سەرکار
رەسوڵ بەختیار
خەون و خەیاڵی مرۆڤ وایە، زۆر جار باڵ دەگرێ و دەفڕێ، برێجار، بەئاگادێتەوە و سەیری خۆی دەکات، شریتی ژیانی خۆی بەهیچ دەزانێ.
ئەمە کێشەی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام چۆن هەوڵ بۆ هێنانەدی ئەو خەون و خەیاڵە پڵاوانەی دەدا.
بۆ، بۆ کەسانی دیکە خەونی پڵاو نین و دێتە دی.
هەر چەند لێکی دەدایەوە، لەوە نەدەگەیشت، شاری خەونەکان چی دەگەیەنێ، چ جای ئەوەی، هەرچی کۆمپانێای تیایە، عەرەبی عێراقی و سووری و ئوردنییە، کارمەندەکانیشی بەشی هەرە زۆریان میسری و هیندین، بەردەستەکانیشیان کوڕە ڕەش ئەسمەرە بەنگلادیشییەکانن.
رەنگە هەمووان بمانەوێ نەهێنانەدی خەونەکانمان بخەینە ئەستۆی دەسەڵات.
کێشەکان زۆرن.
سەیرکردنی ئەو تەلارە بەرزانە لەلای ئەو تەنیا لەدراما تورکییەکان دەبیندرا.
نازانم چۆن بۆت باس بکەم، منیش هەمان کێشەم هەیە، بەڵام لەوانەیە بەجۆرێکیتر لێکی بدەمەوە.
تێڕامانی لەخەڵک و تەلارەکان لەلای پۆلیسە پاسەوانەکە بووە، جێگەی گومان، بۆیە بەکوردییەکی شکاو پێیگوت: دەکرێ بزانم بۆ لێرە وەستاوی.
راچڵەکی، چونکە لەماوەی نیو کاتژمێردا لەشارەکەی خۆیدا گوێی لەوشەیەکی کوردی نەبوو، بۆیە بەتەسەوە وەڵامی دایەوە: دیارە تەنیا ئێمە دەبێ ببین بەپاسەوان.
کارەساتە لەشار و وڵاتی خۆت، خزمەت بەبیانی بکەیت، لەتەک ئەوەی ئێمە بەهیچ ڕازی نین، هەردەم گلەیی دەکەین، بۆچوون و قسەکانمان یەک بست ناڕوات.
پاسەوانەکە بەبیستنی ئەم قسەیە ڕەنگی تێکچوو، پرسیارەکەی خۆی لەبیر چۆوە، بەدەنگێکی نووساو گوتی: کار نییە، بەهەزار حاڵ ئەو کارەم دەستکەوتووە.
کەواتە ئەوە شاری خەونی ئەوانە!
لێمگەڕێ، ئەو خەفەتەی لەدڵی مندایە، دەزانم ڕۆژێک دەبێتە جەڵتە و لەپەلوپۆم دەخا..هەرچی سۆزانی بەردەرگای کافتریای لوبنان هەیە، لێرە بوون بەخاوەن کۆمپانیا.
بیرکردنەوە لەو بابەتانە زۆڕ جار ئازارت دەدا و هەموو شتێک لەپێش چاوان ڕەش دەکا، منداڵی و هەرزەکاری خۆت بەبیردێتەوە، شەڕ و کۆچی بێ مانا دەبێتە بەشێک لەبیرکردنەوەت
ئەو شوێنەم جێهێشت، بەڵام وشەکانی ئەو پاسەوانە گەنجە هەردەم لەمێشکمدا دەخولایەوە.
بەرێگاوە بووم، تەلەفۆنێکم بۆ کرا، ئافرەتێک بەعەرەبییەکی لوبنانی قسەی کرد، لەنێوەندی قسەکانیدا بەتەواوی نەیدەویست هەموو شتێک بدرکێنێ، بەکورتی گوتی:تۆ وادەزانی ئێمە گەیشنووین بەشاری خەونەکانی خۆمان، ئەگەر وا تێگەیشتی بەهەڵەداچوویی، ئێمە وەک تەنیا وەک سەرکاڕ و ڕووکەش دانراوین بەمووچەیەکی کەم ڕازی بووینە، دەزانی وەڵاتی ئێمە لەڕووی ئابوورییەوە داتەپیووە، دەنا ئێمەش حەز بەوە دەکەین، لەنێو وڵاتی خۆماندا کارمان هەبێ. -ئێمەش وەک ئێوە لەنێوەندی هەمان کێشەی خەونداین، تەمەن ڕوویی خەونەکانمان نەهاتە دی.[1]