دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات: لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 8 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەی گەشتیارانیش لە ساڵی 2018دا بەراورد بە ساڵەکانی 2016 و 2017 زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان: لە ساڵی 2016 و 2017دا نزیکەی پێنج ملیۆن و 600 هەزار گەشتیار لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە ساڵی 2018دا زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار هاتوونەتە کوردستان.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی سیاسی تەنیا 55 هەزار گەشتیار لەم وەرزەدا سەردانی کوردستانیان کردبوو، بەڵام لەمساڵدا ئه و ڕێژەیە بەرزبووەتەوە، چونکە بارودۆخی ئەمساڵ زۆر لەبارترە بۆ هاتنی گەشتیاران و بارینی بەفر و کەشوهەوای زستانیش لەبارە، بۆیە چاوەڕێ دەکەن ئەمساڵ ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو بەرامبەر بێت.
روونیشیکردەوە: زیاتر لە 100 کۆمپانیا لە هەرێم کاریان کردوە بۆ هێنانی گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتی ئێران و ڕۆژئاوا، پێشبینیشدەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاتنی گەشتیار زیاد بکات.
ئاشکراشیکرد: تەنیا لەسەری ساڵدا 54 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و زۆربەی مۆتیڵ و گوندە گەشتیارییەکان پڕبوون.[1]
#02-01-2019#