هەناردەی نەوتی کیڵگەکانی کەرکووک لەرێگەی بەغداوە لەمانگی نیساندا بۆ زیاتر لە نیوەی مانگی ئازار دابەزیوە، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، لە مانگی نیساندا 97 ملیۆن و 574 هەزارو 813 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوه و داهاتەکەی زیاتر بووە لە چوار ملیارو 612 ملیۆن و 815 هەزار دۆلار.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، له و ڕێژەیە 96 ملیۆن و 900 هەزارو 433 بەرمیلی لەبەندەرەکانی باشورەوە هەناردەکراوە، لەکاتێکدا لەکەرکووکەوە 674 هەزارو 380 بەرمیل هەناردەکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاردا لەکەرکووکەوە، ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکرابوو.
ئەحمەد عەسکەری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەلێدوانێکیدا بۆ خەندان، جەختیکردەوە لەسەر کەمبونەوەی هەناردەی نەوتی پارێزگاکە.
بەڵام وتی کە ئەوە کاریگەری لەسەر پارێزگاکە دروستناکات، به و پێیەی پارەی پترۆدۆلار لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت دیاریدەکرێت نەک لەسەر ڕێژەی هەناردە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور بەخەندانی ڕاگەیاند، کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت لە کەرکووکەوە پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداوە هەیە لەسەر نەوتی پارێزگاکە، به و پێیەی بەپێی ڕێککەوتنەکە هەناردەی نەوت هەرچەند بێت نیوەی لەرێگەی بەغداوە هەناردە دەکرێت و نیوەکەی دیکەشی لەلایەن هەرێمەوە.
وتیشی هەناردەی نەوت هەندێ ڕۆژ لەنێوان 80 بۆ 90 هەزار بەرمیلدایە، کە نیوەی لەرێگەی بەغداوه و نیوەکەی دیکەی لەرێگەی هەرێمەوە هەناردە دەکرێت.
06-05-2017