لە مەرگەساتی نێوان دوو ڕووداوی لە دایکبوون و مردندا،
ژیان کەپری ژێر تەرزەیەکی ناوەختە و
منیش نەوەی بێ ئاگری زەرتەشتی پیر.
هیچ کەس نییە بڕوا بکا،
ئەم مەشغەڵە بێ ئاگرە سەراوەژوو هەڵواسراوە،
ڕۆژێک گڕکانی ئاگر و
ئەم خۆڵەمێشە ڕەشپۆشەی
وا خەریکە کفنی بەفر، غەمناکانە دایدەپۆشێ
ڕۆژێک سەکۆی سەمای کچی ئاور بووە.
لە تەنیایی بەربەرین و بێ بڕانەوەی ڕۆحی خۆمدا
دەتلێمەوە،
هیچ کەس نییە خەونەکانم بڕوا بکا و
من دەترسێم با و بۆران
شانازیی سەر کێلەقەبری پێشینیانمان بسڕنەوە.[1]
هۆنەر: #مارف ئاغایی#
پەرتووکی: #زەوی سەخت و ئاسمانی دوور#
ساڵی: 1996