پەیرەوو پرۆگرامی ناوخۆی کۆمەڵەی یۆگا لە کوردستان
ماددەی یەکەم:
ناوو پێناسەی کۆمەڵە:-
1.ناوی کۆمەڵە: کۆمەڵەی یۆگا لە کوردستان
2.پێناسەی کۆمەڵە: کۆمەڵەی یۆگا لە کوردستان کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی پیشەیی قازانج نەویستە و خاوەنی کەسێتی مەعنەوەیە، تێدەکۆشێت لەپێناو بڵاوکردنەوەی یۆگا لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بەمەبەستی خزمەتکردنی خوازیارانی یۆگا لە ڕوی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحیەوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەئاگا.
3.بارەگای کۆمەڵە : کوردستانی عێراق/ شاری سلێمانی /گەڕەکی سلێمانی تازە. کۆمەڵە دەتوانێت لەداهاتوودا لق لەشارو شارۆچکەکانی تری کوردستان و عێراق بکاتەوە.
ماددەی دووەم:
ئامانجی کۆمەڵە :-
1.ئامانجی کۆمەڵە بریتیە لە بڵاوکردنەوەی یۆگا بەشێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی.
2.کۆمەڵە لەرێگەی کردنەوەی خولی یۆگاو گرتنی کۆڕو سیمینارو کردنەوەی ماڵپەرو بڵاوکردنەوەی نامیلکە و کتێبەوە هەڵدەسێت بە بڵاوکردنەوەی یۆگا.
3.ئامانجی کۆمەڵە لە بڵاوکردنەوەی یۆگا گەیاندنی ئەو ڕێگە پڕبایەخەیە بەنەتەوەی کورد، هەروەها کۆمەڵە دەیەوێت لەرێگەی یۆگاوە یارمەتی باشتربوونی تەندروستی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحی گەنجان و کەسانی خوازیار بدات تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێتە ئاراوە.
ماددەی سێیەم :-
مەرجەکانی بوونە ئەندام لەکۆمەڵەدا:
1.رەوشتی بەرز بێت.
2.ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن و سەرۆکی کۆمەڵە ڕازی بن لەسەر بە ئەندام بوونی.
3.دەبێت پێش بوونە ئەندام فێرخواز بوبێت لە کۆمەڵەدا.
4.خۆی ڕەزامەندو داواکاربێت و بەڵگەنامەی تایبەتی ئەندامێتی پر بکاتەوە.
5.لەلایەن یاساوە داوانەکرابێت.
6.هەوڵبدات بۆ گەیاندنی پرۆگرامەکانی یۆگا.
7.تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و خاوەنی لێهاتوویی یاسیی بێت.
ماددەی چوارەم:-
لەدەستدانی ئەندامێتی:
هەر ئەندامێک ئەندامێتی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر یەکێک یان دوان لەم خاڵانەی خوارەوەی لێ دەربکەوێت:
1.ئەنجامدانی کاری نایاسایی بەپێ یاسای هەرێمی کوردستان و عێراق و بڕگەکانی یاسای کۆمەڵە.
2.رازی نەبوونی سەرۆکی کۆمەڵە و دەستەی بەڕێوەبردن لەسەر بە ئەندامێتی مانەوەی ئەو کەسە بەبوونی بیانوی شیاو.
3.پاشگەزبوونەوەی ئەندام لەئەندام بوونی خۆی لە ڕێگەی دەست لەکارکێشانەوەی ڕەسمیەوە.
4.هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ناوو جەوهەری یۆگا بۆ کاری نادروست و بەرژەوەندی تاکەکەسی.
ماددەی پێنجەم:-
گەرانەوەی ئەندام:
ئەندام دەتوانێت بگەرێتەوە ناو کۆمەڵە ئەگەر خۆی داواکاربێت، هەروەها ئەگەر کارێکی نایاسای کردبێت دەبێت باجی کارەکەی دابێت(واتە سزای خۆی لەیاسا وەرگرتبێت) و بەڵێن بدات پابەندی برگەو ماددەکانی یاسای هەرێم و عێراق و ماددەکانی پەیرەوی کۆمەڵ بێت.
