بە دڵ و بە گیان ڕۆژی 8ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەم.
ئەی گوڵاڵە سوورە و ڕەنگاورەنگەکانی نیشتمانەکەم بۆ لە بەرامبەر زوڵم و زۆردا سەرتان نەوی کردووە؟!
گوڵاڵە چەماوەکان سەرە نازدارەکانتان بەرز بکەنەوە و سەیری چاوە ڕەشە پڕ لە ئەسرینەکانتان بکەن، کە سۆی چاوەکانتانی داهێناوە و لە بەرامبەر ئەو ناهەقییە کە بۆ ماف و هەقتان و مرۆڤایەتی بەرامبەرتان ئەنجام دەدرێت، ئەو توڕەییە پەنگخواردووەی چەندین ساڵەی دەروونتان بکەنە هاواری ئازادی.
ئایا ئیدی شینگێڕان بۆ خۆشەویستان و ئازیزانمان و ئازادی، کە دەستمان داوە بەسە؟! ئەی گوڵاڵە زیندانیکراوەکان، من 11 ساڵە شاهیدی بێدەنگییە کوشەندەکەتانم، بەرامبەر ئەو زوڵمەی، کە بەرامبەرتان ئەنجام دەدریت، ئەوە گەورەترین ئازارە، کە بە درێژایی تەمەنم ئەزموونم کردووە.
وەرن پێکەوە دەست لە دەستی یەکتر بنێنین و هاواری هەقخوازانەمان بە هەموو دونیا بگەیەنین. ئەم کۆت و زنجیرە کە ستەمکاران لە دەست و قاچیان بەستوین تێکبشکێنین و لەگەڵ هاواری ئازادیی جیهاندا ببینە یەک و دان بەخۆداگرتن، لێبوردەیی، خۆسوتاندن و خۆکوشتن بکەینە هاواری هەقخوازانەمان.
ئەی هاوزیندانییە نازدارەکانم، گوێ لەم گۆرانییە دڵنیشنە بگرن، کە ئەم گۆرانییە بە خوێنی هاورەگەزەکانی ئێمە خوڵقاوە.
بەڵێ خۆشەویستان و ئازیزان، باڵای بەرز و ڕێک و خەنەیتان بەرز بکەنەوە، سەری دانەواوتان بەرز بکەنەوە، چاوە پڕ لە ئەسرینەکانتان بە ئاوی ژیانی 8ی مارس بشۆرن و توڕەی پەنگخواردوی هەزاران ساڵەتان تێکبشکێنن. بێنە پاڵ ئەم گۆرانییە گەورەییە تاوەکو هیچ ستەمکارێک نەتوانێت ستەم لە ژن بکات.
من لە پشت دیوارە بەرزەکانی زیندانەوە بەو ئومێدە دەژیم، کە ڕۆژێک بە باوەشێکی پڕ لە گوڵی یاسەمینەوە بەرەو لاتان بێم و سەری نەوازشتان بۆ دابنەوێنم و بە دڵە مێهرەبان و بەسۆزەکانتان گوڵێکی یاسەمین پێشکەش بکەم.
زەینەب جەلالیان
زیندانی خۆی
#08-03-2019#