پیراندێللۆ و ژیاندۆستی
#گوڵزار حەمە فەرەج#
پێراندێللۆ چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و شانۆ نووسی ئیتاڵی، لە نووسەرە مەزنەکانی سەدەی بیستەمە، ئەو لەکارەکانیدا بەشێوازێکی سەیر و واقیع و وەهم تێکەڵ بەیەک دەکات، بەڕادەیەک کە خوێنەر ناتوانێ لەیەکیان جیابکاتەوە، پیڕاندێللۆ قوڵایی دەرونی مرۆڤەکان دەجوڵێنێ و وەک هەموو نووسەرێکی مەزنی ئەم سەردەمەمان موخاتەبەی خوێنەری وەک برا دەکرد و بەشداری هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی ژیانی دەکردن، ئەمەش بۆ ئەوەی نووسەر بە تەنها نەمێنێتەوە، چونکە دابڕان و خۆ دورخستنەوەی لە خەڵکی وا دەکات کە نووسەر بە کۆمەڵگەکەی و ژینگەکەیەوە نامۆ بێت، ئەم نووسەرە توانی هەرچی ڕێسای هونەری باو هەیە لە زەمەنەکەیدا هەموویان قڵپ بکاتەوە، چونکە ئەم ڕێسایانە چیرۆکیان خستبۆوە ناو قاڵبی نەگۆرەوە لەلایەکی ترەوە پیڕاندێللۆ بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوە بوو کە فەلسەفە بەسەر ڕۆحی پاڵەوانەکانیدا زاڵ بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو هەموو پاڵەوانەکانی بەشێوەیەکی سروشتی دەردەخست و دەمامکی فەلسەفی پێوە نەدەکردن، ئەو توانی جۆرە نەمەتێکی نوێ لە نووسینی چیڕۆک بخولقێنێیت، پیراندێللۆ توانی بۆنی زەوی سیسیلی بخاتە ناو وشەی ئەدەبی ئیتاڵیەوە، چیتر ئەدەبی ئیتاڵی هەڵگری ڕێچکەی ئەدەبی فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی نەبێت، ئەو قوتابخانەیەکی دروست کرد دەتوانین ناوی بنێنین قوتابخانەی واقعی لەناو چیرۆکی ئیتاڵیدا، هەگبەی پیراندێللۆ لەبواری چیڕۆکدا پڕیەتی لەکاری باش، بەناوبانگترینیان ڕۆمانی (ماتیاباسکاڵ) و کۆمەڵە چیڕۆکی (چیڕۆکێک لە ساڵدایە) ئەم دوانە وایان کرد کەببێتە یەکێک لەناوە مەزنەکانی ئەدەبی چیڕۆک لە ناو ئیتاڵیادا، هەمیشە بەرهەمەکانی پیراندێللۆ گوزارشت بوو لە حەزێکی گەورە بۆ گۆڕانی بەردەوام، ئەمەش بۆ ئەوەی بگەن بەو کەناراوانەی کەهەست بەگەیشتن بە هەقیقەت دەکەن، هەموو ئەدیبێک دەرئەنجامی ئەو ژینگەیە کەتێیدا ژیاوە، چونکە ئەدەب هەر لەخۆڕا لەدایک نابێت و هیچ ناچێتەبعەقڵی کەسەوە کە بەرهەمی ئەدیبێک لەسەحرایەکی وشک بەرهەم هاتبێت، بەم شێوەیە کە پیراندێللۆ کوڕی دورگەی سیسیلیایە، ئەو شوێنەی کە هەمیشە بەرهەڵمەتی داگیرکاری یۆنانی کۆن (گریک) و قرتاجییەکان ڕۆمان و پاشان عەڕەب و نۆرمەندییەکان، هەموو ئەمانە پێش ئەوەی بێتە ئیتاڵیا، ئەم شوێنەش گاریگەری گەورەی لەسەر هزر و کارەکانی ئەم نووسەرە داناوە، پیراندێللۆ بە تواناترین نووسەر بووە کەتوانیویەتی گاڵتە ئامێزی و قسە خۆشی لەکاری داهێنەرانەدا بەکار بهێنێت، پیراندێللۆ لەپاش خۆی بۆ کتێبخانەی جیهانی سی و پێنج کورتە چیڕۆک و حەوت ڕۆمان و چل شانۆگەری و کۆمەڵێک کاری فکری و داهێنەرانەی بەجێهێشتوە.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 791 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!