ئەدەبی زیندان؛ وەک خوڵقێنەری هۆشیاری دژ بەستەمکاری
#13-07-2023#
حەکیم عەبدولکەریم
یەکێک لەو کەلێنانەی، من لە ئەدەبی کوردیدا دەیبینم، لاوازی ئەدەبی زیندانە، لەچاو نەتەوەکانی دیکە؛ لەکاتێکدا مێژووی هاوچەرخی کوردی تژییە لە زیندان و ئێمە زۆرترین کەسمان زیندانی کراوە، بەسەدان تێکۆشەریشمان لەسێدارە دراوە، ئەمە بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان درووستە.
ئەوەی من مەبەستمە بیخەمە ڕوو، لەم ماوە دواییدا زۆرترین ئەو دەقانەی سەرقاڵی خوێندنەوەی بووم لەبارەی زیندانەوە بووه، چ وەک بیرەوەری مێژوویی زیندانیکراوانی نەتەوەکانی دیکە، چ وەک دەقی ئەدەبی لە بواری زینداندا. زۆربەی ئەو دەقانەش کە دەچوونە خانەی بیرەوەریی خەڵکانی خەباتکاری نەتەوەکانی دیکەوە لە ئاستی دەقێکی ئەدەبی مەزندا بوون، خەم و ئازار و ئەشکەنجە و ستەمەکانیان کردبوونی بە ئەدیب و بیرەوەرییەکانیشیان بە دەقی ئەدەبی ناوازه.
هەروەک بە چاوگێڕانەوە بە بەشی زۆری ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی گرتن و زیندانیکران بووبوونەوە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووی خەباتی کورددا، دەتوانین بڵێین بەشی زۆریان بەتایبەت لە سەردەمی بەعسدا، لە چینە نەخوێنەوارەکان بوون ئەوانە بوون کە ئاستی خوێندنی هەتا ناوەندییان هەبووە؛ کەمبوون ئەوانەی کە لە زیندانبوون ئاستی خوێندەواری بەرزیان هەبووبێت، یاخود هۆشیاری و ئاستی ڕۆشنبیری هێندە بەرز بووبێت بتوانن کە ئەرشیفی ژیان و سەربوردەی ناو زیندانییان بکەن بە دەقێکی ئەدەبی ئیتر هەر ژانرێکی ئەدەبی بێت، شیعر، چیرۆک یان ڕۆمان. ئەمە جگە لەوەی کە ئاستی خوێندەوارییان هیچی لەوە کەم نەکردبووەوە کە خەڵکانی ئازا و جەسوور و قارەمان بن و تا ئاستی تەحەدای ستەمکار ئامادەبن بۆ ڕادەست نەبوون و شەهیدبوون. کورد سەدان هەزاران ژن و پیاوی قارەمانی هەبووە کە بەشێکی تەمەنیان لە زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا بەسەر بردووە و ئێستەش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەیان و سەدان هەزار کورد هێشتاکە لەبەر تێکۆشانیان بۆ مافەکانی کورد لە زیندانەکانی هەردوو ڕژێمی تورکیا و ئێراندان. بەڵام هێشتاکە پەڕتووکخانەی کوردی هەژارە لە بوونی پەڕتووک لە بواری زینداندا، دەقی ئەدەبی زیندان هێشتاکە ژمارەیان لە پەنجەکانی دوو دەست تێناپەڕێت.
بەڵام کاتێک تەماشای پەڕتووکخانەی نەتەوەکانی دەوروبەرمان دەکەین، گەرچی ژمارەی زیندانیان و مێژووی بەرگری و خەباتی سیاسی ئەوان لە ساڵ و ژمارەشدا کەمتر بووبێت لە ئێمەی کورد: بەڵام دەوڵەمەندن بە ئەدەبی زیندان و توانیویانە ئەو ستەمکارییەی کەدەرهەقیان کراوە لەلایەن داگیرکەرانی کۆن (ئیمپریالیزم) و ستەمکارانی ناوخۆییان بخەنە بەر دیدی خوێنەرانی نەوەی نوێی وڵاتەکانیان. بەڵام لای ئێمە مەخابن ئەو مێژووی بەرگری و گیان بەختکردنەی سەردەمی داگیرکەرانمان نەخراوەتە ناو پەڕتووکخانەی کوردی.
دەوڵەمەندی فەرهەنگی لە بواری زیندان و ئەشکەنجە و سیستەمەکانی سەرکوتی دەوڵەتان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی باش درووست بێت لەبارەی ستەمکارییەوە، هەروەک دەکرا ببێتە ڕێگر لەوەی ئێمەش بە هەمان شوێن پێی داگیرکەراندا بچینەوە، ئەگەر زیندانییانی کوردستان و ئەدیبەکان پەڕتووکخانەی کوردییان پڕ بکردایەتەوە لە پەڕتووکی شایستە لەبارەی زیندان و ئامرازەکانی دەوڵەت بۆ سەرکوتی خەڵکانی ئازادیخواز، دەکرا ببێت هۆی ئەوەی هۆشیارییەکی وای بهێنایەتە ئاراوە کە ڕێگری لەوە بکردایە کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا زیندانی سیاسی هەبن و زیندان وەک ئامرازێکی سەرکوتی ئازادی بەکاربهێنرایە، بەڵام مخابن سەرەڕای بوونی هەزاران بەسەرهات و چیرۆکی نەنووسراوی زیندانی، دەقی مەزنمان لەبارەی زیندانەوە نەنووسی و حکومەتی هەرێم و حزبە پێکهێنەرەکانیشی شوێن پێی داگیرکەرانی کوردستانیان هەڵگرت و بەهەزاران خەڵکیان لە حزبە ڕکابەرەکانیان لە ماوەی سی و دوو ساڵی ڕابردووەوە خستە زیندانەوه، بەم دوایانەش نەریتێکی تریان داهێنا ئەویش زیندانیکردنی خەڵکانی سەربەخۆی ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانه.
