ناونیشانی پەرتووک: دەمەو ئێواران ئەتبینم بەسوخمەیەکی زەردەوە
نووسەر: #سەلام محەمەد#
بە یارمەتیی ئەمیندارێتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان لە چاپ دراوە
ساڵی: 1988 [1]
ئەم کۆمەڵە شیعرە چوار جار لە حەفتاکاندا بۆ چاپکردن دراوە بە دەزگای ڕەقابەی عیراقی هەر چوار جارەکە بە ڕەفز وەڵام دراومەتەوە تا لە ساڵی 1988 جارێکی تریش هەوڵم دایەوە بۆ خۆشبەختی درابوو بە ڕەوانشاد کاک عبدالرزاق بیمار. ئەوەبوو خۆی وتی: ئەگەر وردەدەستکارییەکی بکەین وا دەکەم لە ڕەقابە دەرچێت دەستکارییەکانیش زۆر نەبوون و لە ساڵی 1988 بڕیار لەسەر چاپکردنی درا و کاک نازم دڵبەند ئەرکی سەرپەرشتیکردنی گرتە ئەستۆ. پەرتووکەکە لە چاپخانەی ( سلمان الاعظمي ) لە بەغدا چاپ کرا چەند دانەیەکم بە دیاری لێ وەرگرتن و دوای ئەوە بەهۆی فیراریەوە لە دێهاتەکانی دەوروبەری کەرکووک خۆم شارەدەوە پاش ئەوە کاک نازمیش لەلایەن دەزگا سیخوڕیەکانی عیراقەوە گیرا و پەرتووکەکان لە چاپخانە مانەوە و نەگەیشتنە دەستی خوێنەران تەنانەت هاوڕێی دێرینی سەرەتای حەفتاکانم شاعیری ناسراو لەتیف هەڵمەت لە وتارێکدا نووسیبووی ( ئەو کۆمەڵە شیعرە شاکارێکە لە ئەدەبی کوردیدا منیش دەستم نەکەوت و کۆپیم لەبەر گرتەوە ). ڕاستە لە دوای ڕاپەڕین بە دەستپێشکەری و هەوڵدانی برایان حەمە کاکەڕەش و محەمەد کوردۆ لەگەڵ گفتوگۆیەکی درێژ و کۆمەڵێک شیعری دیکەدا لە ساڵی 2009دا هەمووی لە یەک بەرگدا بە ناونیشانی ( دیوانی سەلام محەمەد ) چاپ کرایەوە.
چاوخشاندنەوەیەکی خێرا بە کۆمەڵەشیعری ( دەمەئێواران ئەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە ) بە ئاسانی ڕەنگدانەوە و کاریگەریی بە سەر شیعری هەشتاکان و نەوەتەکان و تەنانەت ئێستایش دیارە، بەڵام بەداخەوە بەشێک لەوانەی بە ناوی ڕەخنەی شیعریەوە دەنووسن و بڵاودەکەنەوە هیچ ئاماژەیەکیان بۆ ئەو ڕەنگدانەوە و کاریگەرییە نەکردووە تەنانەت هەندێکیان ناویشیان نەهێناوم .
پێشنیازێک دەخەمە بەردەم وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەستگاکانی بڵاوکردنەوە دووبارە ئەو کۆمەڵە شیعرە چاپ بکەنەوە بە هەمان بەرگ و قەوارەوە لای خۆم یەک نسخەم ماوە ئەوەی چاپی بکات بۆی ڕەوانە دەکەم.
سەلام محەمەد #13-03-2024#
ڤێستەرۆس/ سوید (Zana Xalil)