گرتن و کوشتنی کادرانی کۆمەڵە بە تۆمەتی ئاڵای شۆڕش
گرتن و کوشتنی کادرانی کۆمەڵە بە تۆمەتی ئاڵای شۆڕش و بە پیلانی نەوشیروان مستەفا ئەمین، که لە سەرەتادا پەنای بردە بەر فەریدوون عەبدولقادر کە نامیلکەیەکی نووسی و باسی پارتی پێشڕەوی چینی کرێکار لە کوردستاندا دەکرد و بۆ لێدانی نامیلکەیەکی سالار عەزیز بوو که بە عە ڕەبی نووسیبووی. سالار عەزیز به خۆی و چەند پێشمەرگەیەکەوە لە پاڕەزان دانیشتبوون و ناوێکی خراپی هەبوو لەناو هێزی پێشمەرگەدا، وەک هەڵسوکەت و مامەڵە خۆشەویست نەبوو. بەو شێوەیە سالار عەزیز و فەریدوون عەبدولقادر سەدەها کەس ماڵوێران دەکەن به ناوی ئاڵای شۆڕش و کوردستانی، سەدەها گەنج دەخەنە گێژاوی به ناو زۆرانبازیی فیکری مارکسیزم-لینینزم و دووبەرەکی دەخەنە ناو کۆمەڵەوە، ناو ئەو گەنجە خەونبینەرانەی هاتبوونە شاخ و ماڵ و خوێندن و ژیانی شاریان بەجێ هێشتبوو، یان ئه و ڕێکخستنانەی گەر بەردەست بکەوتنایه، له ژووری ئەشکەنجەی ڕژێمی بەعسدا لە قیمەیان دەدا ن و لەتوپەتیان دەکردن و دەیاندان لە کارەبا و ئوتوویان لێ دەدان و بوتڵیان تێ دەبڕین و... هتد. هەندێک به ناو ئەو سەرکردانە هەموو ئەم کوشتارە ناوخۆییەیان هەڵگیرساند لەناو خودی کۆمەڵه، بۆ لێدانی ئه و ڕەوتە چەپە هێمنە موفەکیرە بوو که شەهید ئارام بڕوای پێی بوو. ئارام و قارەمانەکانی تر شەهید بوون و ماڵئاوایی هەتاهەتاییان لێ کردین، کەچی کەسانێک بە مردنێکی ئاسایی لەسەر پێخەفی خەستەخانەی وڵاتانی هەندەراندا کۆچی دواییان کرد و دوای خۆیان ملیۆنەها دۆلاریان بۆ کچ و کوڕەکانیان جێ هێشت. هەردوو شۆڕشگێڕە مارکسییە-لینینییە دژبەیەکەکەش (سالار عەزیز و فەریدوون عەبدولقادر) و سەرکردەکانی دیکەی هەردوو بەرە دژبەیەکەکە دەرکەوتن، کە هیچی تر نین جگە له کۆمەڵێک ملیۆنەر و گیرفانپڕ نەبێت، کە سوودمەندی ئەم زۆرانبازییانە بوون وەک ئەوەی ئەم زۆرانبازییە سەرمایەیەکی باش بووبێت و هەریەکە و بە جۆرێک پێی بووبێت بە ملیۆنەر و کە دەشمرن؛ ملیۆنان دۆلار بەجێ دێڵن بۆ منداڵە چڵێسەکانیان و منی کادر و پێشمەرگەی فەرماندەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و هاوسەنگەرانی تری ڕۆژگاری سەختی پێشمەرگایەتی، دەبێت خەون بەوەوە ببینین شارەوانی بماننێژێت و تێچووی گۆڕەکانمان شانی منداڵەکانمان لەوە قورستر نەکات کە نەمانتوانی هیچیان بۆ بەجێ بهێڵین، جگە لە چیرۆکی خەباتی خۆمان نەبێت کە کۆمەڵێک بازرگانی جەنگ و شۆڕش بەرەکەیان چنیوەتەوە. ئێستا ئاوڕ له و زەمەنە دەدەمەوە، چەند ڕاستییەکم بۆ دەردەکەوێت که دەمەوێت بێ پەردە باسی بکەم. دیارە ئەمە شرۆڤەی خۆمە و ئەزموونی خوێندنەوە و ژیان و کامڵیی تەمەنمە، ئێستا دەتوانم تەواوی دیمەنەکەی ئەوسا شی بکەمەوە، من لێرەدا تەنها باسی کۆمەڵە دەکەم، له ڕاستیدا لەدوای شەهیدکردنی وریا ڕەش به و شێوە قێزەوەنە، زنجیرەیەک گرتن و کوشتن لەناو شۆڕشدا دەستی پێ کرد و درێژبوونەوەی هەبوو تاوەکوو ساڵی 1989 که وەک حەملەی تەسفیە وەها بوو، بەتایبەت هەندێک کادری ئاڵای شۆڕش وازیان هێنابوو و چووبوونەوە