ژنێک هەمیشە دڵی لای جەلالەدینی ڕۆمییە
#گفتوگۆ لەگەڵ ئەلیف شەفەق دا#
ڕانانی: ئیدریس عەلی
یەکێکی دیکە لە پەڕتووکە دانسقەکانی #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#، بریتییە لە پەڕتووکی (گفتوگۆ لەگەڵ ئەلیف شەفەق دا) و لەلایەن عەزیز ڕەئوف ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم پەڕتووکە بریتییە لە وتووێژێکی فرە ڕەهەند، لەگەڵ ئەو ژنە ڕۆمانووسە تورکییەدا، کە لە ئێستادا یەکێکە لە دەنگە دیار و کۆڵەکە پتەوەکانی ئەدەبی تورکی و لەسەر ئاستی جیهانیشش، بەهۆی وەرگێڕانی ڕۆمانەکانیەوە، بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، ناوبانگێکی گەورەی هەیە و جگە لەوەی کە وەک نووسەرێکی کاریگەر ناسراوە، هاوکات وەک کەسێکی فیمینیست، هیومانیزم، سۆفی و ڕۆحانی، هەم نووسین، هەم خاوەنی دونیابینی و تێگەیشتنی قووڵی خۆیەتی، ئەم چەمکانەش بە تەواوی بەسەر ڕۆمان و نووسینەکانیەوە ڕەنگی داوەتەوە، بە دیاریکراویش هەردوو پەڕتووکی (زۆڵەکەی ئیستەنبووڵ و چل ڕێساکەی عەشق) کە تێمای گشتیی یەکێکیان، سەبارەت بە دونیای تەسەوف و عیرفانیی مەولانا و شەمسە، ئەوی دیکەیان سەبارەت بە کوردە، هاوکات بەرگریکارێکی لێبڕاوی مافەکانی مرۆڤ و دوژمنی سیاسەتی جوداخوازی، ئاپارتاید، چەوساندەوەی کەمەنەتەوەییەکان و ڕێزگرتنە لە فرۆڤ لەدەرەوەی چوارچێوەی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگە لە تورکیا، هاوکات لە زۆر هەڵوێستدا، بەرگریی لە کورد و ئەرمەنەکانی تورکیا کردووە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم پەڕتووکە، جگە لە پێشەکییەکی کورتی شاعیر و وەرگێڕ (دلاوەر قەرەداغی) ئەم ناونیشانانەشی لەخۆ گرتووە: ئەلیف شەفەق کێیە؟ چیرۆک و یادەوەریی منداڵی، ژن و خوێندنەوە، چیرۆک و شتە بچووکەکان، ئەدەب و چیرۆک، پۆپۆلیزم خوشکایەتی و مافەکانی ژن، سەردەمی نائومێدی، چل ڕێساکەی عەشق، ئەدەب و عەشق، چیرۆک لە سەردەمی کۆرۆنادا.
بێگومان گرنگیی ئەم جۆرە وتووێژانە لەوەدایە کە دیوی ناوەوە و پنتە پەنهانەکانی ژیانی داهێنەرانمان بۆ ئاشکرا دەکەن، پەردە لەسەر ئەو نهێنیانە هەڵدەماڵن، کە نووسەر لە هیچ کام لە بەرهەمەکانیدا دەستی بۆ نەبردوون و ئاشکرای نەکردوون، پرسیاری ورد و بە سەرنج، وەڵامی قووڵ و فرەلایەنی بەرهەمدەهێنێت، جا ئەگەر بێتو کەسی پرسیارکەر، باکگراوندێکی ڕۆشنبیریی هەبێت و بە وردی و سەرنجەوە، بەرهەمەکانی ئەو کەسەی خوێندبێتەوە کە وتووێژی لەگەڵدا دەکات، یاخود شارەزای ژیان و سترەکچەر و پەیوەندی و دونیای پڕ لە سیحر و نهێنی کەسی بەرانبەری بێت، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەک، دەتوانین بڵێین کە ئەو وتووێژە، جگە لە ئاستی چێژبەخشین، لەسەر ئاستی زانیاریش، خەیاڵی خوێنەر دەوڵەمەند دەکات.
بێگومان دەتوانین بڵێین ئەم پەڕتووکە و وتووێژەکانی نێو پەڕتووکەکە، لە جۆری ئەو پەڕتووکانەن کە خوێنەر دەتوانێت لە هەر کات و قۆناغێکی ژیانیدا، بیخوێنێتەوە و هەر جارە و بەر کۆمەڵێک زانیاری و ڕۆشنبیری و چێژ بکەوێت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، وتووێژەکە لەگەڵ خانمە ڕۆمانووسێکی بەناوبانگدا ئەنجام دراوە، کە ئێمە پێشتر بەهۆی وەرگێڕانی ڕۆمانەکانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی، شارەزای دونیای ئەدەبی و خەیاڵ و تەکنیک و زمانی شیعری و ئەفسوونی گێڕانەوەکانی بووین، بە دیاریکراوی ڕۆمانی (چل ڕێساکەی عەشق) کە دەشێت بە جوانترین ڕۆمانی ئەلیف شەفەق ناوزەد بکرێت.
