ئەمرۆ 19 ئابی 2019، حکومەتی ئەردۆگان لە سێ شاری گەورەی کوردستان، #ئامەد#، وان و #ماردین#، کۆدێتای بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا کرد و سێ کەسی خۆی (قەیوم) لە جێی سەرۆکشارەوانیانی ئەو سێ شارە دانا. ئەم ڕەفتارەی حکومەتی ئاکەپە، ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ و ئەم سیاسەتە هێرشکارییەی ئەردۆگان، جارێکی تر ڕق و کینەی دەولەتی تورکیای بەرامبەر کوردو کوردستان ئاشکرا کرد.
ساڵی 2016 ش بە فەرمانی حکومەتی ئەردۆگان دەست بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا گیراو قەیومەکانی لەجێی سەرۆک شارەوانییەکان دانا. بەڵام لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2019دا، جارێکی تر خەڵکی کوردستان بە دەنگی بڵند سەرۆکشارەوەناییەکانی خۆیان هەڵبژارد و کۆتاییان بە تالان و بڕۆی قەیومەکان هێنا. بۆ ماوەی سێ ساڵ قەیومەکانی حکومەتی ئەردۆگان سامانی شارەوانیەکانیان تاڵان ئەکرد، ماڵ و موڵکی خەکیان بۆ بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان بەکارئەهێنا. خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئازاری 2019دا کۆتاییان بەم نادادییەی حکومەتی تورکیا هێناو جارێکی دی شارەوانییەکانیان کردەوە بە جێگای خزمەتکردنی خەڵک. ئەردۆگان و هاوکارەکانی تەحەمولی ئەو شکستە گەورەیان نەکرد، بۆیە جارێکی تر دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا گرتەوە و داگیریان کردن.
دەمێکی درێژە حکومەتی ئەردۆگان لە هەموو ڕوویەکەوە، هێرشێکی بێسنوور و ناڕەواو دڕندانە ئەکاتە سەر خەڵکی کوردستان. لە ئاسمانەوە بێ پسانەوە بۆردومانی خەڵکی کوردستان ئەکات. هێرشەکانی ئەردۆگان و باخچەلی هەر بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاون. ئێستا ئەیانەوێ بە تەواوی ڕۆژاوای کوردستان داگیربکەن و دەست بەسەر ئیرادەی خەڵکی ڕۆژاواشدا بگرن. لە هەموو هەوڵێکیشدان دەست بەسەر ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستانیشدا بگرن. لەبەر ئەوە پێویستە کوردان ئەم مەترسییەی دەسەڵاتی ئەردۆگان و باخچەلی ببینین و پێکەوە لەبەرامبەریدا بوەستن.
ئەم ڕەفتارەی ئەردۆگان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ئەردۆگان و باچەلی هاوکاری، هەڵمەتی قڕکردنی کورد و کوردستانیان کردۆتە ئامانجی خۆیان و بە کردەوەش دەستیان پێکردووە. لە هەر شوێنێک کوردان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئەو شوێنە ئەبێتە ئامانجی هێرشی حکومەتی ئەردۆگان. ئەم هێرشەی دواییشیان بۆ سەر شارەوانییەکانی ئامەد و وان و ماردین، کۆدێتایەکی گەورەیە بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا. ئەم سیاسەتەش ئەو ڕاستییە دووپات ئەکاتەوە کە ئەوان لەسەر سیاسەتی نادیموکراتی و ملهوڕانەی خۆیان بەردەوامن.
ئەم ڕەفتارانەی ئەوان تەنیا لە دژی ئیرادەی خەلکی کوردستان نین. ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر بزاڤی دیموکراتخوازیی لە تەواوی تورکیا. لەبەرئەوە پێویستە هەموو دیموکراتخوازانی تورکیا، شانبەشانی خەڵکی کوردستان لەدژی ئەم سیاسەتەی ئەردۆگا- باخچەلی ڕاوەستن و لە دژی ئەم هێرشە دڕندانەو فاشیستییە ناڕەزایەتی پیشان بدەن.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بانگی دەوڵەتی تورکیا ئەکەین، کە ئەم سیاسەتە یارکردنە بە ئاگر. ئەبێ بە زووترین کات دەست لە دوژمنایەتی خەڵکی کوردستان هەڵگرن و ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن. ڕێگا بدەن سەرۆک شارەوانییەکانی ئاماد و وان و ماردین لە کارو خەباتی خۆیان بەردەوام بن.
ئەردۆگان و باخچەلی ئەبێ ئەوە بزانن کە قەیومەکانی ئەوان بەهیچ جۆرێک قبوڵ ناکرێن. سەرۆک شارەوانی شەرعیی ئامەد و وان و ماردین هەر ئەوانەن کە لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2019دا بە دەنگی بڵندی خەڵک هەڵبژێردراون.
هەروەها ک ن ک داوا لە دنیای دیموکرات ئەکات خەڵکی کوردستان بە تەنیا جێنەهێڵن. بەرامبەر ئەم نادادپەروەری و ناڕەوایەتییەی حکومەتی ئەردۆگان و باخچەلی بێدەنگ نەبن و گوشارێکی توندیان بخەنە سەر. ئەو ڕاستییەش ببینن کە چەقی کێشە و ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، بە تایبەتیش حکومەتی ئەردۆگانە.
ک ن ک داوا لە خەڵکی کوردستانیش ئەکات کە بە هەموو شێوازێکی ڕەواو دیموکراتیک ناڕەزایەتی خۆیان پیشان بدەن. خاوەندارێتی لەئیرادەی خۆیان و سەرۆک شارەوانییەکانیان بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
19.08.2019 برۆکسل