شار و شۆڕشیش هەمووی لە ئێران بوو، کەچی لێرە و لەوێ دەیانکوشتن و بەدویانەوە بوون! له و زەمەنەدا حکومەتی بەعس زۆر بەهێز بوو، وەک ئەوەی بەبەر چاوی ئیستخباراتی عێراقییەوه ئەم تیرۆرانەی ناوشار ڕوو بدات یان ئەوان بۆیان بکەن، بەو شێوەیە دەهاتە بەر چاو. ئه و جووڵەیەی لەپێش ساڵی (1986)ەوە گەر ئاسان بووبێت، ئەوا دوای ئه و مێژووە و بەتایبەت لە ساڵی 1988 بەدواوە ئاسان نەبوو. من لێرەدا خۆم دەپارێزم لە ناوهێنان و برینی کۆن هەڵنادەمەوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم قۆناغە و بەرچاوڕوونیی هەموو لایەک وەک چۆن عەرەب دەڵێت شاهد علی العصر، سەرنجەکانی خۆم لێرەدا ڕوون دەکەمەوە. ئێستا که بیر دەکەمەوه، ئه و پرسیارە دەکەم: ئایا نەوشیروان مستەفا نەیدەزانی گەر بەم جۆرە توندوتیژییه؛ جیاوازییە فیکرییەکان لەناو کۆمەڵەدا یەکلا بکاتەوە، کاریگەریی دەبێت لە سەر کۆی ڕێکخراوەکە وەک ڕێکخراوێکی چەپ که جگە لە ئەرکی سیاسی، خەباتی چەکداری لە دژی شۆڤێنزمی بەعسی لە ئەستۆدایە؟ بەتایبەت هەمووان باش دەزانین یەکێتی خۆی هیچ نەبوو بەبێ کۆمەڵە، جگە لە قاوغێکی بەتاڵ، چونکە سەرتیپەکان، کادێرەکانی، ڕێکخراوی شاری و کۆی یەکێتی له سەددا نەوەد؛ کۆمەڵە بوو. کۆمەڵە بۆ یەکەم جار خەباتی پارتیزانیی گواستەوە دەشتی تەخت، کە ئەمە له مێژووی پارتیزانیدا دەگمەنە، چونکە پارتیزانی یان لەناو دارستاندا دەکرێت که چڕە و دنیایەک شوێنی جووڵە و خۆحەشاردانی تێدایە یان له شاخ، بەڵام تیپی بیست و یەکی کەرکووک و پێشمەرگەی دەشتی هەولێر له ئەزموونێکی بێوێنەدا بوون، شەڕی حەمەک لە ڕووی سەربازییەوە یەکێکە لە شەڕە نابەرامبەرەکان کە شەهید مامەڕیشه و هاوڕێکانی به چەند پێشمەرگەیەکەوە تەوقێک دەشکێنن، لە حساباتی عەسکەریی هەموو دنیادا کارێکی ئەستەمە. بەگشتی وەک نەوشیروان مستەفا خۆی گوتی: ئێمە بەهێزترین ڕێکخراوی مارکسی-لینینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە خاوەنی ئه و ژمارە و چالاکییە بێوێنانە بین له هەموو ڕوویەکەوه. نابێت ئەوە لەبیر بکەین که جەبهەی شەعبی فەڵەستینیی نایف حەواتمە (نایف حەواتمە سکرتێری گشتیی بەرەی دیموکراتی ڕزگاریخوازی فەڵەستینە) و باڵی چەپی مونەزەمەی تەحریری فەڵەستینی ئەزموونی خۆیان هەبوو، بەڵام ئەمانە میلشیاتی ناو لوبنان و شارەکان بوون، ئەزموونێک نەبوون لە خەباتی پارتیزانی. لێرەوە لەو بڕوایەدا نیم نەوشیروان مستەفا ئەمین کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو، کاریگەریی نێگەتیڤی ئه و کوشتنانەی نەزانیبێت کە دەیکردن له دژی کادر و پێشمەرگەکان لە شاخ و خەتی شەهید ئارام لە کۆمەڵەدا، له و بڕوایەدا نیم نەیزانیبێت کە ئەم کارانە ڕێکخراوەکە دادەڕزێنێت و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەش لاواز دەکات. نەوشیروان مەستەفا مرۆڤێک نییە دووریی شتەکان هەڵبسەنگێنێت و چارەسەری گشتییان بۆ نەدۆزێتەوە.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,451 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!