کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ڕایگەیاند: حەقدەستی فرۆشتنی نەوتی مانگی ئادارمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدەستگەیشتووە.
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی کە لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا دەکات دەڵێت: هاوبەشەکانی تەق تەق بڕی 4 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە و بەشی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لەو بڕە پارەیە 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
هاوبەشەکانی تاوکێ بڕی 34 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە و بەشی کۆمپانیای گە نەڵ ئینێرجی لەو بڕە پارەیە 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بووە.
پێدانی پارەکە بەگوێرەی پێشنیازێک بووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی نێو هەرێمی کوردستانی عێراق نێردراوە کە تێیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی کە تاوەکو ڕۆژی 15ی هەموو مانگێک حەقدەستەکانیان بدات.
پارەی تایبەت بە بەرهەمە زیادەکەی کێڵگەکانی تاوکێ تاوەکو لانیکەم 9 مانگ دوادەخرێت. پارەی پەیوەست بە نەوتی فرۆشراو لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 وە تاوەکو شوباتی 2020 بەبێ ئەوەی سوودی بێتەسەر بۆ لانیکەم 9 مانگ دوادەخرێت.
ئەگەر هاتوو نرخی نەوت بەرزبووەوە و گەیشتە 50 دۆلار، ئەو کاتە بەرنامەی تایبەت بە پێدانەوەی پارە دواخراوەکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پێشوازی لەو ڕێگەیە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەک دایناوە کە لەڕێگەیەوە بەرچاوڕوونی و دەرفەتی پێشبینیکردن بۆ پێدانی پارە دواخراوەکان و پارەکانی داهاتوو، دەڕەخسێنێت و هەروەها پێشوازیش لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێدانی پارە دواخراوەکان لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات.[1]
#17-04-2020#