یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا بەشی دووەم لەو پارەیەی بۆ ڕێککەوتنی کۆچبەران لەگەڵ تورکیا لە ساڵی 2016 واژۆیکردبوو بۆ ئەنقەرە بنێرێت، بەڵام نەک بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ کۆچبەران.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا سێ ملیار یۆرۆ وەک بەشی دووەم لە شایستەکانی ڕێککەوتنی تورکیا و ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچبەران ئامادەبکات و بینێریت.
دیمیتریس ئاڤرامۆپۆلۆس، کۆمیسیاری کۆچ و کۆچبەرانی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند تورکیا وەک گوتبووی هۆکار بووە بۆ کەمکردنەوەیەکی گەورەی ژمارەی کۆچبەران بۆ یەکێتیی ئەوروپا.
لە بەرامبەریشدا یوهانس هان، کۆمیسیاری کاروباری دراوسێیەتی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، هاوکارییەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا نابێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆ ئەو سێ ملیۆن کۆچبەرە دەبێت کە لەو وڵاتە هەن، ئەوەش هاوکار دەبێ بۆ نیو ملیۆن منداڵ بچنە قوتابخانە.
ملیارێک لەو بڕە پارەیە، هاوشێوەی بەشی یەکەم لە بودجەی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت و دوو ملیارەکەی دیکەش پێویستە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە کۆبکرێتەوە، بەڵام هەندێک لە وڵاتەکان نایانەوێ لە بودجەی خۆیانەوە بیدەن.
ساڵی 2016 یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی کۆچبەران بەرەو وڵاتەکانیان، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا واژۆکرد. خاڵێکی ئەو ڕێککەوتنە بەخشینی شەش ملیار یۆرۆ بوو بە تورکیا بۆ هاوکاریکردنی نزیکەی سێ ملیۆن کۆچبەر. خاڵێکی دیکەش، کە تورکیا داوایدەکات لابردنی بەربەستەکانی ڤیزایە بە خاوەن وڵاتینامەی تورکیا.
تورکیا لە ساڵی 2007 تاکو 2020 زیاتر لە نۆ ملیار یورۆ بەشێوەی هاوکارییکردن بۆ کاندیدکردنی ئەنقەرە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت. تاکو ساڵی 2014 نزیکەی نیوەی ئەو بڕە پارەیە بە تورکیا بەخشراوە، بەڵام ڕەخنە لە تورکیا دەگیرێت کە مەرجەکانی کۆپنهاگن جێبەجێناکات.[1]
#15-03-2018#