وتووێژەکە بە شێوەکی گشتی لە یەک بازنەی دیاریکراودا قەتیس نەکراوە، بەڵکوو کۆمەڵێک بازنە و قۆناغ و پانتایی فراوانی گرتووەتەوە، هەر لە سەردەم و قۆناغی منداڵییەوە، تا سەرەتاکانی ئەزموونی نووسین و ئاشنابوونی بە پەڕتووک و خوێندنەوە و گەیشتن بە ناوبانگ، ئەلیف لەم پەڕتووکەدا گەلێ نهێنیی ژیانی خۆی ئاشکرا دەکات، باسی ئەو سەردەمە دەکات کە منداڵ بووە بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکییەوە، لەگەڵ دایکیدا، لە وڵاتی فەڕەنساوە، کە زێدی لەدایکبوونی بووە، گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەگەڵ دایکیدا لە ماڵی داپیرەی منداڵییەکی پڕ لە دەرد و ڕووداو و غەم و تەنیایی و ترسناک ژیاوە، بەهۆی ئەوەی داپیرەی ژنێکی جادوباز و فاڵگرەوە و ترسناک بووە.
لە ڕێی ئەم پەڕتووکەوە خوێنەر ئاشنا دەبێت بەوەی ئەم خانمە داهێنەرە، لە ڕۆژگاری سەختی منداڵیی خۆیدا، ئەو ترس و دڵەڕاوکە و تەنیاییەی کە وەک فۆبیا و مۆتەکە، ئاوقای ڕۆحی بوون، لەنێو لاپەڕەی پەڕتووکەکاندا ڕەواندوونیەتەوە و پەڕتووکی کردووە بە تاکە چارەسەرێک، بۆ خۆ دۆزینەوە و چوونە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی ژیان.
ئەلیف شەفەق ڕۆماننووس و نووسەری بە توانای تورکی لەدایکبووی ساڵی 1971ی وڵاتی فەڕەنسایە، تەمەنی هەرزەکاری لە شاری مەدریدی وڵاتی ئیسپانیا بەسەربردووە، پاشان لەگەڵ دایکی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی تورکیا، کاتێک تەمەنی یەک ساڵان بووە، دایک و باوکی جیابوونەتەوە، دایکی ئەرکی پەروەردە کردنی کەوتووەتە ئەستۆ، هەر بۆیە ناوی دایکی “شەفەق” وەکوو پاشگریی ناوەکەی هەڵگرتووە، جیابوونەوەی دایک و باوکی کاردانەوەی زۆری لەسەر کەسایەتی هەبووە، زۆر بە کەسایەتی دایکی سەرسام بووە هەر ئەمەش وایکردووە کە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بێت لە مافەکانی ژنان.
یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی “شاراوە” لە ساڵی 1998 بڵاوکردووەتەوە و خەڵاتی ڕۆمی بۆ باشترین بەرهەمی ئەدەبی تورکی پێ بەخشراوە، ڕۆمانی “چاوتێبڕین” خەڵاتی باشترین ڕۆمانی یەکێتیی نووسەرانی تورکی بەدەست هیناوە، لە ساڵی 2000، ئەمانە و چەندین خەڵاتی تری نێوخۆیی و جیهانی گرنگی بەدەست هێناوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دکتۆرای هەیە لە زانستە سیاسییەکان، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە لەسەر جێندەر و ژنان.
“ژنان مەزنترین کەسن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان” ئەمە وتەی ئەلیف شەفەقە، فێمینیزمە و باوەڕی بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بوێرانە لەسەر کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان نووسیویەتی و داکۆکی لە مافی ژنان کردووە، بە ڕوونی ئەم چەمکە بە نووسینەکانیەوە دیارە، بابەت و ناوەرۆکی بەرهەمەکانی بە زۆری لە چەشنی عیرفانییەت و سۆفیگەرییە، زۆر کاریگەرە بە مێژووی کۆنی تورکیا.
هەروەها ئەلیف شەفەق باس لەو چینوتوێژانەی کۆمەڵگە دەکات کە ژێردەستە و ستەملێکراون، هەروەکوو لە “ڕۆمانی شەڕەف” کارەکتەرە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە کوردن، هەروەها ڕۆمانی “زۆڵەکەی ئیستەنبوڵ” باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان دەکات، هەر بۆیە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە و بەرهەڵستی کراوە. [1]