کە ئەگەر جاران ئەدەبی زیندان یان گێڕانەوەی زیندانمان هەبوبێت گەر لەئاستێکی کەمیش دابوبێت؛ ئەوا ئەمڕۆ دەبێت لەبری سەروەری وشانازی بۆ تێکۆشانی ڕابردوی زیندانیانی سیاسی دژ بە داگیرکەران، ئەوا لەمڕۆ بەدواوە دەبێت ئەدەبی بەراوردکاری لەنێوان زیندانی داگیرکاران و ئەوەی پێی دەڵێن ستەمکارانی خۆماڵی بنووسین! کە زۆر بە نووسین و لێکۆڵینەوە لەبارەی بەراوردکردنی هەردوو سیستەمی زیندانیکردن و ئەشکەنجە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان و حزبە کوردییەکانەوە، ئارەقی شەرمەزاری دەڕێژین، بەتایبەت کاتێ بەراورد
دەکەین لەنێوان ئەشکەنجە و شێوازەکانی ئەشکەنجە و ماوەی مانەوەی بێ دادگاییکردن لەنێو زیندانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەعس و ڕژێمە داگیرکەرەکانی تری کوردستاندا.
بێگومان ئەم دۆخە گەر وا بەردەوام بێت، مێژووی حکومڕانی کوردی لە لای نەوەی نوێی کورد دەبێتە مێژوویەکی چارەگران و نەفرەتلێکراو.
لەم ڕۆژانە یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کوردیی هەندەران سازدابوو، بیستنی چیرۆکی ئەو زیندانییە کوردەی بێتاوانەی ژێر دەسەڵاتی زەرد، یەکجار ناخ هەژێن و وەڕس کەربوو، هەروەک هەڵگری دەیان پرسیاری بێ وەڵام بوو کە ئەگەر خاوەن میللەتێکی زیندوو دامودەزگایی دادوەری سەربەخۆ و دەزگای مەدەنی بەهێز بووینایە هەژانێکی گەورەی درووست دەکرد و حکومەتی هەرێمی ناچار بە لێپرسینەوە و دەست لەکارکێشانەوە دەکرد، تەنیا چیرۆکی ئەشکەنجەی ئەو هەڤاڵانەی بادینان دەبوو هەژانێکی ئەخلاقی و یاسایی درووست بکردایە لە لای دەزگای مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان و جیهاندا وەلێ وەک ئەوەی هیچ نەبوبێت تێپەڕی! حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبەرئەوەی هیچ چاودێڕێکی بەسەروە نییە بێگومان بە پێویستیشی نازانێت ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدات.
هەروەک هەواڵی مانگرتنی هەردوو زیندانی سیاسی باکووری کوردستان (موزڵوم داغ و عەبدوالڕحمان ئەر) لە زیندانەکانی حکومەتی هەرێم پێدەنێتە زیاتر لە (50) ڕۆژ. زیندانی کردنی ئەم دوو کوردەی باکوور ئەگەر ڕەوایەتی پێبدرێ ئەوا مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد هەمووی مەحکوم دەبێت بەتاوانکاری، کە ئەمە مەترسییە لەسەر مێژوو خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی ڕابردومان و سەرئەنجامیش هەموومان لەهەر ساتێکدا بێت مەحکومین بە زیندانیکردن، وەک موزڵوم و عەبدوالڕحمان.
بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو گرتن و زیندانیکردنە ناحەقانەی دەسەڵاتی بێ چاودێری باشوور و وازهێنان لە شوێنپێهەڵگرتنی داگیرکەرانی کوردستان، پێویستە لە باشووردا مەودای ئازادی سیاسی و بیرکردنەوە فراوانتر بکرێت، دەزگای سەربەخۆیی مافی مرۆڤ دابمەزرێنرێت، کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بەهێزتر بکرێت، ڕۆشنبیرانیش هەروەک گرامشی پێناسەی کردووە بە ئەرکی سەرەکی خۆیان هەستن لەبەرگریکردن لە کۆمەڵگە. هەروەها ڕەچاوی ئەو ڕوانینەی ئەڵتۆسیر بکەن کە دەڵێ: ڕۆشنبیر کە سلبی بوو یان دەبێت بە بوقژەنی ئایدۆلۆژییای دەسەڵات یان نووسەر تەنیا دەبێتە گێڕەرەوە، هەروەک ئەوەی ئیدوارد سەعییش دەڵێت: ڕۆشنبیر دەبێت بەرانبەر بەدەسەڵات بوەستێت بە ڕاستینەی کردارکانییەوە.[1]