ماددەی شەشەم:-
پەیوەندی کۆمەڵە:
1.کۆمەڵە ئازادە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆو پەیمانگا و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چ لەناوەوەو چ لە دەرەوەی کوردستان لەژێر ڕوناکی یاساداو بەڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار.
2.کۆمەڵە دەتوانێ مامۆستای یۆگاو کەسانی شارەزا و ئەکادیمی و هونەری لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان بانگهێشت بکات بۆ وتنەوەی وانەو پێشکەش کردنی ئامۆژگاری پێویست لە کوردستاندا بەمەبەستی ئاڵوگۆری زانستی و گۆرینەوەی کارامەیی، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار.
3.کۆمەڵە دەتوانێ لەهەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان خولی یۆگا بکاتەوەو هۆڵی ڕاهێنان دابمەزرێنێت.
4.دروستکردنی پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای کاری ڕێکخراوەیی دەبێت، هاوشانی پاراستنی کارامەیی تاکی کوردی.
ماددەی حەوتەم:-
داهاتی کۆمەڵە:
داهاتی کۆمەڵە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەست دێت:
1.هاوکاریەکانی حکومەتی هەرێم یان دەوڵەتی مەرکەزی.
2.داهاتی چالاکیەکانی کۆمەڵە.
3.کەسانی دەوڵەمەند و خێرخواز.
4.ئەو پرۆژانەی کە کۆمەڵە دەیانخاتە گەر بۆ پەرەپێدانی داهاتی کۆمەڵە.
5.کارە داراییەکانی کۆمەڵە لەلایەن سەرۆکایەتی دیوانی چاودێری داراییەوە ووردبینی دەکرێت.
ماددەی هەشتەم:-
بەرێوبەرایەتی کۆمەڵە:
1.ئیدارەی کۆمەڵە پێکدێت لە لێپرسراوی کۆمەڵەو دەستەی بەڕێوەبردن و چوار بەشی دارایی و ڕاگەیاندن و پەیوەندی و کارگێری.
2.دەستەی بەڕێوەبردن سێ کەس یان زیاتر پێکی دێنن.
3.جگێری سەرۆکی کۆمەڵە بریتی دەبێت لە یەکێک لە ئەندامەکانی دەستەی بەڕێوەبردن کە سەرۆکی کۆمەڵە خۆی دیاری دەکات.
4.هەربەشێکی ئیدارە خاوەنی بەرێوبەری تایبەتی خۆیەتی کەلەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەوە لەهەڵبژاردندا دیاری دەکرێت.
5.دەبێت هەریەک لەبەشەکان خاوەنی ئەرشیفی تایبەتی خۆیان بن.
6.دارایی بەشەکان لەلایەن لێپرسراوی کۆمەڵەو بەشی داراییەوە سەرف دەکرێت.
7.سەرفکردنی بڕی تێچونەکان تەنها بەشێوەیەکی یاسایی دەبێت.
8.هەرکەسێک لەئەندامانی بڕواپێکراوو پێشکەوتوی کۆمەڵە بۆی هەیە ببێتە لێپرسراو، لەهەردوو ڕەگەز، ئەویش لەرێگە هەڵبژاردنەوە.
ماددەی نویەم:-
تۆمارەکانی کۆمەڵە:
1.ئەندامەکان:
لەم تۆمارەدا زانیاری تەواوی ئەندامانی کۆمەڵەی تێدا تۆمار دەکرێت.
2.بریارەکان:
لەم تۆمارەدا سەرجەمی بریارو پێشنیارەکانی دەستەی بەرێوبەرایەتی کۆمەڵەی تێدا تۆمار دەکرێت.
3.دارایی:
سەرجەمی داهات و خەرجیەکانی کۆمەڵە لەم تۆمارەدا تۆمار دەکرێت.
