هۆشیار و هاونشینی دانایان...
پیاوێک ڕەوڕەوەی ژیانی بەخواستی خۆی هەڵنەسوڕا و باهۆزی ڕۆژگاربە ئارەزووی ئەو هەڵینەکرد.. کەشتی بەختی لەکەنارێکی ئارامدا لەنگەری نەگرت و زەحمەت و دەردی سەری و نەهامەتی بوونە هاوڕێی.. بەڵام دواجار ئەو زەحمەتیانە بوونە قوتابخانەیەک بۆی، وانەی دانایی لێوەرگرت و لەماوەی تەمەنیدا وەک چرایەک ڕێگا تاریکەکانی بۆ ڕوناک کردەوە.. دانایی بووە هەوێنی ژیانی ڕۆژانەی و کردیە سەرقافڵەی کاروانی دونیا نەویستان.
لەناوکۆڕ کۆمەڵ و لەناو ئۆتۆمبیل و لەڕێگاو بان، لە بۆنە و میوانداریدا گوێ بیستی گێڕانەوەی وتەی جوان و پەندو ئامۆژگاریەکانی دەبوم، خەڵکی قسەکانیان وەک نمونەی گوڵی مەجلیس و وەک پەندو ئامۆژکاری دەگێڕایەوە.
نەوەی نوێ ئەم پیاوە وەک شاعیر دەناسن، بەڵام ئایا تەنها خاوەنی هۆنراوەبوو؟ حاجی شێخ ڕەووف لەزۆر مەیدانی ژیاندا سه ڕقافڵەو پێشەنگ بووە، لەبواری ئایینی و لەقورئان و فەرمودە دا شارەزاییەکی باشی هەبوو، جوتیارێکی کارامەو بەئەزمون بوو، باخەوانێکی لێزان بوو جگە لە ناشتنی دار و درەختی میووە حەزی لەڕواندنی گوڵ و گوڵزاریش بوو، زۆر عاشقی خوێدنەوە بو بەتایبەتی لەبوستانی سەعدی شیرازیدا لەلوتکەدابوو، شەیدای مزگەوت و حوجرەو کۆڕی مەلایان بوو، ئەگەر چی بەبۆنەی ئەو ئاستەنگانەی لەژیانیدا هاتە ڕێگەی نەیتوانی تا کۆتایی درێژە بەخوێندن بدات بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر خولیای خوێندن بوو توانی تائاستێکی باش سەرکەوتو بێت لەخوێندنەوەو نوسیندا، زۆر موعجیبی پەندەکانی سەعدی شیرازی بوو هەمیشە وەک نمونە بۆ ڕەوایی قسەکانی ئاماژەی پێ دەکردن.
بەندە بەو سیفەتەی خاڵۆم بوو چەندین جار دەبوومە هاوسەفەری هەرچەند ئەوکاتانە من لەقوڵایی وتە بەنرخەکانی نەدەگەیشتم بەڵام لەزەینمدا تۆمارم کردن، لەناو هەورازو نشێوی زەمانەدا و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنمدا گرێکانم بۆ کرانەوەو تێگەیشتم وتەکانی کلیلی کرانەوەی کۆسپەکانی ژیانن، کاتێک ڕوداوێکی مردن ڕوی دەدا لەدوای پرسە سەردانێکی ماڵی کۆچ کردوی دەکردو بەوتەی جوان و ئامۆژگاری دڵی دەدانەوەو ئارامی پێدەبەخشین، دێنی و بەجێهێنانی سیلەی ڕەحمی بەئیش و واجب دەزانی، بەوەفا بوو بەرامبەر هەرکەسێ کەڕۆژێ چاکەیەکی لەگەڵدا کردبێ، لەمیوانداریی و دێنیدا زۆر ئارەزوی بوو هاوەڵی کەسانی هەژار بکات هەمیشە یان میوانداری دەکردن یان بۆ خۆی سەردانی دەکردن، هەر چاکەیەکی بکردایە یەکەم لەبەر خوا دەیکرد دوای ئەوە لەبەر خزمایەتی و دۆستایەتی و مرۆڤایەتی بوو، حەزی لەنزیک بونەوە لەدەوڵەمەندو کاربەدەست نەبوو ئەگەر مەرحەبایەکیشی بکردنایە هیچ تەماعێکی پێیان نەبوو، لەچارەسەرکردنی کێشەی خەڵکدا زۆر بەسەلیقە بوو هەمیشە ئەو ووتەیەی دوبارە دەکردەوە دەیگوت (کاتێک ڕوداوێک ڕوو دەدات ئەو تەنازولەی دوای ڕوداوەکە ئەیکەیت پێش ڕوداوەکە چارەکێکی بکە کێشەکە ڕو نادات)، هیچ خۆشی بەئینسانی زاڵم و خراپەکاردا نەدەهات بەو بۆنەوە لەهۆنراوەیەکدا دەڵێت:
مرۆڤی زاڵم و بەد خوو
یارمەتیت داو قەڵەوبوو
لەو هێزەی لێی وەرگرتی
گوناح ئەکاو شەریکی
وەیا ئەڵێت:
ئەوەی زاڵمێ لەکۆڵ کاتەوە
ڕێی بەهەشت بۆخۆی پاک ئەکاتەوە
زۆر نیشتمان پەروەر بوو ئاواتی بوو کوردیش وەکو میلەتانی تری ئەم جیهانە بەمافەکانی خۆی بگات، دڵسۆزیەکەی بۆ نیشتمان لەهۆنراوەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئیسلام و بەرنامەکەی بەچارەسەر دەزانی بۆ هەموو ئاریشەکان ئەیگوت جوانترین بەرنامەیە کەخوای گەورە ناردویەتی بۆ مرۆڤایەتی، بەکردەوە موسڵمان بوو، باوەڕی وابو ئەبێت مرۆڤ هەوڵ بدات بەڕەنجەشانی خۆی بژی، جوتیارێکی زەحمەت کێش بوو هەمیشە تفاقی زەوی کێڵان و خەلەو خەرمانی مەزبوت بوو، عەماری دانەوێڵەی پر بوو، ئابوریانە بیری دەکردەوە هەتا گەنمی نوێ نەهاتایەتە بەرهەم گەنمی ساڵی ڕابردوی نەدەفرۆشت.
