کۆمەڵێک نووسەر
وەرگێڕانی: بابان ئەنوەر
پێشڕەو محەمەد
هێمن خالید
هەمیشە مارکسیستەکان تۆمەتبارکراون بەوەی لەبنەڕەتدا دژە دینن. گومان لەوەدا نییە ئەتاییزم و مارکسیزم هەمیشە بەیەکەوەن، واتا هەموو مارکسیستێک ئەتایستیشە، بەڵام ئەوەی مارکسیزم لە ئایدیۆلۆژیای ڕووتی ئەتاییزم جیادەکاتەوە، ململانێی ئەتایستەکانە لەگەڵ ئایین و شیکردنەوەی زانستییانەی مارکسیزمە بۆ ئایین. لە هەنگاوی یەکەمدا، مارکسیستەکان شەڕی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاییندا نییە، بەڵکو لە زۆر شوێن و نوقتەی دونیادا، مارکسیستەکان هاوشانی کڵێساییەکان، لەگەڵ موسڵمانەکان دژی چەوساندنەوە و ڕزگاربوونی چینی کرێکار و ڕزگاریی نەتەوەیی خەباتیان کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ڕێبازێک بەناوی تیۆلۆژیای ڕزگاریی (ئیلاهیاتی ڕزگاریخواز) بەتایبەت لە ئەمریکای لاتین و لەسەرەتادا لەسەردەستی ئەمیلیانۆ زاپاتا و لە ناو نەریتی ئیسلامیشدا ڕەوتێک بەناوی چەپی موسوڵمان لە گۆشە و کەنارەکانی دونیای ئیسلامیدا دەبینرێت، بە ئایدیا مارکسیستەکانەوە دژی سیستەمی سەرمایەداریی دەجەنگن (جا هەست بەوە بکەن یان نا)، ئەگەرچی مارکسیستەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم ڕەوتانە و تەنانەت ناوەرۆکی چینایەتیی ئەو ڕەوتانەش هەیە. لە ئەمڕۆ و لە دوێنێشدا ئایین بووەتە بەشێکی گەورە و ئامرازێکی دیاری سیستەمی سەرمایەداریی. ئەرکی مارکسیستەکانە ئەم پەیوەندییانە شیبکەنەوە، ستراتیژی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە دەستنیشان بکەن، بەڵام لە هەنگاوی یەکەمدا مارکسیستەکان خەبات دژی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریی دەکەن، کە ئایینیش بووە بە بەشێک لەو پەیوەندییانە. کەواتە هەموو خەباتێکی ڕاستەوخۆ و ئەبستراکت دژی ئایین، بەبێ لەباربردنی ئەو پەیوەندییانەی سەرمایەداریی کە ئینسانی بەرەو لانەی ترس و نائومێدیی بردووە، مەحکومە بە شکست و پاشەکشە. هەروەها دوورکەوتنەوەشە لەو ئامانجەی کە دەمانەوێت کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی دابمەزرێنین، لەسەر بنەماکانی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییەکانی ئینسان لەدەرەوەی بنەماکانی قازانج و چەوساندنەوەی چینایەتیی. ئایین وەک ئامرازێک بووەتە دەرمان و ئەفیونی ئەو کۆمەڵگا چینایەتییەی ئینسانی بەرەو لانەی ترس و نائومێدیی و هەژاریی، چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بردووە و ئایین بووە بە حەبێکی هێورکەرەوە، ئەگەر ئەو بنەمایانە لەناونەبرێن کە ئینسانیان وەها نامۆ و وێران کردووە، وەک ئەوە وایە نەخۆشێک حەب و عیلاجەکانی لێ قەدەغە بکەیت، بێ ئەوەی نەخۆشییەکەی ڕیشەکێش بکەیت و بەحاڵەتی نەخۆشییەکەی خۆیەوە بەجێیبهێڵیت. ئەڵبەتە ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە دەستنەکەین بە شیکردنەوەی زانستییانە بۆ دیاردەی ئایین و ستراتیژی خەبات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا. کۆی ناوەرۆکی ئەم کتێبە لەسەر ئەم ستراتیژە دامەزراوە.