لەشارۆچکەی #خورماتوو#، کەمی و نەبوونی مامۆستای وانەکانی فیزیا و کیمیا، کێشەی گەورەی بۆخوێندنگا کوردییەکان دروست کردووە، بەچوار هەزار و 600خوێندکار تەنها پێنج مامۆستایان هەیە، بەرپرسێکی بواری پەروەردەش دەڵێت، کە زیاتر لە 10 ساڵە داوای مامۆستا دەکەین، حکومەتی هەرێم و #وەزارەتی پەروەردە# وەڵام-مان نادەنەوه.
لە شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، حەوت خوێندنگای ئامادەیی و بنەڕەتی هەیە، کە خوێندنی کوردی تێدا دەخوێندرێت، ئەو خوێندنگایانە 4600 خوێندکار تێیدا دەخوێنن، بەهەموو خوێندنگاکان پێنج مامۆستای وانەی فیزیا و کیمیا-یان هەیە، ئەوەش کێشەی بۆ خوێن کاران دروستکردووە.
ئەحمەد عەزیز، مامۆستای کیمیا لەدواناوەندی کوردستانی کچان، سەبارەت بەو کێشەیە بە ڕۆژنیوزی وت:هەفتەی زیاتر لە 25 وانە دەڵێمەوە و پێی ڕاناگەم، پۆلەکان زۆرن و مامۆستاش نیە، ئه و ماوەیەش لە پۆلدا دەبم، بەهۆی کەمی کاتەوە وەک پێویست خوێندکارەکان تێ ناگەن، بۆیە پێویستە خویندنی کوردی لە شارۆچکەکە خەمێکی خوێندکاران بخوات، ئەگینا ئاستی ئەمساڵیان لەپار باشتر نابێت.
ئه و مامۆستایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە دەزانێت، و دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی کوردیی لەم شارۆچکەیە لە پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هۆکاری سەرەکین لەم کێشەیە، چونکە ئاوڕیان لە کەرتی پەروەردە نەداوەتەوه.
فەریدون قادر، سەرپەرشتیاری پەروەردەی، لە بەشی خوێندنی کوردی لە خورماتوو، وتی: تەنها پێنج مامۆستای وانەی کیمیا و فیزیا، لە خورماتوو هەیە و ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ دروست کردووین، بەشێوەیەک ساڵی 2017 بۆ 2018 ڕێژەی دەرچوون لەم دوو وانە سفر بووە واتە هیچ.
ناوبراو وتیشی: زیاتر لە 10 ساڵە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە هیچ نەبێت چەند مامۆستایەکی ئه و دوو وانەیمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی خویندکاران تووشی زیان نەبن، بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە، لەکاتێکدا داوای ئەوەشمان کردووە، کە دەرچووی ئه و دوو بەشە هەیە ئەتوانن بەگرێبەست دایان بمەزرێنن، بەڵام هەر وەڵامییان نەداوینەتەوە.
ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە هەندێک ئامادەیدا، هیچ مامۆستایەکی وانەی فیزیا و کیمیا نییە، لەهەندێکیشیان بەدوو خوێندنگا یەک مامۆستایان هەیە، دەشڵێت: له ساڵی 2004 - وە تاوەکو ئێستا لە بەغداوە مامۆستا دادەمەزرێت بۆ خورماتوو، یەک مامۆستا بۆ کورد دانەمەزراوه، هەمووی بۆ عەرەب و تورکمان بووه.
خوێندنی کوردیی لە شاری #کەرکووک# و شارەدێی خورماتوو، سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان-ە، بۆیە دامەزراندنی مامۆستا بۆ خوێندنگا کوردییەکانی ئەو سنورە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.[1]
#10-10-2018#