4.تۆماری کەل و پەل:
سەرجەمی کەل و پەلی گواستراوەو نەگواستراوەی تێدا تۆمار دەکرێت.
5.هەر تۆمارێکی تر کە کۆمەڵە بە پێویستی بزانێت.
ماددەی دەیەم:-
هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە:
1.بەکۆی دەنگی 2/3 ی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن یان کۆنگرە.
2.بریاری دادگا.
بەهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە داهاتی کۆمەڵەو کەل و پەل و ئیدارەو هۆڵی ڕاهێنان، ڕاستەوخۆ دەدرێتە ڕێکخراوێکی یان کۆمەڵەیەکی هاوشێوەی ئامانج یان بەشێک لەئامانجەکانی بگونجێت لەگەڵ ئامانجی کۆمەڵە یان دەبێت بخرێتە دام و دزگا حکومیەکانەوە.
ماددەی یانزەیەم:-
کۆنگرەو دەسەڵاتەکانی:
1.دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمەڵە ئەنجام دەدرێت، خۆ ئەگەر سێ لەسەر چواری زیاتری ئەندامان ویستی مانەوەی لێپرسراوی کۆمەڵەیان هەبوو ئەوا پێویست بەهەڵبژاردنی لێپرسراو ناکات.
2.هەڵبژاردنەکان بەپێی دەنگدانی دیموکراسی دەبێت بەئامادەبوونی یاسایی دادگاکانی هەرێم.
3.هەردوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت جا لەناو کۆنفرانسدا یان لەدەرەوەی کۆنفرانس.
ماددەی دوانزەیەم:-
ئەحکامی کۆتایی:
1.ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن کەنابێت لە سێ کەس کەمتر بن دەتوانن لەرێگەی دەنگدانەوە لێپرسراوانی بەشەکانی بەرێوبەرایەتی دیاری بکەن.
2.پاش لەدەستدانی لێپرسراوێتی کۆمەڵە لەهەڵبژاردنداو هەڵبژاردنی کەسێکی دیکە لەبری لێپرسراوی پێشوو، ئەوا لێپرسراوی پێشوو بۆی نیە داوای ئەو ئیمتیازاتان بکات کە پێشتر هەیبوە.
3.هیچ یەک لەئەندامانی دامەزرێنەر بۆیان نیە داوای ئیمتیازی تایبەتی بکەن تەنها لەبەرئەوەی بەشداری دامەزراندنی کۆمەڵەیان کردوە، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانی ئیمتیازی ئیداری پێویستە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە کار بکات.
4.هەموو ئەندامان بۆیان هەیە پێش تەواو بوونی کۆنفرانس یان هەڵبژاردن ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بکەنەوە.
5.دەبێت داهاتی کۆمەڵە لەرێگەیەکی شەرعیەوە دەست بکەوێت، واتە بەهیچ شێوەیەک ناگونجێت بازرگانی بەیۆگاوە بکرێت و یۆگا بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی سامان و داهات.
6.دەبێت داهاتی کۆمەڵە سەرفی کارو چالاکیەکانی کۆمەڵە بکرێت و کەس بۆی نیە ئەم داهاتە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت.
7.خەرجکردنی داهات دەبێت بەرەزامەندی لێپرسراوی کۆمەڵەو لێپرسراوی بەشی دارایی بێت.
8.مامۆستای بەشەکان و بەرێوبەری بەشە ئیداریەکان خاوەنی پاداشتی دارایی دیاریکراوی تایبەتی خۆیان دەبن لەبەرامبەر هەڵ و ماندووبونی بەردەوامیاندا.
ماددەی سیانزەیەم:-
هەر بەندێک لەم پەیرەوەدا ئاماژەی بۆ نەکرابوو ئەوا دەگەرێینەوە بۆ یاساو ڕێنماییەکانی تایبەت بە کۆمەڵەکان.
ل. ئەندامان و دامەزرێنەران و مامۆستاو لێپرسراوانی
کۆمەڵەی یۆگا لە کوردستان
2008/6/1