هاوڕێیانی بەڕێز له #کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران#!
شەهید کرانی پۆلێک پێشمەرگه و تێکۆشەری ئێوه له ڕۆژی 2ی پووشپەڕی 1396 له ناوچەی سنە بەدەست هێزه دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بووه مایەی خەم و پەژارەی ئێمەش. سەبارەت بە لەدەستدانی ئه و هاوڕێیانەتان، وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکیان، بەناوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوه لەگەڵ سەرجەم هاوڕێ و هەڤاڵان و بنەماڵەی بەڕێزی ئه و شەهیده نەمرانه هاوخەمی و هاوپێوەندیی خۆمان دەردەبڕین.
ئەم شەهیدانه تازەترین دەستەی نێو کاروانی دوورودرێژی گیان بەختکردنی ڕۆڵەکانی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەمانن، بەڵام بەداخەوه وێ ناچێ ئاخرین دەستەی ئەم کاروانه بن. چونکه لەلایەک کۆماری ئیسلامی هەروا سووره لەسەر ئەوەی وڵامی ویست و داخوازه ئینسانی و دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی گەلی ئێمه، ئەگەر تەنیا به ڕێگای سیاسی و مەدەنی و ئاشتیخوازانەش دەری ببڕین، هەر به ئاگر و زیندان و ئێعدام و تێرۆر و تەنانەت کوشتنی کەسانی بێدیفاع و بێدەرەتان بداتەوه. لەلایەکی دیکەش، هەمووی ئەمانه قەت نابنه هۆی ئەوه که گەلی ئێمه واز له خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافه ڕەواکانی خۆی بێنێ. ئەوه مافی سروشتی و تەنانەت ئەرکی هەره بنەڕەتیی تێکۆشەرانی گەلەکەمانه که بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی ئەم گەله و دڵنیایی بەخشینەوه بە خەڵک که خەبات درێژەی هەیه و له بەرامبەر هێرش و سەرکوتدا بێ پشت و پەنا نین، لەسەر خاک و لەنێو خەڵکی خۆیاندا حزووریان هەبێ و له تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتیی خۆیان بەردەوام بن.
دۆستانی بەڕێز! بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەردەم ڕوولەگۆڕانی ناوچه و ئه و هەڕەشانەی لەسەرمانه و هەروەها ئەرک و ڕیسالەتێکی وەکیەکی خەباتگێڕی که لەسەر هەموومانه، شەهید بوونی ئەم پۆله شەهیده دەبێ جارێکی دیکە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی خەبات له ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بکاتەوه. گیانی شەهیدەکانمان ئه و کاته شاد دەبێ که به لێکگەیشتن و لێک نزیک بوونەوەی زیاتر، کارێک بکەین هەموو زەرفیەت و تواناکانی خۆڕاگری و خەباتگێڕیی گەلەکەمان بەشێوەی یەکگرتوو و هەماهەنگ بۆ گەیشتن به خەون و ئاواتی شەهیدەکان دەکار بخەین.
لەگەڵ دووبارەکردنەوەی هاوخەمی و هاوپێوەندیی خۆمان.
#حیزبی دێموکراتی کوردستان#
دەفتەری سیاسی
5 ی پووشپەڕی 1396
28-06-2017