکەوتەکانی لە کوردستان بۆن و بەرامەیەکی کوردانەی بەم تەریقەتە بەخشیوە. بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان هاتنی تەریقەتی قادریی بۆ کوردستان یەکەمجار لەلایەن ماڵباتی بەرزنجەوە بووە کە دەگەڕێنەوە سەر سەید عیسا و سەید موسای بەرزنجی و لە بنەڕەتدا وەچەی ئیمام موسای کازمن کە یەکێکە لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و نەوەکانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب.
سەید عیساو سەید موسا لە سەردەمی هێرشی مەغۆلەکاندا لە هەمەدانەوه هاتونەتە شارەزوور، وەهاش بڵاوە کە ئەم دوو ئیمام زادەیە برەویان بە رێبازی قادریی داوە لە کوردستان کە دامەزرێنەرەکەی لە بنەچەدا ئامۆزایانه، بە قسەی محەمەد ئەمین زەکی بەگیش بێت ئه و دوانە لە 1455 ز هاتوونەتە کوردستان. جگە لەم بۆچوونەش هەندێ لە نوسەران لەوانەش شێخی خاڵ و سەفیزادە باسیان لەوە کردووە شێخ سمایلی ولیانی کە لە وەچەکانی شێخانی بەرزنجەیە بۆ یەکەمجار قادریی لە بەغداوە هێناوەتە کوردستان، ئەگەر گریمان ئەمەش ڕاست بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە بەرزنجییەکان پردی یەکەمی پەڕینەوەی قادرین بۆ کوردستان.
هاوکات لەگەڵ بەرزنجییەکانیشدا ماڵباتی تاڵەبانیش لە پێشەنگانی گواستنەوەی تەریقەتی قادرین بۆ ناو کوردەکانی دەوری کەرکوک، لەناو گێڕانەوە مێژوییەکاندا وەها بڵاوە کە مەلا مەحمودی تاڵەبانی لە رێگەی دەروێشێکی کاروانچیی هیندییەوە بەم رێبازە ئاشنا بووه و پاشان لە بەغداوە گواستویانەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان له ئاواییەکانی تاڵەبان و کەرکوک، بەم پێیەش کوردەکان لە سییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا بە رێبازی قادریی ئاشنا بوون تا ئەوکاتەی تەریقەتی نەقشبەندی لەسەر دەستی مەولانا خالیدی شارەزووری لەگەڵ ئەم رێبازەدا کەوتۆتە کێبەرکێ و لەگەڵیدا بڵاو بووەتەوە.
ڕێبازی سۆفیگەریانەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی کە وەک قادرییەکان پشت بە ڕیازەو دەروێشێتی نابەستێت و زیاتر زیکر و خەتمەی بێدەنگە گەورەترین تەریقەتی سەدەی نۆزدیەمی سنوری دەوڵەتی عوسمانی بووە لە سەدەی 19، بەپێی سەرچاوە بنەڕەتییەکان نەقشبەندیی لە ئەنادۆڵ، تەتەرستان، ئەندەنوسیا، باکوری ئێران، ئازەربایجان، قەوقاز، حیجاز و مەککه و مەدینە و ئەستەنبوڵ بڵاو بووتەوە ئەمە جگە لە دیمەشق و شام کە وێستگەی کۆتایی ژیانی شێخ خالید نەقشبەندییە و لە 1126 ز لەو شارە کۆچی دوایی کردووە.
لەپەنا تەریقەتی قادرییدا رێبازی نەقشبەندی خالیدی لە بەغدا، کەرکوک، هەولێر، دەوروبەری سلێمانی، کۆیە، ئامێدی، هەکاری، ماردین، دیاربەکر، بڵاوبووەتەوەو لەپاش گەڕانەوەشی بۆ سلێمانی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە لەگەڵ بەرزنجییە قادرییەکان و شێخ مارفی نۆدێ دا کەوتۆتە ململانێ و کێبەرکێ و سەرەنجامی ئەم ناکۆکییەش بە کۆچی یەکجاریی مەولانا خالید نەقشبەندی' کۆتاییهاتووە بۆ شام کە دواتر لەبەرژەوەندیی ئەو شکاوەتەوە چونکە لە دیمەشقی سەرەرێگای مەککە و ئەستەنبوڵدا دەلاقەیەکی زۆر فراوان و پان و بەرینی خۆ ناساندن و پەلهاویشتنی بۆ کراوەتەوە کە ڕەنگە لە سلێمانی ئەوەی بۆ دەست نەدایە. [1]
یاسین تەها