زۆر حەزی لەگفتوگۆ هەبوو لەگەڵ هەرکەسێدا گفتو گۆی بکردایە ڕەچاوی تەمەن و پیشەکەی ئاستی ڕۆشبیریەکەی دەکرد بەو پێودانگە دەیدواندن، ڕێزی لەبەرامبەرەکەی دەگرت هەر ئایدیایەکی هەبوایە، زۆر جار لەگەڵ کادری کۆمەنیست و بیرکردنەوە جیاوەزەکاندا مناقەشەیەکی هێمنانەیان دەکرد کادرەکان نەک هەر ناڕەحەت نەدەبون هەندێ جار پێشنیاری وەها گفتو گۆیەکی تریان دەکرد، خۆی بەگەورە نەدەزانی لەهۆنراوەیەکدا ئەڵێت:
وەک منی بێ هۆش و نەزان گەوهەرو گەنجی جوانیتان
بەبۆنەی ڕوکەشی زەمان نەیفرۆشنە نەفس و شەیتان
وەلەهۆنراوەیەکی تریدا ئەڵێت:
هەرچەند بارگران و زەرد ڕوم و نامە ڕەش
کردەوەی لەدەس چوم پڕە لەکەیەو عارو غەش
زۆر هیوای بەگەنج هەبوو وابیری دەکردوەوە ئەبێت گەنج بەباشی پەروەردە بکرێن تا دواڕۆژ کەڵکیان لێ وەر بگیری ئەمانەتی وڵات و کومەڵگایان ڕادەست بکرێت لەدێڕێکدا دەڵێت:
با گەنج عەسابێ بۆ بن باڵی پیر
پیریش چرابێ بۆ گەنج بەتەگبیر
نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکانی لەچوار چێوەی قاڵبی شیعردا و بەسەرهەتێکا دادەڕشت دەرمانیشی بۆ دادەنا، وەک هۆنراوەی زیانی جگەرە کە لەدێڕێکدا ئەڵێت:
لەگەڵ جگەرە خۆر ئەکەومە دەعوا
هەرچی ئەزانم بێ پێچ و پەنا
وەیا باسی خەسارەتێکی ئاژەڵی گوندی ئەحمەد بڕندە دەکات ساڵی1957 زۆر جوان ئەو ڕوداوە دەگێڕێتەوە کەهەموو خەڵکی گوند تێدا بەشدار بوون وەک دەرهێنەرێک هەرکەسەو بەسەرهاتی خۆیمان بۆ نمایش دەکات، هەرکەسە بەرگی شێوازی ژیانی خۆیمان پێ ئاشنا دەکات.
زۆر ڕێزی لەکات دەگرت هەرگیز بەفیڕۆی نەدەدا، ئەگەر بەڕێگایەکا بڕۆیشتایەو بەتەنها بوایە یادی خوای گەورەی دەکرد و قورئانی دەخوێند یان بەو دیمەنانەی دەیبینی ئیلهامی شیعری دەهاتە جۆش و قەڵەم و کاغەزی دەر دەهێناو ڕەش نوسی دەکرد.
هەڵدەگرێ لەسەر ئەم پیاوە زۆر بنوسرێ جێی دەهێڵم بۆ خاوەن قەڵەمەکان ئەوانەی ڕۆژێک بەکردەوەکانی ئاشنایەتیەکیان بوبێت.
✍ علی عبدالقادر عازەبانی[1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/diwany.shexrauf.9=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی تایبەت بە هۆنراوەکانی: شێخ ڕەئوف شێخ لەتیف شێخ مەعرووف نێرگسەجاڕی=KTML_Link_Facebook_End=