$مەرگی عومەر ڕەزا چیمان پێدەڵێت$
#ئیدریس مستەفا#
دەنگی کوردی ڕادیۆی بەغدا و سنە و ستۆدیۆکانی کرماشان و تاران کە گۆرانی کوردیان لێ تۆمار دەکرا لە سەدەی ڕابردوودا بوونە هۆی لە دایکبوونی یاخود بڵێم بونەهۆی نەمردنی چەندان دەنگخۆش و گۆرانیبێژی و هونەرمەندی کورد. عومە ڕەزا یەکێک بوو لەو گۆرانی بێژانەی لە ڕادیۆی دەنگی بەغدا چەند گۆرانیەکیان بۆ تۆمارکرد و ئەمێستاکەش تام و چێژی خۆی نەک هەر لە دەستداوە بەڵکوو تامەزرۆتر دەبین بۆی کاتێک دەبینین لە سایەی حوکمی کوردیدا هونەر و ڕەسەنێتی مانایەکیان نەماوە و ئەوانەشی ئەو خزمەتەیان کردووە لە تاو بێ مانایی ئەم دەورەیەدا کز و کەساس لێی دانیشتوون وەک وێنەکەی عومەر ڕەزا. ئەوانەشی دەنگی ڕەسەن و هونەریان هەیە ناتوانن یاخود ناهێڵن بە دیار بکەون. ڕەسەنێتی ئەو گۆرانی و کارە هونەریانەی کە لەوێوە تۆماردەکران و پەخش دەکران بە نەمری ماونەتەوە تاکو ئەمڕۆکە. خەڵک هەبوون لەو دەمانەدا ڕەخنە، تانە و تەشەر یان بێ هەڵوێستی یاخود ئەوانەی لەو دەزگایانەدا کاریان دەکرد و بگرە گۆرانیشیان بگوتایە بە ناپاک یاخود بە ناکورد یان بەعسی لە قەڵەم دەدران گوایە لەژێر دەسەڵاتی بەعس یان شا و ئێستای کۆماری ئیسلامیدا کاردەکەن. بەڵام، ئێستا لەهەر کات زیاتر دەرکەوت ئەوانەی لەو سەردەمەدا کردیان شۆڕشێک بوو لە گۆرانی گوتن و هونەری کوردیدا کە دووبارەبوونەوەیان مەحاڵە. ئەو دەم هیوا و خەون هەبوون، کۆمەڵگەیەک هەبوو پێی دەوترا کوردەواری. لەگەڵ هاتنەوەی حزبی کوردی و دەسەڵاتی کوردیدا ئەو خەون و هیوایانە هەپروون بە هەپروون بوون. ئەو هەڵایسانە هونەری و میوزیکیەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گڕی بەهێزی خۆیدایە گەر دوو سبەی حوکمی کوردی لێ درووست ببێ دەکوژێتەوە و هەر وەک باشووری لێ دێت. دەڵێی چی چارەنووسی ئێمەی کورد واهاتووە کە گەشە و زیندوو ڕاگرتنی ئەدەب و هەنورەکەت لەژێر دەسەڵاتێکی داگیرکەردا باشتر گەشە دەکات و لەژێر دەسەلاتی حوکمە خوماڵیەکەی خۆیدا لە ناودەچێ یاخود نابود دەبێ. لە چەندان بۆنە و پەیوەندیدا بە هاوڕێ و دۆستانی ڕۆژەهەلاتیم گوتووە تا دەتوانن خەریکی بەرهەمی هونەری بن چونکە گەر سبەینێ دەسەڵاتێکی کوردی وەک بەشەکەی لای ئێمەتان بۆ قوت بێتەوە ئەوا هەرچی بەهرە و جوانی و ڕەسەنێتی هونەر هەیە نامێنێ. لە یەکێک لە بۆنەکانی دەرەوە، بە یەکێک لەسەرکردەی دوو حزبە گەورەکەی ڕۆژهەلاتم گوت: ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە کە ئێوە لە ڕۆژهەڵات دەسەڵات بگرنە دەست شەڕی یەکتر نەکەن و وڵات بەرەو چارەنووسی وەک باشوور نەبەن؟ وتی: لە سیاستەدا هیچ زەمانەتێک نیە!. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 701 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!